Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 11 OCT 2026 12:38 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا و دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی تاووتوێ دەکات
| KDP.info


ئەمڕۆ چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە دیدارەکەی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حکومەتی ڕاسپارد، هاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن و ئاسانکاری پێویستیان پێشکەش بکەن و زیاتر زانیاری و ڕوونکردنەوە دەربارەی کار وچالاکییەکانی حکومەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی کوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی.

دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریکردنی لە وتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری کاراکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان  ژمارە 11 ساڵی 2013 کرد، ئەویش لە ڕێگەی دەرکردنی ڕێنمایی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان  ڕێک بخرێتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکانی سکچوونی توند و پەتای کۆلێرا وکۆنتڕۆڵکردنیان خستەڕوو کە تیایدا بە ئامار و شیکاری، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پەتاکە و ئامادەکاریی و ڕێکار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەکەی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ  کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکەی وەزیری تەندروستی پەسەند کرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی سەرچاوە و هۆکاری نەخۆشیەکە، بە تایبەتی پاكکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەمبارەیەوە.

پاشان لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ، دەرەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کارکردنیان بۆ دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی کوالێتییەکەی و ڕاشیسپاردن کە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێکارانە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کۆنترۆلکردنی نرخی سووتەمەنی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گرنگترین کار و پڕۆژەکانی چاکسازی کە لە لایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەکە و یاسای چاکسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 کە لە لایەن وەزیرەکانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران، جەختی کردەوە لە بەردەوامبوون لەسەر پلان و بەرنامەی چاکسازیی کابینەکە کە بەشێکی گرنگ و سەرەکی بەرنامەی کاری کابینەکەیە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، تاکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکیەکان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبوونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تا 2022/9/30  وەک ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نیسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شیری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها ئاسانکاریی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تا 2022/10/17 بە ڕەچاوکردنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستن و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆخی کەمی لەوەڕگاکان وکەمی ئالیک و تیمەکانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە خراپ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکاریانە و بەرزکردنەوەی نرخەکان.

لە بڕگەی چوارەمی کۆبونەوەکە،  ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پابەندبوونی حکومەتی بە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 5 ساڵی 2015 کردەوە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی داد، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکان، بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە، لە پێناوی  پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی پێکهاتە جیاکانی هەرێمی کوردستان تێێدا جێگیربوون وڕێگەگرتن لە هەر ڕەفتار وسیاسەتێکی نەرێنی کە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ڕەسەنی ئەو ناوچانە یان گۆڕینی دیمۆگرافیان.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە  پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکانی نەوت وگاز لە هەرێمی کوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە زانیاری وژمارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز  بۆ ڕای گشتی. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەکانی نەوت وگاز و داهات وخەرجییەکانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە  گرێبەستی خزمەتگوزاریی وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت ، لە ڕووی نرخ وتێچووی خزمەتگوزارییەکە و خستنەڕووی ڕاپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی و فراوانکردنی چالاکیبەکانییان و دەوڵەمەندکردنی ڕاپۆرتەکانی مانگانە . جەختیش لەسەر ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم کرایەوە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و نوێکردنەوەی یاسا وڕێنمایی و پێوەرەکانی دارایی و وردبینی کارپێکراو لەهەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نوێ و هاوچەرخەکانی ئەم بوارە .




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact