Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 27 MAY 2026 00:07 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی به‌ڕێوه‌چوو و ته‌واوی بڕیار و راسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌ شه‌ش ته‌وه‌ردا خسته‌ڕوو کە ئەمە دەقەکەیەتی:

راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکەوتی ٨ی٥ی ٢٠٢٢ بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆک، ئەنجومەنی سەرکردایەتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا. دوای وەستانی دەقیقەیەک بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو، کۆبوونەوەکە چەندین تەوەری لەخۆ گرتبوو، بەم شێوەی خوارەوە:

- تەوەری یەکەم: باس لە بارودۆخی عێراق کرا بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە ١٠ی١٠ی٢٠٢١ و پڕۆسەی پێکهێنانی هاوپەیمانی (رزگاری نیشتمانی)، کە لە سێ لایەنی براوەی یەکەمی هەرسێ پێکهاتەی شیعە و کورد و سوننە (تەیاری سەدری، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سیادە) پێکهاتووە. هەروەها باس لە کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی فیدراڵ کراو هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان و شکاندنی ئەو داخرانە سیاسیەی هاتۆتەپێش، ئەویش بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەم چەند رۆژەی داهاتوو لەگەڵ لایەنەکانی هاوپەیمانی بە لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە، بە لەبەرچاوگرتنی گشتی وڵات بە ئاڕاستەی لادانی ئاستەنگەکان و لێکتێگەیشتن بۆ دەربازکردنی وڵات بەرەو قۆناغێکی باشتر، لە هەمانکاتدا داکۆکی لە هەموو مافە دەستووریەکانی هەرێم دەکەین و جەخت لە جێبەجێ کردنی مادە دەستووریەکانی دەکەین بەتایبەتی مادەی ١٤٠، هەروەها دروستکردنی دامەزراوە دەستووریەکان، لەوانەش ئەنجومەنی فیدراڵی و دامەزراندنەوەی دادگای فیدراڵی بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێرا ق و دانانی یاسای نەوت و غاز لەبەر رۆشنایی مادە دەستووریەکانی پەیوەست بەم بابەتە.

- تەوەری دووەم: باس لە بارودۆخی نێوخۆی کوردستان کراو تیشک خرایە سەر هەوڵ و هەنگاوەنی پارتیمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی١٠ بە کۆبوونەوە و سەردانیکردنی گشت لایەنەکان بەوانەیش کە کورسیشیان بەدەست نەهێنابوو لە روانگەی ئەوەی کە ئەمانەش لایەنی سیاسین و مافی بەشداریکردنیان هەیە لە رەسمکردن و بڕیاری سیاسی کە پەیوەندی بە کۆی پرۆسەی سیاسی کوردستانەوە هەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی. کۆبوونەوە بە باشی زانی ئێستاش هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخ و لێکتێگەیشتن و چارەسەری گرفتەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتمانی و، تێپەڕاندنی ئەو بەرژەوەندیانە بۆ سەرووی بەرژەوەندی حزبایەتی. لێرەدا داوا لە هەموو لایەک دەکەین، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە نەگۆڕەکانی نیشتمانی و مافە دەستووریەکان لە یەکتر نزیک ببینەوە و کاری هاوبەش بکەین.

- تەوەری سێیەم: باس لە بارودۆخی هەرێمایەتی کرا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا سەربارەت بە درێژەدان بە پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و لەسەر پرنسیپی پاراستنی بەرژەوەندی هەردوولا و، لەبەرچاوگرتنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و پاراستنی هەرێم و نەبوونی بە بەشێک لەو کێشانەی کە لە نێوان ئەو وڵاتانە و هەندێ وڵاتی دیکەدا هەیە. لەلایەکی دیکەوە چاوەڕوانین لە لایەنە سیاسیەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان نەبنە هۆکاری دروستکردنی کێشەو گرفتی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان و رەچاوی بارودۆخەکە بکەن.

- تەوەری چوارەم: ئەم تەوەرە تایبەت بوو بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كە تێیدا كۆبوونەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان  لە کاتی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لەوە دەکەینەوە، کە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵسێت و کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە. هاوتەریب لەگەڵ بەڕێوەچوونی کارەکانی پەرلەمان، داوای نزیکبوونەوەی لایەنەکان دەکەین بۆ نزیکترکردنەوەی راوبۆچوونە جیاوازەکان و گەیشتن بە جۆرێک لە رێککەوتن، تاوەکو پەرلەمان پەکنەخرێت و بە ئەرکی پەیڕەوی و یاسایی خۆی هەڵسێت بۆ چەسپاندنی چاکسازی بەردەوام و پرۆسەی یاسا دانان و ئەرکە پەرلەمانییەکانی دیکە.

- تەوەری پێنجەم: کۆبوونەوە پشتگیری خۆی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند و، پشتیوانی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم دەکات و هیوادارین تەواوی ئاستەنگەکانی بەردەمی لابردرێت، کە بەرنامەکانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دایە.

- تەوەری شەشەم: بارودۆخی نێوخۆی پارتیمان، کۆبوونەوە بڕیاریدا:

دوای هەڵسەنگاندن و بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان و لێکدانەوەی هەل و مەرجەکان، کۆبوونەوە بڕیاری دا:

١-پڕکردنەوەی بۆشایی نێو ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کە بەداخەوە سێ هەڤاڵی تێکۆشەرمان کۆچی دواییان کردووە، بۆیە کۆبوونەوە بڕیاریدا بەسەرخستنی سێ هەڤاڵی یەدەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەن.

٢-بەستنی کۆنگرەی چواردەهەم لە وەرزی پاییزی ئەمساڵ، کە بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوە دەسەڵاتی پێویستیدا بە مەکتەبی سیاسی بۆ دروستکردنی لیژنەی ئامادەکاری و لیژنەکانی دیکە و ئامادەکاریەکانی پێویست بە گوێرەی ئەوەی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتیمان ئاماژەیان پێکراوە.

 

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی

پارتی دیموکراتی کوردستان

٨ی٥ی٢٠٢٢

-

-

-

 




دوایین هەواڵەکان

د. بەشیر حەداد ناوەڕۆکی وتاری سبەی جەژن لە ڕێگەی KDP.infoوە دەخاتەڕوو

TUESDAY, 26 MAY 2026 23:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی وتاری ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وتاری سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان زیاتر جەخت لەسەر بەھا کۆمەڵایەتییەکان، تەبایی و لێک نزیکبوونەوە دەکاتەوە. ھاوکات داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد جەژن بکەنە دەرفەتێک بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان.

پۆلیسی هەولێر پلانی هەر چوار ڕۆژی جەژن لە ڕێگەی KDP.info دەخاتەڕوو

TUESDAY, 26 MAY 2026 21:05:44

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە پلانێکی ئەمنیی تۆکمەیان داڕشتووە. داواش لە هاووڵاتییان دەكات، لە کاتی بوونی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو یان بینینی هەر حاڵەتێکی نایاسایی و نائاسایی، پۆلیسی هەولێر و دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بكەنەوە.

 
پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

TUESDAY, 26 MAY 2026 20:05:36

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان، مەکتەبی سیاسیی پارتی پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات، بەم بۆنەیەشەوە جەخت لەسەر هەماهەنگیی گشت حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

 
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

TUESDAY, 26 MAY 2026 18:05:52

ھەولێر-KDP. info-  مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و ئومێد دەخوازێت ئەم جەژنە ببێتە مایەی سەقامگیری و تەبایی لە ناوچەکەدا.

 
پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ جەژنی پیرۆزى قوربان

TUESDAY, 26 MAY 2026 18:05:02

ھەولێر-KDP. info-  سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ جەژنی پیرۆزى قوربان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact