Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 9 OCT 2026 03:13 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مه‌سروور بارزانی: خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەیەكەوەین بۆ راگەیاندنی ئەم پڕۆژە گرنگە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 25/9/2023، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی (گەشانەوە) ڕاگەیەنرا و لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەکەدا سەرۆکی حکوومەت وتارێکی پێشکەش کرد.

دەقی وتاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا

زۆر زۆر بەخێر بێن

سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم، زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەیەكەوەین بۆ راگەیاندنی ئەم پرۆژە گرنگە. لە هەمان كاتدا ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژێكی مێژووییە، یادی ڕۆژی سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە بەرامبەر بەو ستەم و نادادپەروەرییەی كە دەرهەق بە خەڵكی ئێمە دەكرا كە بەداخەوە تاوەكوو ئێستاش ئاسەواری ئەم نادادپەروەرییە ماوە و ئێستاش هەندێك كەس، یان هەندێك لایەن هەن كە پێیان وایە دەبێ خەڵكی كوردستان تەنیا بۆ دەربڕینی ئارەزووی خۆی بۆ مافێك، دەبێ سزا بدرێ. ئەو مافەی كە هەموو نەتەوەكان بۆ خۆیان بە مافێكی سروشتی دەزانن، بەڵام تەنیا ئارەزووكردنیشی بۆ خەڵكی كوردستان بە حەرام دەزانن.

ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە بە یەكەوە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بژین و هەموو هەوڵ و تەقەلای ئێمە بۆ ئەوە بووە كە خەڵكی ئێمە بە ئازادی بژین. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم نەریت و ئەم ڕەوت و ڕێبازە كە ڕێز لە هەموو نەتەوەكان بگرین و پێكەوە بتوانین وڵاتێكی خۆشتر و باشتر ئاوەدان بكەین.

لە سەردانم بۆ بەغدا پێش چەند ڕۆژێك، بەڕێزێك پرسیارێكی لێ كردم، گوتی ئێوە پابەندن بە عێراق؟ منیش گوتم لەسەر ڕەفتاری ئێوە دەمێنێت. پابەندبوون یان وەلاء بۆ وڵاتێك بە ترساندن و تۆقاندن و بە سیاسەتی ڕق و كینە، بە نادادپەروەری و بە برسیكردن دروست نابێت. پێویستە پابەندیی یان وەلاء بۆ وڵات لەسەر بنچینەی ئەوە بێت كە یەكسانی و دادپەروەری و خۆشەویستی ببن بە بنەمای بەیەكەوەژیانی گەلان لە وڵاتێكدا، ئێمە داكۆكی لەسەر ئەو بنەمایانە دەكەینەوە كە پێویستە هەموو گەلان لە عێراق یەكسان بن و دادپەروەریی بەرقەرار بێت و سیاسەتی گەشەكردن، یان پێشكەوتنی ناوچەیەك لە ناوچەكانی تر بە سەركەوتن حیساب بكرێت، بە هیچ جۆرێك ئێمە نەكەوینە ململانێ دژی یەكتر.

ئێستا كەشێكی ئەرێنی دروست بووە، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ هەموو ئەو بەڕێزانەی كە بڕوایان بە ئاشتی و دیموكراسیەت و ئازادی و پێشكەوتن هەیە، بتوانین وڵاتێكی خۆشتر و ئاوەدانتر بینا بكەین.

من خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پرۆژەیەكی گرنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین كە پرۆژەی (گەشانەوە)یە و بریتییە لە دابینكردنی قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كارەكانیان گەشە پێ بدەن لە ڕێگەی قەرزی بانكییەوە كە لە ڕێگەی بانكەكانی كەرتی تایبەتەوە پێیان دەدرێت.

ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پلان و كارنامەی حكوومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت كە بێگومان لە ساڵانی رابردوودا هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت تەواوكەری یەكتر بوون و بەیەكەوە هاوكار و هەماهەنگ بوون لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

بەهێزیی كەرتی تایبەت لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا بنەما و مەرجێكی سەرەكیی بەهێزیی ئابوورییە، یەكێكە لە كۆڵەگە سەرەكییەكانی سەركەوتنی كەرتی تایبەتیش. هەبوونی سیستەمێكی بانكیی بەهێز و كارایە كە ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەكات.

لە هەرێمی كوردستان، بەپێی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان، بزنسی بچووك و مامناوەند زیاتر لە ٥٠٪ی جموجۆڵ و چالاكیی بازرگانی و هێزی كاری كەرتی تایبەت پێك دەهێنێت. لە هەمان كاتدا یەكێك لە گرفت و بەربەرستە سەرەكییەكانی بەردەم كاری بازرگانی لە كوردستان، بریتییە لە نەبوون و دەستنەگەیشتن بە پاڵپشتیی دارایی كە خاوەنكارانی كوردستان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی داراییەوە نەیانتوانیوە بزنسەكەیان فراوان بكەن.

لە وڵاتانی پێشكەوتوو هەبوونی سیستەمێكی بانكیی هاوچەرخ، هاوكار و  یارمەتیدەرێكی بەهێزی بزنسەكانە و خزمەتگوزاریی دارایی و كارئاسانییەكی زۆریان پێشكەش دەكات، ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆرمان بە بابەتی بەهێزكردنی سیستەمی بانكی و بزنسە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمی كوردستان داوە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانین كەشێكی لەباری بازرگانی دەستەبەر بكەین، پەرە بە پلانەكانمان لە بواری هەمەجۆركردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات بدەین.

پڕۆژەی (گەشانەوە) كە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، قەرز بە بڕی تا ١٥٠ ملیۆن دینار دەدات بەو بزنس و خاوەن كارانەی كە خوازیارن كارەكانیان فراوان بكەن، ئێستا خاوەنكاران دەتوانن لە ڕێگەی پۆرتاڵێكی ئۆنلاینەوە رێنماییەكانی داواكردنی قەرز ببینن و بۆ ئەو مەبەستە داواكارییەكانیان پێشكەش بكەن. ئەمە یەكەم جارە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ڕێكخراوی كارساز و بانكی تایبەت و بە شێوازی سەردەمییانە قەرز بدات بە خاوەنكارەكان بۆ فراوانكردنی كارەكانیان. هەروەها یەكەم جاریشە بەهێزیی كۆمپانیاكان دەبێتە پێوەر بۆ وەرگرتنی قەرز بەبێ داواكردنی هیچ رەهنێك كە ئەمەش هەوڵێكی جددییە بۆ گەشەپێدانی كەرتی تایبەت.

لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسێكی تایبەتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بە تایبەتی جەنابی وەزیر، خاتوو كوێستان محەمەد و تیمەكەی بكەم كە تیمەكەی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی پەرەپێدانی بازرگانیی - نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت، كاریان كردووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرنگە. هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری و بانكی جیهان دەكەم بۆ رۆڵی دیاریان لەپێناو سەرخستنی ئەم پرۆژەیە. دەستخۆشی لە تیمی كۆمپانیای (تەپ ماونتن) دەكەم كە ئەركی هەڵسەنگاندنیان بۆ بزنسەكان كردووە و راهێنانی پێویستیان بە ستافی ئامادەكار كردووە، بۆ هاوبەشیی تەكنیكیی پرۆژەی گەشانەوەش، زۆر سوپاسی هەردوو ڕێكخراوی (IOM وGIZ)  دەكەم بۆ پشتیوانیكردنی پرۆژەكە.

لە كۆتاییدا دەمەوێ دڵنیاییەكی تەواو بدەمە خاوەن كارەكانمان كە یەكێك لە ئەركە لەپێشینەكانمان هاوكاریكردن و بەهێزتركردنی كەرتی تایبەتە، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بتوانین زیاتر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان پەرە پێ بدەین و خزمەتگوزاریی باشتر و شایستەتر پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكەین.




دوایین هەواڵەکان

لقی خانه‌قین گواسترایەوە سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی (که‌ركوك.گه‌رمیان)

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانه‌قین -KDP.info- به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خانه‌قین گوتی "دوای گواستنه‌وه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی له‌ كه‌ركوك _ گه‌رمیان، ئاسانكاری باش بۆ ئه‌ندام وكادیرانی ئێمه‌ كرا، ئێمه‌ش له‌ كاركردن و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك به‌رده‌وامین، ئه‌و گردبوونه‌وه‌یەی بڕیاربوو له‌پێناو به‌رژوه‌ندی گشتی لە خانەقین بکرێت، جارێ راگیراوه‌." 

د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact