Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 12 OCT 2026 18:50 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەروێز ڕەحیم: "ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان" بوونە لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکان
| KDP.info


هەولێرـ KDP.infoـ سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ باکۆ و پێشوازییەکی ئاستبەرز، بە ڕووداوێکی دیپلۆماسیی گرنگ و پڕبایەخ بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، مامۆستایەکی زانکۆی سەلاحەدین ـ هەولێر، دەڵێت: هاتنە ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەم هاوکێشە نوێیانە، لەڕێگەی جوولە دیپلۆماسییەکانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ هەرێمی کوردستان کە هەم پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی بدات لەگەڵ لایەن و کارەکتەرە جیاجیاکان و هەمیش شوێنێک بۆ هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە.

د.پەروێز ڕەحیم قادر- دکتۆرا لە دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی(National Security Studies) و مامۆستا لە بەشی سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی، زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ باکۆ و پێشوازییەکی ئاستبەرز لە بەڕێزیان بە ڕووداوێکی دیپلۆماسیی گرنگ و پڕبایەخ بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، بەو پێیەی هەم هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و هەم لەم ماوەیەدا هەوڵی سنووردارکردنی هەرێمی کوردستان دەدرێت، بۆیە ئەم ڕووداوە دیپلۆماسییە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەرێمی کوردستان تا گەمارۆ سیاسییەکان بشکێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە هەردوو لا بە هاوبەشی ناوچەیی رۆژئاوا و هەروەها وڵاتێکی سیکۆلار هەژمار دەکرێن، هەرچەندە ئازەربایجان بە هەستیارییەوە هەوڵدەدات لەنێوان ڕووسیا و ئەمریکا و ناتۆ هاوسەنگییەک دروست بکات، بەڵام لەڕێگەی تورکیاوە دەیەوێت ئابلوقە و گەمارۆکانی ڕووسیا و ئێران کاڵ بکاتەوە.

لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی بەهێز و پتەوی لەگەڵ تورکیا هەیە و ئەمەش بۆتە خاڵی هاوبەشی هەردوو لا. 

د.پەروێز ڕەحیم گوتی:  جگە لەمانە، پرسی وزە و ئاسایشی گواستنەوەی ڕێڕەوەکانی وزە لەدوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین و هەوڵەکانی ئەوروپییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤی وزەی ڕووسیا وایکردووە پرسی وزە بۆ رۆژئاواییەکان بێتە رۆژەڤەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت بلۆک یاخود جەمسەرێکی وزە لە ناوچەی کەنداو بەرەو ئەوروپا و لە ناوچەی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست بەرەو تورکیا لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا پێکبێنن. لەم نێوەندەدا ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە دەتوانن ئەو پێداویستانەی ئەوروپییەکان پڕ بکەنەوە، هەر بۆیە ئێران بە هەموو ئامراز و شێوەیەک لە نفووزی خۆی لەعێراق کەڵکی وەرگرت و هەوڵیدا کە لەڕێگەی عێراقەوە ڕێگە لەوە بگرێ کە هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرەوەی وزەی ئێران، بەتایبەتی لەڕووی گازەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپی، چونکە لەم حاڵەتەدا، ئێران چیتر کارتێکی بەهێزی بەدەستەوە نامێنێت.

   لەلایەکی ترەوە، پاش جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، پێشتریش بەهۆی سەرقاڵی ئەمریکا بە کۆنترۆڵکردن و گەمارۆدانی چین لە هەرێمەکەیدا، هەروەها پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان، ڕۆڵی ئەمریکا  لە ناوچەکەدا لاواز بووە و ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووی هەرێمایەتییەکانی وەکو چین، ڕووسیا، ئێران، تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئیسرائیل دەیانەوێت ئەم بۆشاییە لەڕێگەی جەمسەرگیری و هەواڵبەندی و هاوپەیمانێتییەوە پڕبکەنەوە، بەم پێیەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەستپێشخەری (یەک پشتوێن یەک رێگا)ی چین، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان بەهۆی هەڵکەوتە و پێگە جیۆگرافییەکەیان دەتوانن ئاڵقەی پێکەوە بەستنەوەی چین بە ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز - ئازەربایجان و تورکیا و دەریای سپی ناوەراست، لەلایەکی ترەوە، چین، کەنداو، عێراق-هەرێمی کوردستان، تورکیا و دەریای سپی ناوەڕاست بن و بە پێچەوانەشەوە."

ئەو مامۆستایەی بەشی سیستەمە سیاسییەکان  و سیاسەتی گشتی ، گوتیشی: جگە لەمانە، تورکیا لەڕێگەی دەستەبەرکردنی هاوپەیمانی نێوان ئەکتەرەکان و لەڕێگەی هاوبەشەکانییەوە لە ناوچەکەدا دەتوانێت لە کێشە ئابوورییە ناوخۆییەکانی ڕزگاری بێت، لە هەمان کاتدا ببێتە پردی بەیەکەوە بەستنەوەی چین و ئەوروپا و تەنانەت دەستی ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سەرچاوە سروشتییەکان ڕابگات، بەم پێیەش پێگەی خۆی بۆ هەردوو جەمسەری چین و ڕووسیا لەلایەک و ئەمریکا و ئەوروپا لەلایەکەی ترەوە بەرز بکاتەوە و ببێتەوە ئەو دەوڵەتە ناوەندییەی چەندین ساڵ لەمەوبەر لەلایەن داوود ئۆغڵۆوە پلانی داڕێژرابوو .

هەر بۆیە هاتنە ناوەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەم هاوکێشە نوێیانە، لەڕێگەی جوولە دیپلۆماسییەکانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ هەرێمی کوردستان، هەم پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی بدات لەگەڵ لایەن و ئەکتەرە جیاجیاکان، هەم شوێنێک بۆ هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە لەم هاوکێشە نوێیانەدا، تەنانەت ڕێگە لە پەراوێزخستن و کاڵبوونەوەی ڕۆڵی هەرێمایەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆیی عێراق بگرێت. هەروەها ئەم رووداوە دیپلۆماسییە دەتوانێت ڕۆڵی لە کەمکردنەوە یاخود کاڵکردنەوەی هەستیاریی مێژووی نێوان تورک و کورد وەکوو دوو نەتەوەی ناوچەکە هەبێت.

ئەمەش دەریدەخات وەک چۆن کارەکتەرە هەرێمایەتییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، وەکو تورکیا و وڵاتانی عەرەبی یاخود ئێران و سعودیا یان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا، پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بەهەمان لۆژیکی پاراستنی بەرژەوەندییەکان، بە ئامرازی دیپلۆماسی هەمان ڕێگە بگرێتەبەر، چونکە لە نەبوونی هێزێکی هەژموونیی وەکو ئەمریکا لە ناوچەکە یاخود لاوازی رۆڵ یان نەبوونی ویست بۆ درێژەدان و زیاتر تێوەگلان لە کێشەکانی ناوچەکە، باشترین میکانیزم و ڕێوشوێن هێنانە ئارای هاوسەنگی نوێیە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ و فرەڕەهەند.

بەشێوەیەکی گشتی پێدەچێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جوولە دبلۆماسییەکانییەوە، هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕانکاری لە هاوکێشە جیۆساسییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان ئامادە بکات، ئەم جوولە و سەردانەی بەڕێزیان لەم چوارچێوەیەدا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. چونکە تا ئێستا دبلۆماسی وەکو ئامراز یاخود چەکێکی )ئابووری-سیاسی) بەڵام کاریگەر لەدەست هەرێمی کوردستان توانیویەتی ڕێگە لە پووکانەوە و پەراوێزخستنی بگرێت.

فایزە کۆیی
 




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact