Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 28 AUG 2026 22:55 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئیمپراتۆری داهاتووی جیهان کێ دەبێت؟
| KDP.info


پ.د.نەزاکەت حسێن 

ئیمپراتۆرەکان لە مێژوودا بە هۆی سەرچاوە و ئامرازە جۆراوجۆرەکانی هێز سەرکردایەتی ئەو ناوچەیەیان کردووە کە لە ژێر دەستیان بووە و پەلیان بۆ داگیرکاری و ژیردەستەکردنی ناوچەی تریش هاویشتووە، ئیتر هێزەکە مادی و سەرمایە یان هێزی سوپایی یان ئایینی، یان خاوەنی زەوی و زار و سنوورێکی جوگرافی گەورە کە لە ژێر رکێفیان بووە. سەردەمانێک ئەمانە سەرچاوەی هێز بوون ئەو ئیمپراتۆریەتەیان هێشتووەتەوە، هەر ئەم ئامراز و سەرچاوەی هێزانەشیان بەکار دەهێنا بۆ داگیرکاری  و کۆنترۆڵی خەڵک و داگیرکردنی وڵات و ناوچەکان کە زۆربەیان بە رێگەی کاولکاری و کوشتن و بڕین و جینۆساید و قڕکردن بووە تا جەنگی جیهانی دووەم.

دوای جەنگی جیهانی دووەم ئیتر سەرتایەک بوو بۆ هاتنەئارای ئامرازێکی تری هێز و جۆرێکی تری ئیمپرالیزم کە ئەویش ئیمپریالیزمی کەلتوری بوو. ئەوە بوو ئەمریکا دوای جەنگەکە خاوەنی پردێکی زۆری بەستنەوەی جیهانی بوو لە گەڵ بەرهەمێکی زۆری پیشەسازی و تەکنەلۆجی کە هەمووی پێویستی بە ساغکردنەوە و دۆزینەوەی بازاڕ بوو، بە براوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی وت ئیتر لەمەودا داگیرکاری بە رێگەی کاولکاری و کوشتن و بڕین لاواز دەبێت، بەڵام دەبێت رێگەی تر بگرینە بەر بۆ خستنە ژێردەستی جیهان بۆ خۆمان، ئەویش داگیرکاری کەلتوری کەناوی نا 'جەنگی مێشک' کە ستراتیژی ئەوەبوو لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کەلتوری ئەو وڵاتانەی خاوەن کاڵا و بەرهەمی پیشەسازین بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و دابەشکردنی تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر جیهاندا کەلتوری وڵاتان  داگیر بکەن، کە کەلتوری گەلێکیشت داگیر کرد و کەلتوری خۆیت سڕیەوە، کەلتورێکی ترت بە بەردا کرد ئیتر کاڵاکانی تۆ دەکڕێت و دەبێتە بەکاربەری ئایدیاکانت، ئینجا شتومەکەکانت. راگەیاندن و بەرهەمە راگەیاندنەکانیان وەک ئامرازێکی کاریگەری ئەو داگیرکاریە کەلتوریە هەڵبژارد کە رێچکەکەی بەم شێوە بوو، پشتبەستنی میدیا بە بەرهەمهێنانی بەرهەمە میدیایەکانی وەک دراما و فیلمەکان و ناردنی بۆ وڵاتان و نیشاندانی کەلتوری جیاواز پێیان، پشتبەست و داگیرکاری کەلتوری دروست دەبێت، داگیرکاری کەلتوریش ساغکردنەوەی بیر و کاڵاکانی لێدەکەوێتەوە، کەواتە پشتبەستنی ئابووری دروست دەبێت، پشتبەستنی ئابووریش بە هەر وڵاتێک ژێردەستەیی ئەو وڵاتەی لێ دەکەوێتەوە. ئەمانە رەنگە تا ئەمڕۆ سەدەی ٢٠ تاکە رێچکەی داگیرکاری نەرم و ناکاولکاری بووبێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بۆ سەدەی ٢١ ئیمپراتۆریەتێکی نوێ سەرکردایەتی جیهان بکات، ئەویش ئیمپراتۆریەتی داتا و زانیارییە، هەر وەک داگیرکارییە نەرمەکە ئامرازی زانیاری و داتایە، بەڵام داگیرکاری کەلتوری و نەرم لە رێگەی ناردنی زانیارییەکان، Flow information بوو، هەر وڵاتێک توانای هەناردەی زانیاری و مەعلوماتی هەبووە دەبووە داگیرکار و ئەو وڵاتەش توانای هەناردەی نەبوو دەکەوتە ژێر لێشاوی هاتنی زانیارییەکان و دەبوونە ژێردەستە. بە بەرهەمهێنانی زیرەکی دەستکرد و ئامێرە زیرەکەکانی کۆمینیکەیشن و زانیاری جگە لەوەی ناردنی زانیارییەکانی خێراتر کرد و بەردەوامی پێدا، رێگەیەکی تر دەستی پێکرد ئەویش کۆکردنەوەی زانیارییەکان Collecting  information. واتە لە هەمان کاتدا ئامێر زانیاری هێنەر و کۆکردنەوەی زانیاری و زانیاری بەرن.

سێرهی پلۆخی  پرۆفیسۆر لە زانکۆی هارڤارد دەڵیت "خەڵک وایدەزانی ئەوانە خەڵەفاون کە میلۆن دۆلاریان خەرج دەکرد بۆ دامەزراندنی ئینیستیگرام و واتساب و دەیانوت خۆ ئەمانە پارە بەرهەم ناهێنن، ئیتر بۆ پارەی تیا خەرج دەکەن، نەیاندەزانی ئەمانە داتا و زانیاری بەرهەم دێنن بە رێگەی کۆکردنەوەی لە بەکارهێنەرەکانیان" واتە لەم ئامێر و ئەپلیکەیشنانە پارە خەرج دەکرێت وەک چۆن لە رابردوودا بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی بۆ وەبەرهینانی کاڵا و هەناردەکردنی، دواتریش بەرهەمهێنانی میدیایی بۆ هەناردەی زانیاری، ئێستا پارە خەرج دەکرێت بۆ وەبەرهێنانی داتا. داتا و زانیارییەکان کۆدەکرێتەوە لە مرۆڤەکان لە زانیارییە کەسییەکان تا بایۆلۆجییەکان، ئیتر لەوێوە مانیپۆڵ و کۆنترۆڵی دەکرێت. ئەمەش گرفتەکەی لەوەدایە، چۆن لە رابردوودا هەموو وڵاتان نەیانتووانی ببنە خاوەنی بەرهەمی پیشەسازی یان بەرهەمهێنانی زانیاری و مەعریفە و هەناردەکردن  جیاوازی هێز دروست بوو، لە ئێستاشدا هەموویان ناتوانن ببنە خاوەنی ئامێری کۆکردنەوەی داتا و زانیاری، ئەمەش جیاوازی بوونی هێز دروست دەکات، سەر لە نوێ ئیمپریالیزم دروست دەبێت لەژێر ناوی 'ئیمپریالیزمی داتا و زانیاری' ئەوەی زانیاری و داتای زۆری مرۆڤەکانی جیهانی لابوو، ئەوە دەبێتە خاوەن هێز، هەر وەک یوڤاڵ هەراری فەیلەسوفی سەردەم دەڵێت "لە سەدەی ٢١ و ئایندە کێ خاوەنی زۆرترین داتا و زانیارییەکان بوو لەسەر مرۆڤەکان، ئەوانە دەبنە ئیمپراتۆری جیهان، بێگومانیش ئەوانە کە خاوەنی زیرەکی دەستکرد و سایتەکانی وەک ئەمازۆن و گۆگڵ و ئامێرەکانی زیرەکی دەستکردن، چونکە لەوێوە زانیاری لەسەر کۆی مرۆڤەکان وەردەگرن و کەسی و  بایۆلۆجی، ئیتر بەرنامەی بەپێی خواستی بیرکردنەوەی پێداویستی بۆ دادەرێژن، دەبنە  خاوەنی هەمبارە گەورەیەکی زانیاری و داتای مرۆڤەکان کۆنترۆڵی مێشک و تەنانەت ناخ  و هەست و بیرکردنەوەکانیشی دەکەن." هەر یەکەمان ئێستا لانی کەم ئامێرێک و چەند ئەپلیکەیشن و ویب سایت رۆژانە بەکار دێنین، کە چاودێری ئەوەمان دەکات چی دەکەین؟بۆ کوی دەرۆین؟ لەگەڵ کێ کۆدەبینەوە؟ خواستەکانمان چییە؟ چی دەخوێنیتەوە؟ سێرچ و گەران بۆ چی دەکەین؟ ئەمانە شیکار و پێوانەیان بۆ دەکرێت بۆ لێتێگەیشتنی تەواوی مرۆڤەکان، ئیتر دەزانن چیت بۆ بەرهەم دێنن، تەنانەت ئاراستەت دەکەن دەنگ بە کێ بدەیت و کێ هەڵدەبژێریت. ئەمانە کۆنترۆڵی ئایندەی مرۆڤەکان دەکەن، ئیمپریالیزم و  ئیمپراتۆریەتی داتا و کۆلۆنالیزمی داتا ئەمانە دەبن، کە زۆرترین زانیاری و داتایان لادەبێت. یوڤاڵ هەراری فەیلەسوفی سەردەم دەڵێت "سەردەم تا ئێستاش نازانرێت ئەم داتا و زانیاریانەی کۆ دەکرێنەوە بۆ کوێ دەڕۆن کالیفۆرنیا یان بۆ بەیجین و شەنگەهای، بەڵام لە هەر شوێن وڵات زۆرترین ئەم زانیاری و داتایانە کۆبوویەوە ئەو ئیمپراتۆری داهاتووی جیهان دەبێت، گەرچی تا ئێستاش زۆرینەی سیاسییەکان ئاگاداری ئەمە نین  و روئیایان بەرامبەر ئەمە نییە و گەشەی تەکنەلۆجیا بەم مەترسییە نازانن".

 




دوایین هەواڵەکان

مەسروور بارزانی هاوخەمیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی شاهانە و گەلی نەرویج دەکات

FRIDAY, 28 AUGUST 2026 21:08:16

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا خەمباریی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی پاشای نەرویج دەربڕی و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی شاهانە و خەڵکی ئەو وڵاتە کرد.

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی پاشایەتی و گەلی نەرویج دەکات

FRIDAY, 28 AUGUST 2026 16:08:21

هەولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ هه‌ینی 28ی ئاب، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان له‌سه‌ر تۆڕی (ئێكس) په‌یامێكی هاوخه‌میی بۆ كۆچی دوایی پاشا هاراڵدی پینجه‌م پاشای نه‌رویج ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند، پاشا هاڕالد پاشایه‌كی خه‌مخۆر و به‌ڕێز بوو.

 
ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەکانی کوردستان

FRIDAY, 28 AUGUST 2026 14:08:06

هەولێر -KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ئەفسەر و پێشمەرگەکان لەبارەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەربازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و داوایان لێ دەکات بەوپەڕی وشیاری و بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ زانیارییە سەربازییەکاندا بکەن.

 
تایبەت بە KDP.info: بەهۆی بایەخپێدانی حکوومەتەوە بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوون گەیشتە ٨٠٠٠ تۆن

FRIDAY, 28 AUGUST 2026 13:08:25

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرای کرد، ئێستا لە کوردستان ٥٢ هەزار دۆنم زەوی بە نزیکەی ٤ ملیۆن دار زەیتوون داچێندراوە و بڕی بەرهەمی ساڵانەی زەیتی زەیتوونی ناوخۆییش گەیشتووەتە تا ٨٠٠٠ تۆن، هاوکات جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکان کردەوە بۆ بەبڕاندکردنی زەیتوونی کوردستان.

 
ژینگەی گەرمیان بۆ KDP.info: هاوکاریی هاووڵاتییان و توندیی یاساکان ئاژەڵ و باڵندەی کێوییان زیاد کردووە

FRIDAY, 28 AUGUST 2026 10:08:48

گەرمیان-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی سامانی سروشتی و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر ژینگە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ئەرکەکانیان بەرفراوانتر کردووە. لەسەر بنەمای هەماهەنگیی توندی نێوان ئۆرگانە ئەمنییەکان، دادگا و بەتایبەتیش هاوکاریی هاووڵاتییان، ناوچەکە هەنگاوی دیار دەنێت بەرەو پاراستنی سەرجەم پێکهاتە سروشتییەکان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact