Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 7 JUN 2026 16:38 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەنداوەکەدا هاتووە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان".

دەقی بەیاننامەكە:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان خراوەتە ڕوو. ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە تایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژە بەوە دەکات کە "بەردەوامە لە پێداگری لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بە زووترین کات، لە هەمان کاتدا پابەندە بە بڕگەکانی دەستوور و یاساکە، "بەڵام گرێبەستە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی حکوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە پەسەند نەکراون، چونکە بنەمای دەستووری و یاسایی دروستیان نییە".

وەک وەزارەتی نەوتی عێراق باش دەزانێت، هیچ بڕگەیەک لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا نییە کە دەسەڵات بە حکوومەتی فیدراڵی عێراق بدات بۆ "پەسەندکردنی" ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەرکراون.

بنەمای یاسایی ئەو گرێبەستە نەوتییانە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستانە لە ساڵی ٢٠٠٧، بە کۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە. ئەم یاسایەی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن پارێزەرانی باڵای دەستووری و نێودەوڵەتیی جیهانەوە دانیان پێ دانراوە کە بنەمایەکی تۆکمەی لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا هەیە. ئەو پارێزەرانەش بریتین لە پڕۆفیسۆری کۆچکردوو جەیمس کراوفۆرد، دادوەری دادگای نێودەوڵەتی، و لەم دوایانەدا دادوەر ستیڤن شوبێل، سەرۆکی پێشووی دادگای نێودەوڵەتی. هەر دوو پارێزەرەکە بۆچوونی خۆیان بڵاو کردووەتەوە. ئەم بۆچوونانە بە شێوەیەکی دروست بوونەتە بنەمای تەواوی وەبەرهێنانەکان کە کۆی گشتیی سەدان ملیار دۆلارە، کە بەشێکی بەرچاوی لە وەبەرهێنە ڕۆژئاواییەکانەوە هاتووەتە کوردستانی عێراق.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا پشت بە بڕیارێک دەبەستێت کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن لیژنەیەک یاخود کۆمەڵێک لە ڕاسپێردراوی سیاسی لە بەغدا دەرچووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یاسای ٢٠٠٧ی حکوومەتی هەرێم نادەستوورییە. لە کاتێکدا کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ئەو لیژنەیە بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناو دەبات، هەمووان دەزانن کە شتێکی لەو جۆرە نییە. ئەو بەناو "دادگایە" بەپێی بڕگە پەیوەندیدارەکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ دانەمەزراوە.

ئاشکرایە کە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنانەت قسە لەسەر شەرعیەتی ئەو لیژنەیە ناکات. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا ئەو "بڕیارە"ی شوباتی ٢٠٢٢ی ئەو لیژنە سیاسییە وەک بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی سەدامە کە لەسەری دیزاین کراوە، تەنانەت هیچ تێگەیشتنێکی یاسایی بنەڕەتی نییە. بۆتە جێی شەرمەزاری بۆ خەڵکی عێراق.

سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر زوو لەگەڵ دەرچوونی ئەو "بڕیارە" ئەم ڕاستییە ڕوونەی ئاشکرا کرد و دواتر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی حکوومەتی هەرێمیش بەدوایدا هەمان ڕاستییان ئاشکرا کرد.

دەسەڵاتی دادوەریی حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی دروست پێکهێنراوە، بڕیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ وەک بڕیاری دادگایەک ناناسێت هەروەها ئاشکرایە کە پەرلەمانی عێراق بە پێچەوانەی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئێستا یاسایەکی نەوت و غازی دەرنەکردووە کە لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا بگونجێت. لە ڕاستیدا، حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە، یان ئامادە نییە هیچ یاسایەکی نەوت و غاز دەربکات. کەرتی نەوتی حکوومەتی عێراق پڕە لە گەندەڵی و زیادەڕەوی لە مەرکەزییەت و نەبوونی شەرعیەت، لە ئێستادا پشت بە فەرمانە بەسەرچووەکانی ڕژێمی سەدام حوسێن دەبەستێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەکی فیدراڵیی عێراق بە هیچ "دادگا"یەکەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان یاساکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نییە.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، هەر دوو شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە مافە دەستوورییەکانی خۆمان بگەیەنین، و لەسەر مەرجەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی ڕێککەوتن کە باس لە بابەتی تەکنیکی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستان. لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان بوو کە یاساکە جێبەجێ دەکرێت و هەناردەکردن بەبێ دواکەوتنی زیاتر دەست پێ دەکاتەوە.

ئێمە هانی حکوومەتی عێراق دەدەین پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی مانگی یەک و ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. هیچ پاساوێک نییە، نە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان لە هەر شوێنێکی تر، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنی نەوت. ئەو هەناردەکردنانە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو گەلانی عێراق گرنگن. هەروەها بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگن.

لە هەمان کاتدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن و هاندانی جێبەجێکردنی یاسا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دەستووریی دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت. یاسای نەوت و غازی ٢٠٠٧ی هەرێم و هەموو یاساکانی حکوومەتی هەرێم بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن. حکوومەتی هەرێم وەک هەمیشە دەستووری ٢٠٠٥ دەپارێزێت و یاسای ساڵی ٢٠٠٧ بەرز ڕادەگرێت و پابەند دەبێت بە مەرجەکانی ئەو گرێبەستانەی کە بەپێی ئەو یاسایە کراوە.




دوایین هەواڵەکان

بە بڕیاری مەسروور بارزانی هەر چوار شەهیدەکەی کەرکووک کران بە شەهیدی سەنگەر

SUNDAY, 07 JUNE 2026 15:06:50

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی، لە بارەگای مەکتەب پێشوازیی لە بنەماڵەی هەر چوار شەهیدەکەی ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ی کەرکووک کرد، هیوا ئەحمەد مستەفا ستایشی قوربانیدانی ئەو شەهیدە پاڵەوانانەی کرد لەپێناو سەروەریی شارەکە و ڕەتکردنەوەی جیاکاریدا، هاوکات بڕیارە مێژووییەکەی سەرۆکی حکوومەت، کاک مەسروور بارزانی بە بەرز نرخاند کە بڕیاری دا وەک شەهیدی سەنگەر ئەژمار بکرێن، لای خۆشیانەوە بنەماڵەی شەهیدان پێزانینی قووڵی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت کرد.

 
حکوومەت بە گوژمەی ٢٤٣ ملیار دینار پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە سلێمانی ئەنجامدەدات

SUNDAY, 07 JUNE 2026 15:06:09

سلێمانی-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی مێژوویی و ستراتیژیی ڕێگەوبان بە گوژمەی ٢٤٣ ملیار دینار لە نێوان سلێمانی، دووکان و ئیدارەی ڕاپەڕین دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگەی (بێستانە ـ خەلەکان ـ دووکان) کە ئێستا کارەکانی بەچڕی تێدا بەڕێوە دەچێت، زیاتر لە ٨٤٠ هەزار مەتری چوارگۆشە قیرتاوکردن و دروستکردنی پردی فریزەڵە لەخۆ دەگرێت و ئامانجی سەرەکیشی دابینکردنی هاتوچۆیەکی ئاسان و سەلامەتە بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەکە.

 
پارێزگاری هەولێر ناوەڕۆکی سەردانەكەیان بۆ KDP.info دەخاتەڕوو

SUNDAY, 07 JUNE 2026 13:06:36

هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ئامانجی سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستانی بۆ شاری (وان) لە باکووری کوردستان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە دەیانەوێت پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەت لە کەرتی بازرگانیدا پێش بخەن. ئاماژەی بەوەشدا کە کردنەوەی دەروازە نوێیەکانی وەک (زێت) کاتەکانی گەشتکردنی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە و هیوای خواست حکوومەتی عێراق هاوکار بێت بۆ فەرمیکردنی ئەم دەروازانە لە ڕووی بازرگانییەوە.

 
ماڵپەڕی KDP.info كاتی دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر ئاشكرا دەكات

SUNDAY, 07 JUNE 2026 13:06:23

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند کە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بە چاندنی ٥٠٠ هەزار داری زەیتوون بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە، و ئاشکرای کرد کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا، قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە بۆ چاندنی ٥٠٠ هەزار داری دیکەی بەرهەمدار وەک زەیتوون و فستق دەست پێدە کات.

 
مەسروور بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی یۆنان پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد

SUNDAY, 07 JUNE 2026 11:06:32

هەولێر-KDP.info-  ئه‌مڕۆ یەکشەممە 6/7 ، مەسروور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوای لە ‌هاری تیۆهاریس جێگری وەزیری دەرەوەی یۆنان کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact