Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 9 OCT 2026 13:23 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"پێش کەوتنی مووسڵ حکوومەتی عێراقمان ئاگادار کردبوو"
| KDP.info


مووسڵ-KDP. info-  حەوت ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن گرووپی تیرۆرستیی داعشدا تێ دەپەڕێت و بەھۆی داگیرکاریی داعشەوە جگە لە شەھیدبوون و ڕفاندنی ھەزاران ھاوڵاتیی سڤیل، ژێرخانی مووسڵ وێران کرا. بەرپرسێکی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، چەند ڕۆژێک پێشکەوتنی مووسڵ ھۆشدارییان دابووە حکوومەتی عێراق، بەڵام ئامادە نەبوون بەرەنگاری چەکدارانی داعش ببنەوە.

عسمەت ڕەجەب، بەرپرسی پێشووی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ھاتنی داعش ڕەوشی ئەمنی لە مووسڵ گەیشتبووە ئاستێکی مەترسیدار و ھەسمان دەکرد ڕەوشەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت، چونکە ڕەوشەکە ئالۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینی، سەرەتا داعش لە ھەندێ ناوچەی باشووری مووسڵ دەستی بە جووڵە کرد و تەنانەت سەربازگەیان بۆ مەشق و ڕاھێنانی چەکدارەکانیان کردبووە، ئێمە وەک پارتی لە ڕێگەی خۆمانەوە دواتر لە ڕێگەی سەرکردایەتییەوە حکوومەتی ئەوکاتی عێراقمان لە مەترسییەکانی داعش ئاگادار کردەوە، بەداخەوە بەرپرسانی عێراق خەمسارد بوون لە بەرانبەر مەترسییەکانی داعشدا.''

بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ڕۆژانی پێشکەوتنی مووسڵ خۆم لە مووسڵ پەیوەندیم بە فەرماندەی ھێزەکانی عێراق لە مووسڵ کرد کە چەکدارانی داعش ھاتوونەتە نێو ژمارەیەک گەڕەکی مووسڵ و ڕەوشەکە زۆر مەترسیدارە، ھەتا ئەو پەیامەشم پێ گەیاند، ئەگەر پێویستیتان بە ھاوکاریی سەربازی ھەیە ئەوە ھێزی پێشمەرگە دەنێرین، بەڵام فەرماندەی ھێزە عێراقییەکان ڕەتی کردەوە و گوتی پێویستمان بە ھێز نییە."

پەیوەست بە ھۆکاری کەوتنی مووسڵ، عسمەت ڕەجەب ئاشکرای کرد: "حکوومەتی عێراق مووسڵی پشتگوێ خستبوو، بە پلەی یەکەم مامەڵەی ھێزە عێراقییەکان لە مووسڵ وای کرد خەڵکی مووسڵ لە ڕەوشەکە بێزار بێن و بوونە ھۆکار کە حکوومەتی مووسڵ بکەوێت، لە سەرەتادا واتە ڕۆژی ٦ی حوزەیران داعش تەنیا چەند گەڕەکێکی مووسڵی داگیر کرد، دواتر شەوی ٩ لەسەر ١٠ی مانگ مووسڵ بە تەواوەتی ڕادەستی داعش کراوە و ھێزە عێراقییەکان بەبێ بەرگری کشانەوە.

لەبارەی قەبارەی ئەوکاتی داعش بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "دوو ژمارە ھەن ھەندێک پێیان وایە ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە ھێرشیان کردە سەر مووسڵ ٣٤٠ چەکدار بوونە و زانیارییەکی دیکە ھەیە، گوایە ٣٨٠ چەکدار بوون، بەڵام من پێم وایە ھەر ٣٠٠ چەکدار دەبوون، ھێرشیان کردە سەر مووسڵ، لە بەرانبەردا ٣٢ ھەزار چەکداری ھێزەکانی عێراق لە مووسڵ ھەبوون و بەبێ شەڕ ھەموو سەربازگە و چەک و تەقەمەنیی خۆیان ڕادەستی داعش کرد، ئەوە جێگەی گومانی ئێمە بوو."

عسمەت ڕەجەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر ھێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیی ھەرێمی کوردستان نەبووایە ئەوە گرتنەوەی مووسڵ بۆ ھێزە عێراقییەکان شتێکی زەحمەت بوو، چونکە پێشمەرگە دەوروبەری مووسڵی ئازاد کرد و دواتر ڕێگەی دا ھێزە عێراقییەکان لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستان و سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بچنەوە مووسڵ."

قائید میرۆ




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact