Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 10 OCT 2026 01:56 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشانه‌دانه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوو
| KDP.info


یه‌كێك له‌ سیما جوانه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی و پێشكه‌وتوو، بوونی ئازادی راده‌ربڕین و ئه‌و چالاكیه‌ مه‌ده‌نیانه‌ن كه‌‌ بۆ داواكردنی ‌مافی چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌نجام ده‌د‌رێن، بیگومان خۆپیشاندانیش، هه‌م شێوەیەکە‌ له‌ ئازادی راده‌برین و هه‌میش چالاكیه‌كی مه‌ده‌نیانه‌یه‌ بۆ داواكردنی مافه‌كانی هاووڵاتیان. هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان جیا له‌وه‌ی بڕوای ته‌واومان به‌ مافی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ و هێمنانه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌مانكاتدا وه‌ك پڕنسیپی سیاسیشمان پشتگیری و پشتیوانی لێده‌كه‌ین و، به‌ دیدی ئێمه‌ خۆپیشاندانی هاووڵاتیان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا، جۆرێكه‌ له‌ به‌شداری راسته‌وخۆی هاووڵاتیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی وڵات و، ئامانج له‌ ئه‌نجامدانیشی ھێنانەکایەی دیالۆگێكی راسته‌وخۆی نێوان حكومه‌ت و هاووڵاتیانە، بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ رێگه‌یه‌كی دروست بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كان و هێنانه‌دی خواست و داواكاری سه‌رجه‌م چین و توێژ و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بدۆزینه‌وه.‌

دیاره‌ باردۆخی ئێستای كوردستان هاوشێوه‌ی به‌شێكی زۆری وڵاتانی جیهان، له‌به‌رده‌م چه‌ند قه‌یرانێكی ته‌ندروستیی و ئابووریدایه‌، ئه‌م قه‌یرانانه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان كردووه‌، بۆیه‌ هاووڵاتیان وه‌كو چۆن ئه‌ركی سه‌رشانیانه‌ هاوكار و پاڵپشتی حكومه‌تی خۆیان بن، مافی خۆشیانه‌ داوا راوه‌یه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ حكومه‌ت و، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌ركی سه‌رشانی دامه‌زراوه‌كانی وڵاتیشه‌ كه‌ گوێ له‌ خواست و داوای هاووڵاتیان بگرێت و، به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی وڵاتی پێدا تێپه‌رده‌بێت، چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخ و نیگه‌رانییه‌، كاتێك ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌ندێك خەڵک و لایه‌ن، خۆیان ده‌خزێننه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و، ژینگه‌ی مه‌ده‌نی خۆپیشاندانه‌كه‌ بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆیان به‌كارده‌هێنن و، ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و توندوتیژی و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر داموده‌زگا حكومی و حزبیه‌كان ده‌گۆڕن، به‌مه‌ش له‌لایه‌ك جۆرێك له‌ ناسه‌قامگیری دروست ده‌كه‌ن و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه ‌و، له‌لایه‌كی دیكه‌ش ئامانجی خۆپیشاندانه‌كه‌ ‌ له‌ناو ئه‌و پشێوی و ئاژاوه‌یه‌دا وون ده‌بێت و، باردۆخه‌كه‌‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك‌ ده‌به‌ن كه‌ تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌نێوان داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و هیز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵك دروست نه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش كۆسپ له‌به‌رده‌م هه‌نگاوه‌كانی پێكه‌وه‌یی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ داواكاریه‌كانی هاووڵاتیان دروستده‌كات.

لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی راشكاوانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی خۆیان ده‌خزێنه‌ ناو خۆپیشاندانی ره‌وا و مه‌ده‌نیانه‌ی هاووڵاتیان و، پاشان له‌ ژێر په‌رده‌ی خۆپیشانداندا، هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ و فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان و باره‌گای هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و، به‌رد بارانیان ده‌كه‌ن و  ده‌یانسووتێنن، ئه‌وانه‌ هه‌رگیز وه‌ك خۆپیشانده‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت و ده‌بێت به‌یاسا سنووریان بۆ دابنرێت و، له‌ هه‌مانكاتدا ده‌بێت به‌ یاسا خۆپیشاندان و خۆپیشانده‌رانیش بپارێزرێن و، هه‌موو ریوشوێنیكی یاسایی بگیرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ی ئاشتیانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان به‌ لاڕێدا نه‌بردرێت، كه‌ ئه‌م به‌لارێدابردنە غه‌درێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ داواكاری ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌پێناوی مافه‌كانی خۆیان خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و، هاوكات په‌ره‌پێدانی‌ فه‌رهه‌نگێكی نامۆشه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا.

له‌ كۆتاییدا ، جارێكی دیكه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه،‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتیوانی مافه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و هه‌موو هه‌وڵی خۆشی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ دڵسۆزه‌كانی دیكه‌، پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ بوونه‌ هۆكاری ئه‌م قه‌یرانانه‌ و، ئه‌و بارگرانیه‌ی له‌سه‌ر شانی هاووڵاتیانی خۆشه‌ویسته‌‌‌ سووك بكرێت كه‌ ئێستا به‌هۆی ئه‌م باردۆخه‌وه‌ گوزه‌رانی قوڕس كردوون، هاوكات پشتیوانی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه‌ یاسایانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ سنورێك له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌ ئاژاوه‌گێرانه‌ داده‌نێت كه‌ ژینگه‌ی ئاشتی و مه‌ده‌نیانه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی توندوتیژی و ناسه‌قامگیری سیاسی و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ده‌به‌ن.

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24ی ئابی 2020
 




دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact