Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 16 OCT 2026 04:00 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازی لە بەربژێرێکی کورد بۆ هەڵبژاردنی گشتی و فیدرالی لە ئەڵمانیا كرد
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، لە لایەن بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی کرا لە بەڕێز هاکان تاش، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی لە بەرلین  و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاساییش و خۆگونجاندن و ناوخۆ و گوتەبێژی فراکسیۆن بۆ کاروباری سیاسی و بەربژێری پارتی چەپی ئەڵمانیا ( DIE LINKE) بۆ پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆندستاگ.

لە یەکەمین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان، هاکان تاش،  پەرلەمانتاری پارتی چەپ ( DIE LINKE)ی ئەڵمانیا، سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دێسکی ئەورووپا بە گەرمی پێشوازی کران.

لە دیدار لەگەڵ پەرلەمانتەر هاکان تاش دا، هۆشیار سیوەیلی بە فراوانی باسی پەیوەندییەکانی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان و هەڵوێست و دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتی کرد و، باسی پەیوەندییەکانی ڕابردوو و ئێستای هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و بە تایبەتی لەسەر پرسی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کرد لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییەکان نێوان هەردوو لا و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد.

هەروا  باسی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵدا کرد و ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکان و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد لە چەندین بواردا.

پرسی داعش و پۆست داعش و هەروا ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و ڕەهەندەکانی پۆست ڕێفراندم و دۆخی هەرێمی کوردستان دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر و هەڕیشە و مەترسییە بەردەوامەکانی داعش و میلیشیاکان و دەستێوەردانی ناوچەیی لە دۆخی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش شەڕی ئێستای نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە نێو قۆڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و سنووربەزاندنی تورکیا بە بەهانەی بوونی هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان کە بەهۆیەوە سەدان گوند بە درێژایی سنوور لەگەڵ باکووری کوردستان خاپوور کراون و ڕێگری کراوە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە  و ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکەش کە زەرەرمەند بوون بە هۆی شەڕی چەندین ساڵەی نێوان تورکیا و پەکەکەوە لە نێو سنوورەکانی هەرێمی کوردستاندا، کە جیا لەوەی زیانێکی گەورە بە ژینگە و سامانی سرووشتی ناوچەکە کەوتووە بەردەوام بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی نێوان هەردوو لا ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و گوزەرانی دانیشتوانی گوندنشینی ناوچە سنوورییەکانیشی خستووەتە بەردەم مەترسی جدییەوە، کە بەردەوام  لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە داوا کراوە هەردوو لا ڕێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بگرن و کێشەکانی نێوانیان لە رێگەی سیاسی و بە ئاشتی و  دیالۆگەوە چارەسەر بکەن.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەشدا، باسی هەوڵەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لایەنی کوردی و بیانی کرا بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان کە ئۆباڵی سەرەکی شەڕ و پەلکێشکردنی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان و شەهید و بریندارکردنی ژمارەیەک پێشمەرگە و هاوڵاتی سڤیل دەکەوێتە ئەستۆی چەکدارانی پەکەکە کە رێز لە یاسا و سەروەریی خاكی هەرێمی کوردستان ناگرن و بەردەوام ڕێگە خۆش دەکەن بۆ سوپای تورکیا کە پەلاماری ناوچە سنوورییەکانی هەرێم بدات و  ڕێگە لە گەڕانەوەی گوندنشینەکان دەگرن بۆ سەر گوندەکانیان و گێچەڵ بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەکات کە ئاسایش و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکان.

لە دیدار لەگەڵ پەرلەمانتەر هاکان تاش دا، باسی پەیوەندیی دۆستانە و چالاکییەکانی ناوبراو کرا لە نێو ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا، بەڵام ڕەخنە لە سیاسەت و هەڵوێستی ڕابردووی پارتی چەپ (DIE LINKE ) گیرا کە دژایەتیی پێدانی چەکی کرد لە نێو پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستان لە ناوچەکە دا کە بەرەیەکی جەنگییان بە درێژایی نزیکەی ١٠٥٠ کیلۆمەتر  هەبوو  دژ بە تیرۆریستان، کە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە جیا لەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تێرۆریستانی داعشیان لەسەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان و بۆ سەر پێکهاتەکانی ئایینی و ئیتنی دوورخستەوە بەهەمان شێوە کۆمەڵگای جیهانی و مرۆڤایەتیشیان لە مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی پاراست و ئەوە ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو کە  پشتیوانی لە هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بکەن.

لە لایەکی تریشەوە، ڕەخنەی لە هەڵوێستی چەند پەرلەمانتارێکی بە ڕەچەڵەک کوردی نێو پارتی چەپ (دێلینکە) گرت، کە چەندین جار بە ناڕەوا پەلاماری ئەزموونی هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان داوە و زانیاریی چەوت و بێ بنەمایان بڵاو کردۆتەوە، هەر بۆیە داوا دەکەین بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی سیاسی و دیمۆکراسی  هەرێمی کوردستان و زیانی کە لە ئەنجامی شەڕ و پەلاماردانی سەربازی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە بە درێژایی ناوچە سنوورییەکان بە گوندنشینان و ژینگەی ناوچەکە کەوتووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. 

هەروا  بۆ پەرلەماتار هاکان تاش و بەربژێرە کوردەکانی تر کە کاندیدی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیای فەدەراڵن بۆ بۆندستاگ، هیوای سەرکەوتنیان خواست کە هەروا لۆبی بۆ دۆزی ڕەوای گەڵەکەیان بکەن و باشتر پرسی گورد بە کۆمەڵگای ئەڵمانیا و پەرلەمان و  دامەزراوەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ بناسێنن.

هاکان تاش، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی لە بەرلین و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاساییش و خۆگونجاندن و ناوخۆ و گوتەبێژی فراکسیۆن بۆ کاروباری سیاسی و بەربژێری پارتی چەپی ئەڵمانیا ( DIE LINKE) بۆ پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆندستاگ لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا  سوپاسی پێشوازیی گەرمی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و ڕایگەیاند دوای گەڕانەوە پەیامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەگەیەنێتە سەرکردایەتیی پارتەکەی و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی کە لە ئایندەدا شاندی هەردوو لا بتوانن لە گەشە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن و لێکگەییشتن و تێگەییشتنی باشتر لە نێوان هەردوو لا دروست ببێت بۆ خزمەتی بەرژەوەندی و دۆستایەتیی نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

هاکان تاش گوتی: لە نێو پارتەکەیدا دۆستانی زۆر هەن کە پشتگیری لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد دەکەن و پارتەکەی دژی شەڕ و پێدانی چەکە بە  لایەنەکانی ناکۆک لە هەموو جیهان و لە پێناوی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشێت، بەڵام تایبەت بە پرسی کورد پارتەکەیان لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردە و پشتگیری لە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمدا دەکات و دژی شەڕ و پەلاماردانی هەرێمی کوردستانە و هیوای خواست لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە  کۆتایی بە شەڕ بێت.

شایانی باسە، میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بە مەبەستی گێرەشێوێنی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕآست، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا باسی دەستگیرکردنی بەڕێز هاکان تاشیان کردبوو لە نێو فڕۆکەخانەی هەولێر، لە کاتێکدا پەرلەمانتەر هاکان تاش میوانی پارتی بووە، کە بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەرێمی کوردستان و  ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی پارتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، سەردانی هەولێری پایتەختی کردووە.

 




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact