Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 2 OCT 2026 00:55 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

عەبدولحسێن شەعبان: کێشەی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لە سنووری دادگای فیدڕاڵی گەورەترە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- بیرمەندێکی ناسراوی عەرەب باس لەو گرفتە سیاسی و ئەمنیانە دەکات کە ڕووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کێشەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا زۆر لە سنووری دادگای فیدڕاڵ دوورتر و گەورەترە دەشڵێ، ناکرێ مووچە و بوودجەی ھەرێم بخەنە نێو ململانێ و کێشمەکێشی سیاسییەوە، چونکە ئەمە سەرپێچییە و یەکێتیی نیشتمانیی وڵات و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و کورد ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە".

بیرمەندی ناسراوی عەرەب، دکتۆر عەبدولحسێن شەعبان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، دەڵێت: "بەردەوام ھەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و بێ یاسا بەدەستی گرووپە چەکدارەکانەوە، چ گرووپی سیاسی یان ئایینی یان تایفەگەری یان عەشیرەتگەری بن، زیانێکی زۆر بە ناوبانگی دەوڵەتی عێراق دەگەیەنێت، کاتێکیش حوکمی یاسا نامێنێت دەسەڵاتی دەوڵەت لاواز دەبێت".

لە بارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە دژی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر عەبدولحسێن شەعبان، ئەوە دەخاتەڕوو: "مەوداو سنوورێکی زۆر ھەیە لە نێوان ئێمە و حوکمی یاسادا، بەتایبەتیش لە سایەی ئەو گوشارە سیاسییانەی سەر دادگا، ھەر لایەنێک بۆ خۆی ڕایدەکێشێت، لەگەڵ ئەوەشی کە ھەموویان ددان بە دادگادا دەنێن و بە گرنگی دەزانن بەپێی دەستوور، بەڵام ھەوڵەکان بۆ بێبەھاکردنی یاسا و دادگا بەردەوامن، بۆیە دەبینین کە دادگا دوو ڕای جیاواز لەسەر یەک دوو دۆسیە دەدات، ئەویش مەسەلەی (کوتلەی گەورە)یە، بەڵێ ئا بەم شێوەیەیە".

ئەو بیرمەندە عەرەبە، ڕوونتر لەسەر بابەتەکان دێتە ئاخاوتن و پێی وایە، کێشەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا زۆر لە سنووری دادگای فیدڕاڵ دوورتر و گەورەترە، تا ئەمڕۆ بیرۆکەی سیستمی فیدڕاڵی نەچەسپیوە، ھێزە سیاسییەکان پاڵپشتییان نەکردووە، ھەروەھا ئەنجوومەنی فیدڕاڵی کە دەستوور بە دەق بڕیاری لێ داوە دانەمەزراوە، وێڕای ئەمەش زۆر مین لەنێو خودی دەستوورەکەدا ھەن، زۆر دۆسیەش بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە، لەوانە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەتایبەتی لەگەڵ نەبوونی یاسایەکی یەکگرتووی نەوت، ھەروەھا کێشەی مووچە کە ماوەیەک دێت و ماوەیەک دەوەستێت، ناکۆکییش بەردەوامە لەبارەی بوودجەی گشتی و پشکی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەتایبەتیش پرسی کەرکووک و دەروازە سنوورییەکان.

لەبارەی گرنگی گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن، گوتیشی: "دیالۆگی نێوان ھێزە سیاسییەکان لەگەڵ ڕەچاوکردنی دەستوور یان ھەموارکردنەوەی، ئەمانە فاکتەری یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی ھەڵوێستی جیاواز بۆ دانانی ڕێککەوتننامەیەکی سەرتاسەری و پڕ وردەکاری، تاوەکو ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێم نەکەوێتە ژێر ھەڕەشە، کە ھەندێ جار لەبەر ڕەوشی سیاسی و زێدەڕۆیی حزبی، زیانی پێ دەگات، بۆیە دەکرێ ئەو گفتوگۆیانە بە دەستەجەمعی بکرێت، ئەویش بە بەشداریکردنی سەندیکا و یەکێتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵکو بەم شێوەیە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەستەبەر بکرێن، ھەروەھا بناغەیەک بچەسپێت بۆ پەیوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی دروست و چەسپاو دوای ڕێککەوتنێک کە پەرلەمان پشتگیریی بکات".

دکتۆر عەبدولحسێن شەعبان، ڕاشیگەیاند: "ھاووڵاتیانی کوردستان دانیشتووانی ڕەسەنن، ئەوان ھاووڵاتی پلە دوو نین، بۆیە لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵ پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بەڵام ناکرێ مووچەی فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنیشنان و بوودجەی ھەرێم بخەنە نێو ململانێ و کێشمەکێشی سیاسییەوە، چونکە ئەمە سەرپێچییە و یەکێتیی نیشتمانیی وڵات و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەب و کورد ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە".




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا: ھێزی عێراق لە لۆژیکی دەوڵەت و دەستووردایە

THURSDAY, 01 OCTOBER 2026 23:10:00

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/١٠/١، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە بەغدا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کرد کە بە ئامادەبوونی بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو.

 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سوپاسی کونسوڵی گشتیی ڕووسیا دەکات

THURSDAY, 01 OCTOBER 2026 21:10:00

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/١٠/١، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی وەک کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ماکسیم ڕوبین کرد.

 

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە خەمیس خەنجەر و شاندی یاوەری دەکات

THURSDAY, 01 OCTOBER 2026 19:10:33

ھەولێر-KDP. info-  ڕۆژی پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەرێز خەمیس خەنجەر و شاندی یاوەری کرد.

سەرۆکی حکوومەت جەخت لە قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکاتەوە

THURSDAY, 01 OCTOBER 2026 16:10:47

ھەولێر-KDP. info-  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەتڕان مۆر نیقۆدێمۆس داود مەتی شەرەف سەرۆکی تائیفەی سریانی ئارتۆدۆکسی لە هەرێمی کوردستان و مووسڵ و کەرکووک کرد و، لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەت جەختی لە قووڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە کردەوە.

 
سامانە سروشتییەکان: چاکسازیی کۆڕمۆر نابێتە هۆی کەمبوونەوەی گازی ماڵان

THURSDAY, 01 OCTOBER 2026 14:10:13

ھەولێر-KDP. info-  وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە پڕۆسەی چاکسازی لە کۆمپانیای "دانە گاز"کە ماوەی مانگێک دەخایەنێت، بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بڕی گازی ماڵان نابێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact