Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 29 JUN 2026 11:37 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دەقی گوتاری مەسروور بارزانی له‌ کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
| KDP.info


دهۆك-KDP.info- بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و لێکۆڵەر و توێژەر و ئەکادیمیی ناسراوی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و باکووری ئەمەریکا، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە MEPS سەر بە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەستی بەکارەکانی کرد.

لە دەستپێکی کۆڕبەندەکەدا، مەسروور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە لەم ساتەوەختە دا و گوتی، "ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان و بەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیەکان".

دەقی گوتارەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی

سەرکردە بەرێزەکان، شارەزایان، میوانانی هێژا،

ئامادەبووانی خۆشەویست،

بەیانیتان باش.

بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەم بۆ چوارەمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان ڕێکخراوە.

جارێکی دیکە، لەگەڵ کۆمەڵێک شارەزای ناوازە، بازرگان و بڕیاربەدەست کۆبووینەتەوە، کە هەموویان شارەزایی و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ناوچەکەمان و پابەندییە هاوبەشەکانمان و ئەو کێشانەی هەن هەیە. ئەو تاقیکردنەوانەی ڕووبەروویان دەبینەوە وەک خەڵک و نەتەوە، تاقیکردنەوەی گەورەن. هەریەک لە ئێوە کە ئەمرۆ لێرەن، ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەرووی ئەو کێشانە بوونەتەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوو باسیان لێوەدەکەین. من دڵنیام، بە هەمانشێوەی من، ئێوەش لەوکاتانەدا خۆزگەتان خواستووە، وەڵامەکان ئاسانتر بوونایە لەوەی کە هەن.

ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە. بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان و بەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەموو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕوونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیەکان. لەبەرئەو هۆکارانە، کۆبوونەوەیەکی لەمجۆرە و ئەو گفتوگۆیانەشی تێدا دەکرێن لەلایەن ڕۆشنبیر و شارەزایان، دەتوانن هاوکاربن بۆئەوەی دەرئەنجامێکی باشیان هەبێت.

خۆشحاڵم کە بەشداران لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە هاتوون. ئەو هاوڕێیانەی لە وڵاتانی دراوسێ و دوورەوە هاتوون، بەخێرهاتنتان دەکەم و پەرۆشم بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانمان. بەشداریتان پابەندبووتان دەسەلمێنێت بە دیالۆگ، وەک پاڵنەرێک بۆ تێگەیشتن. جیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، یان جیهانی بێت، هیچ جێگرەوەیەک بۆ گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز نیە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکان. پێویستە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانمان بەردەوام بین.

هاوڕێیان:

دەبێ ئامادەبین بۆ تێگەیشتن و داننان بەوەی، هەندێک لەو کێشانەی لێرە گفتۆگۆیان لەبارەوە دەکرێت مەترسین بۆسەر هەموومان. بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمای هەسارەی زەوی، لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبن لەسەر ناوچەکەمان و جیهانیش، نەبوونی ئاسایشی خۆراک و کەمئاوی و کۆچی بەکۆمەڵ خێراتر دەکات. ئەمەش کێشەیەک نیە دوای بخەین. چونکە ئێستا وا ڕوودەدات. شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەکان زیاتر بوون، ئێستا ناچاربووین بیری قووڵتر لێ بدەین بۆئەوەی بگەینە ئاو. بەگوێرەی تازەترین ئاماژەکان، پێشبینیەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر نزیکن لەوەی بەڕاستی ڕووبدەن. پێویستە کاری باشتر بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی کاربۆن. هەموو هۆکارێکیشمان هەیە بۆئەوەی ئەو کارە بکەین و هیچ هۆکارێک نیە بۆئەوەی نەیکەین.

ئێستا کاتی ئەوە نیە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە یان دەستەوەستان بین و خۆمان لە کێشەکان بەدوور بگرین. پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کار بکەین، پێش هەموو شتێک وەک هاووڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێکی جیهانی. لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەرووی هەموومان دەبنەوە،  خۆبەستنەوە بەو هەستەی، لەکوێ دەژین، دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەرمان. کوردستان ناتوانێت بۆ نموونە لە دەرئەنجامەکانی گەرمبوونی کوەیت هەڵبێت. بەحرەین و بەسڕە، نەک تەنیا لەڕێگەی دەریاوە بەڵکوو، بە چارەنووسێکی هاوبەشی کەشوهەواشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە.

بەهای هاوبەشی مرۆییمان داوامان لێدەکات، ڕووبەرووی گەرمبوونی هەسارەی زەوی ببینەوە، بەهەمان شێوەی دیمەنەکانی شەڕ و بێکاری دەیان ساڵی رابردوو ، ئێستاش بەردەوام دەیانبینین. بۆیە ناکرێت ڕێگە بدەین دیمەنێکی لەوشێوەیە ببێتە شتێکی ئاسایی.   

هەموومان دیمەنی دڵتەزێنی خەڵکی سیڤل و بێتاوانمان بینیوە، منداڵ و بە تەمەن بوونەتە قوربانی شەڕێکی دیکەی وێرانکەر. پێویستە ئەم دیمەنانە بەئاگامان بێنێتەوە. ئەو توندوتیژییانەی ئێمە دەیانبینین، هیچکات چارەسەر نین و ئاشتی بەدیناهێنن، بەڵکو دەبنە هۆی بەردەوامی وێرانکاری و کارەساتەکان.

پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکو دەبێ چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکانیش، پێش ئەوەی بگاتە ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی، بدۆزینەوە. نابێت بۆ چارەسەری کێشەکان چاوەڕێ بکەین، لەکاتێکدا دەتوانین پێش ئەوەی لە کۆنترۆڵ دەربچن چارەسەریان بکەین. پێویستە جیاوازییەکانی یەکتر قبوڵ بکەین و فێربین بەرێزەوە لەگەڵ یەکتر بژین، نەوەکو بەدوای پاساودا بگەڕێین بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەر.

هەموومان لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شۆک بووین. چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمان شێوە کێشەیە. بۆ نموونە، 30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە. چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرامبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین. کێشە چارەسەر نەکراوەکان پێویستیان بە وەڵامی بوێرانەیە. ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەلەستین، منیش داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین.

پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراقیش جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستووری عێراق، و پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکوومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دووبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبوون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە.

ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکوومەت لەلایەن یەک گرووپەوە کۆنترۆڵ بکرێن،  هەستی نادادپەروەری قووڵتر دەبێتەوە. بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش: گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە.

شێوازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەرێوەبردنی عێراق و جێبەجێکردنی کارە تەواو نەکراوەکانی ناوچەکە، پێوێستیەکی بەپەلەیە.

هاوڕێیان،

ئێستا کە ئێوە لێرەن، داواتان لێدەکەم، پێشوازی لەو شتانە بکەن کە ئێمە وەک کوردستانی پێشکەشی دەکەین. لە ڕێگەی ئێوەشەوە، داوا لە هەموو جیهان دەکەم ئەو هەنگاوانە ببینن کە ئێمە لە ڕووی ئابووری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانەوە ناومانن. زۆر زیاترمان هەیە بۆئەوەی بە جیهانی نیشان بدەین، بانگهێشتان دەکەم بۆ ئەوەی  لەم هەنگاوانەدا لەگەڵمان بەشدار بن.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم کۆڕبەندە، داواتان لێدەکەم لەم هۆڵەدا پێکەوە گفتوگۆیەکی ژیرانە بکەن. بەو هیوایەی گفتوگۆکانمان ببنە هاندەر بۆ بیرۆکەی نوێ و چارەسەری کرداری.

جارێکی دیکە، لەدڵەوە بەخێرهاتنێکی گەرمی یەک بە یەکتان دەکەم بۆ کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.

 

سوپاستان دەکەم




دوایین هەواڵەکان

لە نێوان بنیاتنانی مزگەوت و دامەزراندنی قوتابخانە، تێڕوانینێک بۆ بنیاتنانی شارستانییەت

MONDAY, 29 JUNE 2026 11:06:49

د. عەبدوڵڵا مەلا وەیسی

 
قائمقامی خەلیفان بۆ KDP.info: باس لە پڕۆژەکان و ئاوەدانیی قەزاکەیان دەکات

MONDAY, 29 JUNE 2026 10:06:24

خەلیفان-KDP.info- قائمقامی قەزای خەلیفان ڕادەگەیەنێت، کاروانی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم نەک تەنیا سەنتەری قەزاکان، بەڵکو گوندە دووردەستەکانیشی ئاوەدان کردووەتەوە. مەغدید عەریف ئاشکرای دەکات، لەسەر ڕاسپاردەی، سەرۆکی حکوومەت، لە ماوەی ئەم کابینەیەدا بە گوژمەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتەکانی ڕێگەوبان، ئاوی خواردنەوە و گەشتوگوزار بۆ خەلیفان و گوندەکانی دەوروبەری جێبەجێ کراون، کە گرنگترینیان پڕۆژەی دووسایدی سپیلک - خەلیفان بوو.

 
وەزیری ناوخۆ: هۆشیاریی ئەم نەوەیە زامنی پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕەتکردنەوەی گوتاری نائومێدییە

SUNDAY, 28 JUNE 2026 22:06:47

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی (خولی سەرکردەی گۆڕانکار)، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە گەرمییەوە پێشوازییان لە ڕێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
ھاووڵاتییانی سلێمانی بۆ حیزبەکان: فەرموون ئەوە پەرلەمان کارای بکەنەوە

SUNDAY, 28 JUNE 2026 19:06:00

سلێمانی-KDP.info- ھاووڵاتیانی کوردستان لە چوارچێوەی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ کۆتایی ھێنان بەم چەقبەستوویی سیاسییەی ھەیە، داوا لە ھەموو حیزبەکان دەکەن، پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و ئەرکی نیشتمانییان جێبەجێ بکەن و، لە پەرلەمانی کوردستانەوە گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن."

 
بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوردی لە نەرویج، پێویستە لەسەر نەخشەڕێگای سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی زمانی کوردی ھەنگاو بنێین

SUNDAY, 28 JUNE 2026 16:06:33

​نەرویج -KDP. info-بورهان فارس گەردی بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوردی لە نەرویج دەڵێت،  سەرۆک بارزانی هەمیشە جەخت لەسەر فراوانکردنی بیروڕای نەتەوەیی و پاراستنی زمان، کەلتوور و دابونەریتی کوردی دەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو کوردانەی لە دوورەوڵات و تاراوگە دەژین.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact