Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 7 OCT 2026 17:04 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا تێدەپەڕێت
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 75ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستانە، كە ڕێكەوتی 22ـی1ـی1946 لەسەر بنەمای كۆمەڵەی ژێكاف و لەلایەن حیزبی دیموكراتی كوردستان و بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەمەد لە شاری مەهاباد پێك هات، ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی ڕۆڵی سەرەكیی هەبووە لە دامەزراندنی كۆمارەكە و بۆ هاوكاریی برا كوردەكانی چووەتە رۆژهەڵاتی كوردستان.

كۆماری كوردستان، لە ٢ی رێبەندانی ٢٦٤٦ی كوردی، بەرامبەر بە ٢٢ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەسەر دەستی حیزبی دیموكراتی كوردستان دامەزرێنرا و پێشەوا قازی محەمەد وەك سەرۆككۆمار سوێندی یاسایی خوارد، دەوڵەتێكی كوردستانی كەمتەمەن بوو كە لە سەدەی بیستدا و لە دوای كۆماری ئاگری-لە توركیا، دامەزرا.

كۆماری كوردستان پایتەختەكەی شاری مهاباد بووە، كە دەكەوێتە باكووری خۆرئاوای ئێران. دامەزران و لەناوچوونی كۆمار، راستە بەشێك بوو لەو قەیرانەی ئێرانی تێكەوتبوو، ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمەریكا و سۆڤییەتدا ھەبوو كە جەنگی ساردی لێ كەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی كوردستان بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێك بە ناوی كوردستان، كە لە مانگی ئابی ١٩٤١، راپەڕینێكی جەماوەریی كۆنتڕۆڵی ناوچە كوردییەكانی لە دەستی حكوومەتی ناوەندیی ئێران دەرھێنا.

لە شاری مهاباد، كۆمیتەیەك لە كەسانی چینی ناوەند بە پشتگیریی سەرۆك خێڵەكان، دەسەڵاتی ناوچەكەیان گرتە دەست و قازی محەمەد، بە سكرتێر ھەڵبژێردرا. كۆمیتەكە بە سەركردایەتیی قازی محەمەد ناوچەكەیان بە لێھاتوویی و سەركەوتنێكی بەرچاوەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ تا رووخانی كۆمار بەڕێوە برد.

دامەزراندنی كۆماری مهاباد چۆن بوو

لە ئەیلوولی ١٩٤٥، قازی محەمەد و سەركردە كوردەكانی تر سەردانی تەورێزیان كرد بۆ ئەوەی چاویان بە كۆنسووڵی سۆڤییەت بكەوێت بۆ پشتگیریكردنی كۆماری كوردستان، لەوێشەوە رەوانەی باكۆ، ئازەربایجانی سۆڤییەت، كران. لەوێ، ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموكراتی ئازەربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە كە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت. لە ١٠ی كانوونی یەكەمدا، پارتی دیموكراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵاتدا گرت، كە پێشتر بەدەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری دا هاوشێوه‌ی ئەو كارە دووبارە بكاتەوە، لە ١٥ی كانوونی یەكەمدا، كۆماری كوردستانی دامەزرێنرا لە ٢٢ی كانوونی دووەمی ١٩٤٦، قازی محەمەد دامەزراندنی كۆماری كوردستانی راگەیاند.

ئامانجە سەرەكییەكانی كۆماری كوردستان

ئامانجە سەرەكییەكانی كۆماری كوردستان، بریتی بوون لەوەی، زمانی كوردی بكرێتە زمانی راگەیاندن‌ و خوێندن‌ و ئیدارە و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كوردستان بە مەبەستی چاودێریكردنی دەوڵەت و بابەتە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها ھەموو بەرپرسەكان لە خەڵكی ناوچەكە ھەڵبژێردرێن و بۆ پاراستنی یەكێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵكی ئازەربایجان، یاسایەك ھەبێت كە بە یەكچەشن مامەڵە لەگەڵ كرێكار و كەسایەتییە باڵاكاندا بكات.

سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتە حاجی بابە شێخ بوو و وەزیرەكانیش بریتی بوون لە:

وەزیری كیشوەر: محەمەد ئەمین موعینی

وەزیری ئابووری: ئەحمەد ئیلاھی

وەزیری پۆست و تەلەگراف: كەریم ئەحمەدیان

وەزیری فەرھەنگ: مەناف كەریمی

وەزیری (تەبلیغات): سەدیق حەیدەری

وەزیری كار: خەلیل خوسرەوی

وەزیری بازرگانی (تیجارەت): حاجی مستەفا داوودی

وەزیری وەرزێڕی (كشتوكاڵ): مەحموود وەلی زادە

وەزیری ڕێگەوبان: ئیسماعیل ئیلخانی زادە

وەزیری تەندروستی (بیھداری): سەیید محەمەد ئەیووبیان

وەزیری (موشاویر): عەبدولڕەحمان ئیلخانی زادە

وەزیری داد: مەلا حوسێن مەجدی

 

بارزانییەكان ڕۆڵی سەرەكییان لەم كۆمارەدا بینی و سەركردەی مێژوویی كوردستان مەلا مستەفای بارزانی، لەگەڵ ھێزەكەی لە كوردستانی باشوورەوە چووبوونە ھانا و یارمەتیی كۆماری كوردستان، رۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و خۆیشی لەلایەن كۆمارەوە وەك ژەنەڕاڵی سوپای میللیی كۆمار دەستنیشان كرا و ئەوانیش بەشێكی سوپای كۆماریان پێك ھێنا. پاش شۆڕشەكانی بارزان، كە لە ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٥ بوون و شێخ ئەحمەدی بارزانی دەوری رێبەریی تێدا بینیوە، لە كۆتاییەكانیدا مەلا مستەفا كە وەك كەسایەتییەكی كاریزما و شۆڕشگێڕ پێگەیشتبوو، سەركردایەتیی گرتە دەست و ھاوكات لەگەڵ دەسپێكی كۆماردا رووی كردە موكریان و لە مهاباد گیرسانەوە و یارمەتیی زۆری كۆمار و سوپای میللیی كوردستانیان دا و لە چەند ناوچەیەكی كۆمار ئەركی پەروەردە و بارهێنانی ھێزی پێشمەرگەی كۆماری كوردستانیان گرتە ئەستۆ و بەشدارییان لە كۆماری كوردستان وەك لاپەڕەیەكی پرشنگدار و ھاوپەیوەندیی نەتەوەیی لەناو كوردستان دێتە ئەژمار.

بارزانیی نەمر، لەگەڵ پێشمەرگەكانی كە لە باشووری كوردستانەوە ھێنابوونی، بەشێكی سوپای كۆماریان پێكھێنا. دوای رووخانی كۆمارەكە، زۆربەی سەربازەكان و چوار ئەفسەر (سەرھەنگ عێزەت عەبدولعەزیز، سەرھەنگ مستەفا خۆشناو، سەروان محەممەد مەحموود قودسی و سەرگورد خەیروڵڵا عەبدولكەریم) بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ عێراق. دوای ھاتنەوەیان بۆ عێراق، ئەو چوار ئەفسەرە سزای كوشتنیان بەسەردا سەپێنرا و تا ئێستاش وەك شەھیدی قارەمانی شەرەفمەندی كوردستان ناو دەبرێن. چەندسەد سەربازێك لەگەڵ بارزانیدا مانەوە و لە ماوەی ئەو ڕۆیشتنە پێنج ھەفتەییەیاندا كە بەرەو سۆڤییەت گرتیانە بەر، ھەموو ھەوڵەكانی سوپای ئێرانیان بۆ رێلێگرتنیان تێك شكاند. لە تشرینی یەكەمی ١٩٥٨، مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ نیشتمان و خەباتی بۆ مافه‌ڕه‌واكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی دەست پێكرده‌وه‌.

كۆماری مهاباد چەند دەستكەوتێكی هەبوو، لەوانە:

 

- كۆماری كوردستان وەك بزاوت و راسانێكی نەتەوەیی، لەلایەن لێكۆڵەر و مێژوونووسانی كوردەوە وەك دەسپێكی شۆڕشی نوێی كوردستان دێتە ئەژمار، كەسێتیەكی نوێ و سەردەمیانەی بە تاكی كورد لەباری شوناسخوازی و زەینییەتی رابوونی نەتەوەیی (وشیاریی نەتەوەیی) دەبەخشێ ‌و لە ئەنجامدا باوەڕبەخۆبوون ‌و خودئاگایی لەناو كۆمەڵگەی كوردستان ‌و تاكی ھوشیاری كورددا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی.

- ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا، شانازییەكە بۆ كۆمەڵگای كوردستان ‌و نیشانەیەكی روونیشە بۆ شوناسخوازی ‌و رەسەنایەتیی رۆڵە بەئەمەكەكانی ئەو گەلە و ھەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لەژێر ئەو ھێما‌و سیمبۆلە نەتەوەییەدا داكۆكی لە شوناس و چییەتیی خۆیان بكەن.

- پێكھێنانی سوپای میللی ‌و ناوی پێشمەرگە بۆ یەكەم جار لە مێژووی كوردستاندا، باوەڕ بە «خۆپاراستن»ی لە تاكی كورددا چاكرد، كە تا ئێستاش لەوپەڕی بێ‌ئیمكاناتیدا ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كە بە شێوەی خۆڕسك لەلایەن كۆمەڵگای كوردستانەوە وزە و ھێزی پێدەبەخشرێ.

- وەڕێخستنی چاپخانە و بڵاوكردنەوەی كتێب ‌و پەرتووك و رۆژنامە و پەروەردە و قوتابخانە بە زمانی كوردی، دەسكەوتێكی دیكەی كۆماری كوردستانە كە بۆ یەكەم جار ئەو پەیامەی بە تاكی كوردستان و كۆمەڵگەكەی دا كە زمان یەكێكه‌ لە بنچینەكانی پرسی نەتەوەخوازی و لە فاكتەرە گرنگەكانی نەتەوەی كوردییە.

 

فایزە كۆیی

 




دوایین هەواڵەکان

بەشی هەڵبژاردنی پارتی و ڕێکخراوی GIST پەرە بە هەماهەنگییەکانیان لە پرسە یاسایییەکان دەدەن

WEDNESDAY, 07 OCTOBER 2026 15:10:05

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، د. جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای بەش پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی GIST بۆ توێژینەوەی یاسایی کرد کە پێکهاتبوون لە بەکر عەلی، بەرپرسی ڕێکخراوەکە و هەردی مەحموود، ڕاوێژکاری ڕێکخراو.

 
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی پرسەنامەیەک ئاراستەی میدیاکاران (نەرمین سندی و زەینەب سندی) دەکات

WEDNESDAY, 07 OCTOBER 2026 13:10:53

هەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسەنامەیەکی سەرەخۆشی ئاراستەی میدیاکاران (نەرمین سندی و زەینەب سندی) کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی باوکیانەوە.

 
ژوورە بازرگانییەکان داوا لە بازرگانان دەکات دەستکاریی نرخی کاڵا کۆنەکان نەکەن

WEDNESDAY, 07 OCTOBER 2026 13:10:17

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری لەناکاوی حکوومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، بەبێ ڕەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتییان دراوە و کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر بازاڕ و بژێویی هاووڵاتییان دروست دەکات. 

 
پارتی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی لۆرد جێفری ئارچەر، دۆستی دێرینی گەلی کوردستان ڕادەگەیەنێت

TUESDAY, 06 OCTOBER 2026 21:10:24

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی لۆرد جێفری ئارچەر، نووسەر و پەرلەمانتاری دیاری بەریتانی و دۆستی دێرینی گەلی کورد بڵاو کردەوە و ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ناوبراو لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی گەلی کوردستاندا دەکات.

 
مەکتەبا ڕێکخستنا پارتی ل بەھدینان سالیادا دوو بیرەوەریێن مەزن و دیرۆکی ساخکر

TUESDAY, 06 OCTOBER 2026 21:10:00

دهۆک-KDP.info- ئەڤرۆ، ٦ێ چریا ئێکێ ٢٠٢٦، ل بارەگایێ مەکتەبا ڕێکخستنا پارتی دیموکراتی کوردستان ل بەھدینان، ب چالاکیەکا تایبەت، سالیادا ڤەگەڕیانا بارزانیێ نەمر ژ ئێکەتیا سۆڤیەت و ڤەگەڕاندنا ڕوفاتێن پیرۆزێن (بارزانیێ نەمر و کاک ئیدریسێ جانەمەرگ) بۆ ئاخا پیرۆزا کوردستانێ ھاتە ساخکرن. تەوەرێن چالاکیێ

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact