Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 9 OCT 2026 07:15 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

هێمن هەورامی: پارتی خاوەن دیدگا و مەرجەعێکی بەهێزە و دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیاتەکان ببێتەوە
| KDP.info


لە درێژەی وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەوڕووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، وێبینارێك بۆ  هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ژێر ناونیشانی (دۆخی سیاسی هەرێم لە دیدگای هێمن هەورامییەوە. کارامەیی پەرلەمان و جێی دەستی پارتی تێیدا) سازکرا.

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەدا کەوا هەرێمی کوردستان ئێستا بە پڕۆسەی دەوڵەتسازی و بەهێزترکردنی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا تێدەپەڕێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕوومان لە ئایندەیە و ڕابردوو بۆ وانە وەرگرتن بەکاردێنین بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئامانجەکان و دەستنیشانکردنی چوارچێوەی ستراتیژیەتمان.
دەشڵێ،
"کۆمەڵێك تەحەدیاتی گەورە لەبەردەمی هەرێمی کوردستانن لەسەر ئاستەکانی ناوەخۆ، عیراق و ناوچەکە و جیهاندا کە پێویستە هەرێم خۆی بۆی ئامادە بکات. لە ناوخۆشەوە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی سێ تەحەدیاتی گەورە بۆتەوە کە بریتین لە تەحەدیاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان."
هێمن هەورامی ئاماژەیشی دا، کەوا بەهۆی ژمارەیەك هۆکاری جییاوازی ناوەخۆ و دەرەکی، هەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە پەیوەندی نیوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، دەبوا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕەچاوی ئەو تەحەدیاتانەیان بکردبایە لە عیراق و ناوچەکە و جیهاندا، پەیوەندییەکی تەندروست تر لە نێوانیاندا هەبوایە. ئاماژەشی بەوەدا کەوا بەغدا هەر بەردەوامە لە سزادانی هەرێمی کوردستان کە ئەوەش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا بوونە تەحەدیاتێکی گەورەی ئابووری کە هەرێمی کوردستان دووچاری بووەتەوە. هاوکات تیشكی خستە سەر دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان و  گوتی کەوا داعش هەڕەشەیەکی لەناوچوو نییە، بەڵکو خەریکە خۆی کۆدەکاتەوە و کار لەسەر ناسەقامگیرکردنی بارودۆخی هەرێم دەکات. هەروەها ئاماژەی بە هەڕەشەی بەردەوامی میلیشیا شیعەکاندا لەسەر ئەمن و ئاسایشی هەرێم و هێرشە بەردەوماکانیان بۆ سەر  کوردستان.
سەبارەت بە پەکەکەش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "پەکەکە بووەتە ڕێگە خۆشکەر بۆ لەشکرکێشی تورکیا بۆ ناو هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە. خۆسەپاندنی پەکەکە بەسەر هەندێك لە ناوچە کوردستانییەکان و ڕێگرتنیان لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان لەگەڵ بەغدا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حەشدی شەعبی کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە."
هێمن هەورامی هەروەها راشیگەیاند: "متمانەی تەواومان هەیە کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان وەك پارتێکی مونەزەم و خاوەن دیدگا و بەرچاوڕوونی و مەرجەعێکی بەهێز دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدیاتانە ببێتەوە و کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارام."
سەبارەت بە بارودۆخی عیراق و هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کودرستان ئاماژەی بەوەدا کەوا عیراق بە ئاڵۆزییەکی یەکجار گەورە تێدەپەڕێت و ناڕوونی و نادڵنیایی لە کەیسی عیراقدا هەیە. وا پێدەچێت عیراق و تەواوی ناوچەکە چیتر لە ئەولەویاتی سەرەکی ئەمریکادا نەبێ، ئێستاش ڕوون نیە کە هەڵبژاردن دەکرێت یان نا، چاوەڕوانی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی دەکرا.
گوتیشی: "بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن کشانەوەی سەدرییەکان لە هەڵبژاردنەکان زەڕبە بوو بۆ پارتی، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوە راست نییە، چونکە ئێمە هیچ هاوپەیمانیەتەکمان لەگەڵ سەدرییەکان ئەنجام نەدابوو بۆ ئەوەی کشانەوەیان ببێتە زەڕبە. لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەوان و لایەنە عیراقییەکانی تریش هەیە. چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە لە لایەن سەدرییەکانەوە، بارودۆخی عیراق خەراپتر دەکات و ململانێی نێوان لایەنە شیعیەکان زیاتر دەکات."
هێمن هەورامی ئاماژەیشی دا،  ئێمە نامانەوێت ببینە تەڕەفی وڵاتێکی ئیقلیمی لەسەر حیسابی وڵاتێکی تر، یاخود لە ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا. "پارتی دیموکراتی کوردستان خوازیاری پەیوەندیەکی هاوسەنگە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر"
سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستانیش، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەدا کەوا هەرچەندە ئەوان بە تەواوی لە ئەدا و کاری پەرلەمان  و بەرنامەکانیدا ڕازی نین و لە ئاستی تەموحدا نەبوونە، ئەویش بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و دواتریش بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا و کەڕەنتینەی گشتی، بەڵام هاوکات خولی ئەوجارەی پەرلەمان توانیویەتی دەسکەوتی زۆر باش وەدەست بێنێت و یاسای گرینگ تێبپەڕێنێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان کلیلی سەرەکیان بوو. لەو سۆنگۆیەشەوە ئاماژەی بە تێپەڕاندنی یاسای چاکسازیدا کە گەورەترین تەحەدی بوو. ئاماژەی بەوەشدا کەوا پرسەکانی دەستوری هەرێم، هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان و بودجە و دۆخی ئابوری گەورەترین بابەتن کە لەو خوولەدا تەرکیزیان لەسەر دەکەن. لەو ڕووەشەوە ووتی کەوا کاری باش و هەنگاوی باش نراون سەبارەت بە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوری هەرێم و چاوەڕوان دەکرێت لە دوای هەڵبژاردنەکانی عیراق دەست بە نووسینەوەی دەستور بکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕاپرسی لەسەر ڕەشنووسەکە بکرێت.  ئاماژەشی بەوەدا کەوا تا ئێستاش جیاوازی لەسەر چەند خاڵێکدا هەیە و بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستاش ئەوەیە کە سیستەمی حوکمڕانی پەرلەمانی بێت و  سەرۆکی هەرێم لەلایەن خەڵکەوە ڕاستەوخۆ هەڵبژێردرێت. گوتیشی ئێمە پشتیوانی لە هەموو داواکان و مافەکانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین و هەر چ ماف و زەمانەتێکیان ویست، ئامادەین بیخەینە ناو دەستورەکە. 




دوایین هەواڵەکان

لقی خانه‌قین گواسترایەوە سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی (که‌ركوك.گه‌رمیان)

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانه‌قین -KDP.info- به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خانه‌قین گوتی "دوای گواستنه‌وه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی له‌ كه‌ركوك _ گه‌رمیان، ئاسانكاری باش بۆ ئه‌ندام وكادیرانی ئێمه‌ كرا، ئێمه‌ش له‌ كاركردن و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك به‌رده‌وامین، ئه‌و گردبوونه‌وه‌یەی بڕیاربوو له‌پێناو به‌رژوه‌ندی گشتی لە خانەقین بکرێت، جارێ راگیراوه‌." 

د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact