Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 8 OCT 2026 19:22 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دەقی گوتاری مەسروور بارزانی
| KDP.info


زاخۆ-KDP.info- ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕه‌سمى دانانى بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گوژمەی 26 ملیار و نیو دینار، ده‌ستى پێ كرد و تێیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.

ئەمەش دەقی گوتاری مەسروور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا و قەدرگران

جارێكی دیكە خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە هاتینە خزمەتی ئێوە لە دەڤەری زاخۆی دەلال بۆ دانانی بەردی بناغەی هەندێك پرۆژەی نوێ. لە سەرەتادا من ساڵوەگەڕی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ئێوە هەمووتان پیرۆز دەكەم و هیوادارم بەرپرسانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردەوام بن لە خزمەتكردنی ئێوە. من دەستخۆشی لە بەرپرس و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەكەم كە لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا توانییان ببنە جێی ڕەزامەندیی خەڵك، هیوادارم بەردەوام بن و ئێمەش پشتیوان بین و خواش دەرفەت بداتە ئێمە پشتیوان بین بۆ ئەوەی ئەوەی پێمان دەكرێت خزمەتی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین.

لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا پرۆژەی زۆر هاتووەتە ئەنجامدان لە بواری ڕێگەوبان و كەرتی پەروەردە و تەندروستیی و كەرتی گەشتوگوزاری، چونكە بەداخەوە ئەو خزمەتەی كە شایانی خەڵكی زاخۆ بوو تا ئێستا وەك پێویستە نەكرابوو، پێویستە خزمەتی خەڵكی ئێمە بكرێت و ئەوەی پێمان دەكرێت بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی زاخۆ و شێوازی باژێرڤانی لە زاخۆ، كەمتەرخەمی ناكەین و بەردەوام دەبین ئیشەڵا.

ئەو پرۆژانەی كە وەزیری شارەوانی باسی كرد و جێبەجێ دەكرێن و ئەمڕۆ بەردی بناغەیان دادەنرێ، پێش ئەوانیش هەندێك پرۆژەی دیكەمان هەیە لەو داهاتەدا، هیوادارین ئەوانیش جێبەجێ بكرێن وەك شەقامی ٦٠ مەتریی زاخۆ، نەخۆشخانەی قەزای باتیفا و ناوچەی پیشەسازیی زاخۆش كە هەمووی دەبنە دەرفەت، هەم دەرفەتی كار بۆ خەڵكی زاخۆ فەراهەم دەكەن، هەم هاوكار دەبن لە پێشخستنی بواری ئابووری، هەر بە تەنیا لە زاخۆ نا، بەڵكوو بۆ هەموو كوردستانیش.

زاخۆ بۆ ئێمە شارێكی گرنگە، دەڤەری زاخۆ بە شێوەیەكی گشتی دەڤەرێكی زۆر گرنگە، قوربانییەكی زۆری بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان داوە، ئەو شۆڕشانەی لە دوای یەك لە كوردستان كراون، ئەم دەڤەرە قوربانیی گەلەك زۆریان داوە، من لێرە باوك و كەسوكاری چەندان شەهید دەبینم، لێرە ڕاوەستاون و ئامادەن، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئێوە دەچەمێنین، ئومێدەوارین خوا تەمەنی ئێوە درێژ بكات و پشتیوان بن بۆ ئیدارەی خۆتان كە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە تا ئەویش لە خزمەتتاندا بێت.

خەڵكێكی زۆر هەیە لە زاخۆ كە خاوەن شەهیدە و زەحمەتێكی زۆریان كێشاوە، وەك زۆربەی ناوچەكانی دیكەی كوردستانیش كەمتەرخەمییان نەكردووە لە پێشڕەویكردنی دەستكەوتەكانی كوردستان، هەر خزمەتێك بۆ ئەم دەڤەرە بێتە كردن، هەقی ئەوانە و شایانی ئەوانە و پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوەندەی دەتوانین، زیاتر دەڤەری زاخۆ پێش بخەین.

جگە لەوەی هەندێك كات لە ڕێگەی كوردایەتی و بەرەڤانی و بەرخۆدان لە هەرێمی كوردستان، زاخۆ چەند زەحمەتی كێشاوە، زاخۆ دەڤەرێكی گرنگی بازرگانییشە، دەڤەرێكە كە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی توركیاوە بە ئەورووپا گرێ دەدات. گەلەك بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەم ڕێگەیەوە دەكرێت، پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین، ئێمە چۆن دەتوانین باشترین سوود لە ڕووی بازرگانی وەربگرین و خەڵكی زاخۆش لێی بێبەش نەبێت، بۆیە بڕیاری جووتسایدكردنی شەقام و جادەكانی زاخۆ بۆ ئاسانكاریی بازرگانیی نێوان زاخۆ و شارەكانی دیكەی كوردستان و گرێدانی هەرێمی كوردستان بە دەرەوەی كوردستان، ئەمە دەكرێ هەنگاوێكی باش بێت بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان.

پێش ساڵێك وەك ئەوەی من تێی گەیشتم، گوتیان ٦٠٪ی شەقام و كۆڵانە ناوخۆییەكانی زاخۆ هێشتا قیرتاو نەكراون، ئێمە سەربەرزین كە ئەمڕۆ دەڵێین لە ماوەی ئەو ساڵەی ڕابردوودا، ئەو هەڵمەتەی بۆ قیرتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی زاخۆ كراوە، زیاتر لە ٣٠٪ی ئەو ٦٠٪یە هاتووەتە ئەنجامدان و ئیشەڵا هەموو كۆڵانەكانی زاخۆ قیرتاو بكرێ و خزمەتێكی زیاتری زاخۆ بكرێت.

لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە زاخۆ شارێكی زۆر جوانە و دەڤەری زاخۆ زۆر دڵڕفێنە، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕ و پێكدادانەی ئێستا بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەكان هەیە، لە گوند و دەوروبەری زاخۆ هەیە، بووەتە هۆكاری ئەوەی ئێمە نەتوانین زۆر گوندی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە، هیوادارین ئەو شەڕە كۆتایی بێت و ڕێز لە سەروەری و خاكی ئێمە بگیرێت، بتوانین خزمەتێكی زۆرتری خەڵكی خۆمان بكەین و خەڵكەكەشمان بگەڕێنەوە سەر گوندی خۆیان، كە جێی زۆر جوانن و دەتوانین پرۆژەی گەشتیاریی زیاتر لە دەوروبەری زاخۆش دروست بكەین.

ڕەنگە پاش ئەم بۆنەیە، بچین سەردانێكی هەندێك لەو جێگایانەش بكەین، ئەوانەی دروست دەكرێن، بەتایبەتی پرۆژەی پردی دەلال كە دەزانم چەند گرنگیی بۆ خەڵكی زاخۆ و هەموو كوردستان هەیە، دڵخۆشم كە ئەو پرۆژەیەش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن، هیوادارین لە كاتێكی نزیكدا هەم خەڵكی كوردستان و هەم خەڵكی دەرەوەی كوردستانیش بێن سەردانی پردی دەلال بكەن.

من زۆر كاتی ئێوە ناگرم، من تەنیا دەمەوێ لە خزمەت ئێوەدا بڵێم ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردن و خوا دەرفەت بدات، دروستكردنی پرۆژەی زیاتر بۆ ئەوەی زیاتر بتوانین خزمەتی خەڵكی زاخۆ بكەین.

ئێمە لە بەرنامەشماندایە، بەنداوێكیش لەم دەڤەرە دروست  بكەین كە یەكێكە لەو پرۆژانەی لە بەرنامەی كابینەی حكوومەتدایە بۆ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە سەرانسەری كوردستان، بۆ ئەوەی هەم هاوكاریی زیاتریی جووتیاران بكرێت، هەم بابەتی ئاو كە بابەتێكی زۆر هەستیارە، ئەویش چارەسەر بكرێت.

ئەوەی دیكە لە ڕووی كەشوهەوا و ئاویش بتوانین هاریكار بین بۆ باشتركردنی كەشوهەوای ئەم دەڤەرە.

جارێكی دیكە سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە دەكەم، هیوادارم بەرپرسانی ئێمە و ئێمە هەموومان جێی ڕەزامەندیی ئێوە بین، هەم ڕازی بن و هەم زیاتر لە خزمەتی ئێوە بین.

هەر لە خێر و خۆشیدا بمێنن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.




دوایین هەواڵەکان

لقی خانه‌قین گواسترایەوە سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی (که‌ركوك.گه‌رمیان)

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانه‌قین -KDP.info- به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خانه‌قین گوتی "دوای گواستنه‌وه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی له‌ كه‌ركوك _ گه‌رمیان، ئاسانكاری باش بۆ ئه‌ندام وكادیرانی ئێمه‌ كرا، ئێمه‌ش له‌ كاركردن و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك به‌رده‌وامین، ئه‌و گردبوونه‌وه‌یەی بڕیاربوو له‌پێناو به‌رژوه‌ندی گشتی لە خانەقین بکرێت، جارێ راگیراوه‌." 

د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact