Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 10 OCT 2026 16:24 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"بەرپرسانی ئێستای كەركووك سەرقاڵی وەرگرتنی پشكی خۆیانن و دۆخی شار وێرانە"
| KDP.info


كەركووك-KDP.info- بە هۆی ئیدارەیەكی سەپێندراوەوە، خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان لە كەركووك بۆ ئاستی سفر دابەزیون و شار بووەتە زبڵدانێكی گەورە، كە بە دوو ڕێگا مانگانە پارەی هەڵگرتنەوەی خاشاك لە هاووڵاتییان وەردەگیردرێت و، دۆخی ئەمنییش زۆر خراپە، بەرپرسانی كوردیش دەڵێن، ئیدارەی سەپێندراو خۆیان بە خاوەنی كەركووك نازانن و سەرقاڵی گەندەڵی و خۆدەڵەمەندكردنن.

ڕەسووڵ ڕەئووف، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ داگیركردنی كەركووك، بەعەرەبكردنی شارەكە دەستی پێكردووە بۆ زیاتر ڕێخۆشكردنیش 119 پۆستی گرنگ لە كورد وەرگیراونەتەوە و بە كەسانی عەرەب پڕ كراونەتەوە، شارەكەش بەسەربازگە كراوە لە هێزەكانی پۆلیس و حەشدی شەعبی و سوپا لە بەرژەوەندسی عەرەبی شیعە"‌.

ڕەئووف ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە تەواوی عێراق كاتێك چەكدارێكی حەشدی شەعبی دەكوژرێت، لە كەركووك زەوی بە كەسوكارەكەی دەدرێت و بۆیان دەكەن بە بینا، پاشان خانەوادەكەیان لە كەركووك جێگیر دەكرێن و لە فەرمانگەكان دایاندەمەزرێنن، ئەمەش بۆ ئەوەیە زیاتر ڕێژەی عەرەب لە شارەكە زیاد بكەن".

ئەو زانیاری زیاتر دەدات و دەڵێ: "هێزە سەربازییەكان نەهاتوون ئەمنییەت بۆ شارەكە دابین بكەن، بەڵكو بەشێكی زۆری خراپیی دۆخی ئەمنی، ئەو هێزانە خۆیانن و نەیانتوانیوە ئەمنییەت بۆ هاووڵاتییان دابین بكەن".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە ساڵی 2003ـوە، خراپترین قۆناغی ئیدارەدانی كەركووك، ئێستایە، لە ڕووی ژینگەییەوە زۆر خراپە و شارەوانی كارناكات و شەقامەكان تەندراون بە خۆڵ و خاشاك، كارەبا لە 24 سەعاتدا، كەمتر لە 5 سەعات هەیە، خراپی دۆخی كەركووك بە بەرنامە وای لێ دەكرێت و هاووڵاتیانیان بێهیوا كردووە".

هاوكات، شێخ سدیق ئەحمەد، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای كەركووك و ئەندامی سەركردایەتیی حزبی شیوعی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، كەركووك لە رووی خزمەتگوزارییەوە پاشەكشەیەكی گەورەی كردووە، هیچ پڕۆژەیەك جێبەجێ ناكرێت و شار تەواو تەندراوە بە خاشاك، هەروەها ئیدارەی كەركووك بە تەواوەتی ڕۆچووە لە گەندەڵی لە پارێزگار و قایمقام و هێزە سەربازییەكان كاریان ئەوەیە چۆن بتوانن پشكی خۆیان بەرن لە داهاتی كەركووك، ئەوەش وای كردووە پڕۆژەكان و خزمەتگوزارییەكان پەكیان بكەوێت، ئێستا كەركووك وەك گوندێكی گەورەی لێ هاتووە و تەنانەت بە شەو كەركووك تەواو تاریكە و گڵۆپی شەقامەكانیش كارناكەن و سیمای شاری پێوە نابیندرێت".

ئەحمەد گوتیشی: "دەسەڵاتی ئیداریی ئەم شارە بیر لە ژیانی هاووڵاتیان ناكاتەوە و خەریكی گەندەڵین، خۆیان بە خاوەنی ئیدارەی كەركووك نازانن و خۆیان بە كاتی دەزانن و چاوەڕێی ئەوەن بیانگۆڕن، هاووڵاتیانیش چاوەڕێی ئەوەن دەسەڵاتی كوردی بگەڕێتەوە، بۆیە پەلەی كۆكردنەوەی پارەیانە، كورد هیچ بوونێكی ئیداری لە كەركووك نییە و پێویستە ڕێككەوتن بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی كوردی پەلەی لێ بكرێت و پارێزگار بدرێتەوە بە كورد، هاتنەوەی پارتییش بۆ كەركووك، باشترە و ئیدارەی كوردی بەهێزتر دەتوانێت بگەڕێتەوە".

گوتیشی: "داعش بوونی هەیە لە سنوورەكە و دەشتوانن بێنە ناوشار بینایەك داگیر بكەن و دوو ڕۆژ شەڕی تێدا بكەن، بەڵام وەك ئەوەی بتوانن كەركووك ئەوانیش داگیری بكەن، نا ناتوانن كەركووك بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان".

لە لایەكی دیكەوە، جوان زەنگەنە، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "نەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ چاودێریی دەسەڵاتی ئیدارەی شار و تاكلایەنە بڕیاردان و خەرجكردنی بودجە، وای كردووە گەندەڵییەكان گەیشتوونەتە لوتكە و شەقام و كۆڵانەكان پڕ بوون لە خۆڵ و خاشاك، لە كاتێكدا مانگانە بە دوو ڕێگا پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵكی وەردەگیردرێت، لەگەڵ وەسڵی مۆلیدە و وەسڵی مەجاری، بە ناوی پاككردنەوەی شارەوە پارە لە خەڵكی دەستێندرێت".

"ئەو پارەیەی بە ناوی پاككردنەوە و هەڵگرتنەوەی خاشاك لە ماڵان كۆدەكرێتەوە، كەس نازانێت چی بەسەر دێت و كێ دەیخوات، بۆیە كەركووك بووەتە زبڵدانێكی گەورە". جوان زەنگەنە وای گوت.

كەركووك ساڵانە بە سێ قۆناغ بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ دابین دەكرێت، كە بریتین لە بودجەی (تەنمیەی ئەقالیم)، بودجەی شار و بودجەی سندووقی ئاوەدانكردنەوە، بودجەكەش ساڵانە لە نێوان 200 ملیار دینار بۆ 400 ملیار دینارە، ئەمە جگە لەو پارەیەی بە ناوی هاوكاری لە لایەن ڕێكخراوەكانی كۆمەكبەخشەوە پێشكەشی ئەو شارە دەكرێت، بەڵام دۆخی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان زۆر خراپە و چاودێری نییە و پارەكە دەخورێت.

 

 عەزیز ڕەسووڵ




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact