Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 29 SEP 2026 09:00 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (٧٦) حەفتاوشەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ھاوڵاتییانی ئازیزی کوردستان خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کادیر و ئەندام و دۆست و ھەوادارە قەدرگرانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ شازدەی ئابە، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرھەمدارەکەی گەلەکەمان، کە تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و لە ھەمان ڕۆژیشدا ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی لەدایکبوو و چاوی بە ژیان و خەبات ھەڵێنا، دەستپێک بە دڵێکی پڕ لە ھیواوە، ھیوا بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر، پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل، ڕێزدار سەرۆک بارزانی، نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازان دەکەین.

لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، لە نێو تاریکی زوڵم و ڕۆژگاری پڕ لە ستەمی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادی گەل و خاک و نیشتیمان وەئەستۆ گرت و لەو ساوە تا ئێستا، واتە (٧٦) حەفتاوشەش ساڵە، دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە، لەوانە:

چارەسەرکردنی گرێی سایکۆلۆژیی ژێردەستی و دروستکردنی ھیوا بۆ ڕۆڵەکانی گەل؛ ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و قوربانییەکانی و رێککەوتننامەی یازدەی ئادار؛ چۆکدادان بە پیلانی شوومی جەزائیر و شکاندنی نسکۆ و ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی، کە بۆ ئەوکات و ئێستایش پڕە لە ھێز و ھیوا و ھەستانەوەی نەتەوەییانە و نیشتیمانییانە؛ داڕشتنی پلان و نەخشەی حەکیمانەی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی ١٩٩١ و ڕابەرایەتیکردنی بەرەی کوردستانی لەلایەن ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی و دواتر خاوەندارییەتیی یەکەم مانیفێستی ھەڵبژاردنی دیموکراسییانەی گەل، کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە وتارە مێژووییەکەیدا لە ڕۆژی ٢٢ ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە شاری کۆیە پێشکەشی کرد؛ شکاندنی سوپای ڕژێمی بەعس لە دوای کۆڕه‌وە ملیۆنییەکە؛ بەشداریکردنی لە دامەزراندنی ئەزموونی یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرپێخستنی دامەزراوەکانی تری کوردستان و بڕیاری فیدرالیەت؛ بەشداریی کارای لە پرۆسەی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووری عێراق؛ ڕووبەڕووبوونەوەی مەردانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و، تاجی دەستکەوتەکانیش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، کە تا ھەتایە مایەی شانازیی نیشتیمانپەروەرانی کوردستانەو، وەک ئەستێرە بە ئاسمانی کوردستانەوە دەدرەوشێتەوە.

جەماوەری ئازیزی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە جیھانبینیی(مستەفا بارزانی)ی ڕابەری نەتەوە و دامەزرێنەری پارتی، لە ڕۆژی گەشی دامەزراندنییەوە تا ئێستا خەبات دەکات لە پێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و، ھەروەسا کار دەکات لە پێناو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووری و گەشەکردنی کولتووری و فەراھەمکردنی باشترین ژیان بۆ ھاوڵاتییان، پێخەمەت ئەو ئارمانجانەیش بەردەوام لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە کار و کۆششدایە بۆ کوردستانێکی بەھێز و ژیانێکی باشتر.

ھاوڵاتییانی خۆشەویست کادیر و ئەندام و دۆست و ھەوادارانی ھێژای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدا کە ئەم یادە شکۆدارە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، ناوچەکە و عێراق و کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیار و پڕ ئەرکدا تێدەپەڕێت، گرفتە سیاسی و ئابوورییەکان تا دێ ھەڵدەکشێن، بۆیە دەبێ ھەموومان ڕووەو چارەسەر ھەنگاو بنێین، بەرژەوەندییە باڵاکان ببینین و لە پەنجەرە گەورەکەوە سەیری ئەرکە ھەنووکەیی و ھەمیشەییەکان بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە، ڕووی لە ئاشتی، چارەسەر، یەکریزیی نێوخۆییدایە و، لەگەڵ بەغدایش دەستووری هەمیشەیی عێراق و رێککەوتن و سازان بە بنەمای چارەسەر دەزانێت و لەو پێناوەشدا ماندوو نابێ و ھەموو ھەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی خۆی دەخاتەوە گەڕ و شێلگیرانە لەو پێناوەدا خەبات دەکات.

لەم یادە پیرۆزەدا دروود بۆ گیانی شەھیدانی کوردستان دەنێرین، ئەو شەھیدە سەربەرزانەی بە خوێنی ئاڵی خۆیان کوردستانیان لە بەرزیدا ھێشتەوە، بە سەری بەرزەوە لە باڵای پڕ ئیفتیخاری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەڕوانین و سڵاوی شانازییان بۆ دەنێرین.

دەرفەتێکی زێڕینە سوپاسی دڵسۆزی و لەخۆبردوویی و ئەمەکداریی سەرکردایەتی و کادیر و ئەندام و دۆست و ھەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، کە لە سەختیدا پێشمەرگە و لە ئاشتیدا چرا و لە کاتی ھەڵبژاردندا دەنگی مسۆگەری سەرکەوتنن و ئیرادە بۆ نەوەکان دەگوازنەوە. سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە پێناو گەلی کوردستان و وەدیھێنانی ئاوات و خەونە لە مێژینەکانی دامەزراوە.

شکۆدار بێت (١٦ ی ئاب)، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرھەمدارەکەی گەلی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان




دوایین هەواڵەکان

د. ھێمن ھەورامی سەردانی لقی ۲٥ی کرد و پرسی بەھێزکردنی ڕێکخستنەکانی تاوتوێ کرد

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 21:09:00

کەرکووک-KDP.info- لە چوارچێوەی کار و پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۲۸ی ئەیلولی ۲٠۲٦، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، بە ھاوڕێیەتیی ژمارەیەک لە ھەڤاڵانی بەشی ڕێکخستن و بە ئامادەبوونی یاریدەدەر و ئەندامانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیان ـ خانەقین، سەردانی لقی ۲٥ی دەوروبەری کەرکووکی کرد.

 
جەخت لە ڕێنماییەکانی مەسروور بارزانی بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان کرایەوە

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 21:09:00

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بنبڕکردنی ڕۆتین لە دامەزراوەکاندا، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی یەکە ئیداری و حزبییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

 
فازڵ میرانی: ئێزگەی دەنگی کوردستان، دەنگی پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستان بوو

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 20:09:00

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات و لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئێزگەی دەنگی کوردستان، سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو و گرنگی ھەواڵەکانی شۆڕش و چالاکییەکانی پێشمەرگە بوو.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 20:09:00

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی (٦٣)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و سەرجەم کادیر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات.

 

مەسروور بارزانی و لۆرد ئاشکرۆفت بیروڕایان لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد

MONDAY, 28 SEPTEMBER 2026 19:09:07

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێشوازی لە لۆرد مایکل ئاشکرۆفت، سیاسەتکار و خاوەنکار و سەرۆکی فەخری یەکێتیی نێودەوڵەتیی دیمۆکراسی (IDU) کرد.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact