Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 8 OCT 2026 19:09 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە ژمارەیەک باڵوێز و کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتكارانی وڵاتان كرد
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لەمیانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زۆر شانازی دەكەین كوردستان بووەتە مێرگی سەقامگیری و پێكەوەژیان.

رۆژی پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵدا، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لە وتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە ئاڵۆزییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکان و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵک کرد.

دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەرێزان..

مایەی خۆشحاڵییەكی زۆرمە بەخێرهاتنی هەمووتان بكەم، بۆ ئەم ئێوارەیە و بۆ ئاهەنگێڕانی پێشوەختەی كریسمس و داخستنی كۆتابەشی ساڵی 2023 كە كەمتر لە مانگێك دەچنە ناو ساڵێكی نوێ.

ئەمساڵ بۆ زۆرێكمان ساڵێكی زۆر سەخت بوو. زۆر ئالنگاری ئاسایش و ژینگەییمان هەبوون. شەڕ و ململانێكانی دوای 7ی ئۆكتۆبەر وێرانكەر بوون. نیگەرانی خۆمان دەبڕیووە، سەبارەت بە گیان لەدەستدانی خەڵكی سڤیل و بێتاوان، هێشتا جێگەی نیگەرانیمانە دەبینین خەڵكی سڤیل هێشتا گیان لەدەستدەن و نیگەرانی فراوانبوونی ناكۆكییەكانین لە ناوچەكە. هیوادارین چارەسەرێكی ئاشتییانە بدۆزرێتەوە بۆ ئەم كێشەیە، وەك چۆن باوەڕمان وایە هیچكات شەڕ چارەسەرێكی درێژخایەن نییە بۆ هیچ كێشەیەك. لە هیچ شەڕێكدا براوەی راستەقینە نییە، بەڵكو تەنیا ئاستی جیاوازی زیانەكان هەیە لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان.

پێموایە لەم شەڕەدا وانەیەك هەیە دەبێ لێوەی فێربین. ئەوەیش ئەوەیە  ناكۆكییەكان دەكرێت چارەسەر بكرێن پێش ئەوەی بگەنە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی. هەمان دۆخمان هەیە لێرە. هیوادارم بتوانین چارەسەرێك بۆ هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان بدۆزینەوە، پێش ئەوەی بگاتە هەندێك بڕیاری سەخت كە ناچار بیت ئەو بڕیارانە بدەی. هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆئەوەی چارەسەری ئاشتییانە و درێژخایەن بدۆزینەوە.

ئەمساڵ لە تێڕوانینی ژینگەییشەوە ساڵێكی سەخت بوو، رووبەڕووی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و ئەو كێشانەی بووینەوە كە لە جیهان دەیانبینین. چەند رۆژێك لەمەوبەر لە ئیمارات بووم و بەشداریم لە كۆپ28 كرد. زۆر وتار و قسەی جوان پێشكەشكران لەبارەی ئەوەی چۆن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین؟ چەند رۆژێك لەمەوبەر قسەی كەسێكم خوێندەوە، دەڵێ، "جێگەی سەرسوڕمان نییە، تریلیۆنان دۆلار خەرج دەكەین و بەدوای ژیاندا دەگەڕێین لە دەرەوەی بۆشایی ئاسمان و لە هەسارەیەكی دیكە، بەڵام ژیان لەسەر ئەو هەسارەی ئێستا لەسەر دەژین لەناودەبەین؟" لەوانەیە زیادەڕۆیی هەبێت لە خەرجكردنی ئەو پارەی باسكراوە، بەڵام زۆر روونە كە لەراستیدا ئێمە هەسارەكەمان لەناودەبەین! هیوادارم بتوانین پێكەوە چارەسەرێكی راستەقینە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە. دەردانی گازی دوانۆكسیدی كاربۆن بۆ ناو بەرگە هەوا، پیسكردنی خاك و ئاومان، پێویستە كۆتاییان پێبهێنین. لایەنی دیكە هەن و هەریەكەشیان بەرپرسیاریەتی جیاوازیان هەیە. ئێمە هیوادارین وەك لایەنێك بەلایەنی كەمەوە، بتوانین ئەم بەشەی هەسارەكەمان رزگار بكەین.

لەبارەی ئاسایش و ئالنگارییەكانی دیكەی رووبەروومان بوونەتەوە، بەلامەوە دوڕدۆنگییە دەبینم مرۆڤ ئەوی دیكە بكوژێت بۆ ئەوەی هەست بە سەلامەتی بكات. ئەوانی دیكە برسی دەكەن بۆ ئەوەی حەز و خولیاكانی خۆیان تێربكەن، هیوادارم هەموومان پێكەوە بین و بە پێكەوەژیان پێكەوە بژین. ئێمە لێرە لە كوردستان، هەوڵمانداوە شوێنی ژیان بۆ هەموو كەسێك دابین بكەین، خەڵكی لە باكگراوندی جیاواز و نەتەوە و ئایینی جیاواز. زۆریش شانازی دەكەین كوردستان بووەتە مێرگی سەقامگیری و پێكەوەژیان.

لە هەوڵداین بۆئەوەی كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین. چەندین كۆبوونەوەمان هەبوو و چەند جارێك لەگەڵ سەرۆكوەزیران لە بەغدا قسەمكردووە. لەهەوڵداین بۆ دۆزینەوەی رێگەیەك بۆ چارەسەری هەندێك لەو كێشانە، بەتایبەتی بۆ كێشەی بودجە، كە خەڵكی چەند مانگێكە بەهۆیەوە تووشی كێشەبوون. هیوادارم ئەم كێشەیە ساڵی داهاتوو چارەسەر بێت. لە هەوڵداین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو كێشە ئەمنییانەی لە ناوچەكەدا هەن. سوپاسی هەمووتان دەكەین، كە هاوكار و پشتیوانمان بوون لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی و داعش. بۆئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانەوەی توندڕەویی و گەڕانەوەی گرووپی وەك داعش بكەین پێویستمان بە پێشخستنی دیموكراسی، دادپەروەری و یەكسانییە. لێرەوە داوا لە هەمووتان دەكەم، هاوكارمان بن بۆ ئەوەی ساڵی 2024 ساڵێکی باشترمان هەبێت.

جارێكی دیكە كریسمس و ساڵی نوێتان پیرۆز بێت و هیودارم ئێوارەیەكی خۆش بەسەربەرن..

 

زۆر سوپاس..




دوایین هەواڵەکان

لقی خانه‌قین گواسترایەوە سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی (که‌ركوك.گه‌رمیان)

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانه‌قین -KDP.info- به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خانه‌قین گوتی "دوای گواستنه‌وه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی له‌ كه‌ركوك _ گه‌رمیان، ئاسانكاری باش بۆ ئه‌ندام وكادیرانی ئێمه‌ كرا، ئێمه‌ش له‌ كاركردن و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك به‌رده‌وامین، ئه‌و گردبوونه‌وه‌یەی بڕیاربوو له‌پێناو به‌رژوه‌ندی گشتی لە خانەقین بکرێت، جارێ راگیراوه‌." 

د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact