ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، کێشەی قوتابیانی کورد و عێراقی لە ئۆکراینا چارەسەرکراوە و ئەوانەی بە فەرمیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا تۆمارکراون لەھەمان بەش و کۆلێژ لە ھەرێم و عێراق درێژە بەخوێندن دەدەن.
د. نەھلە قادر، جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای شەڕی رووسیا و ئۆکراینا قوتابیانی ھەرێمی کوردستان و عێراقش ناچاربوونە ئەو وڵاتە بەجێی بێڵن و بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان ئەمەش وایکردووە بێبەش بکرێن لە خوێندن و رەوشی ئۆکراینا ھۆکارە بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە زانکۆی خۆیان لەو وڵاتە درێژە بەخوێندن بدەن".
جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا دەشڵێت: "دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگیمان کرد، بڕیاردرا ھەر قوتابیەکی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتەوە پێشتر بۆ مەبەستی خوێندن ڕووی لە ئۆکراینا کردبێت و ئێستا گەڕابێتەوە لەھەمان بەش و کۆلێژ لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن".
د. نەھلە قادر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "دوای بڕیاری ھەرێمی کوردستان لە عێراقیش ھەمان بڕیار دەرکراوە و ھیچ قوتابیەک بێبەش ناکرێ لە خوێندن، بەمەرجێک پێشتر مەلەفی ھەبێت لە خوێندنی باڵا و بە فەرمیی بۆ خوێندن ڕووی لەو وڵاتە کردبێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەو قوتابیانەی بەھۆی رەوشی ئاڵۆزی ئۆکراینا ناتوانن بگەڕێنەوە".
قائید میرۆ