Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 27 AUG 2026 15:09 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نەخشەی سیاسیی ناوچەكە دوای كۆرۆنا
| KDP.info


محەمەد عەلی

كۆرۆنا، ئەو پەتایەی بە ھاتنی، نەخشەی سیاسیی جیھانی تەواو گۆڕیوە و پاشەكشەی تەواوی بە ڕكابەرەكانی ئەمەریكا كردووە لەسەر ئاستی جیھان و بە تایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەكرێ بڵێین، ئەوەی ئێستا خەریكە لە ناوچەكەدا دەگوزەرێ، دەكرێ وەكو كۆتا ھەنگاو بۆ داڕشتنەوەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان زلھێزەكاندا ئاماژەی پێ بكرێت، ئەو جموجۆڵە سیاسییەش كە ئێستا لە ھەرێمی كوردستان بوونی ھەیە، كاردانەوەی ئەم گۆڕانكاریانەیە.

ئەورووپا، بە تایبەتی سێ وڵاتە كاریگەرەكە (بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا)، بە شێوەكی زۆر فراوان پەتاكەی لێ بڵاو بۆتەوە، بۆیە ئەگەر بە سەرنجێكی سادەش بێ، ئەوا ئەم پەتایە ئەورووپای تەواو شپرزە و ھیلاك كردووە، لە كاتێكدا راستە ئەورووپا و بەریتانیاش ھاوپەیمانی ئەمەریكان، بەڵام ھەمیشە لە ھەموو كاتێك و گۆڕانكارییەكدا قسەی خۆیان ھەبووە، بەڵكو لە زۆر شوێنیش كێشەیان بۆ ئەمەریكا دروست كردووە، بۆ نموونە لە پرسی ئەتۆمیی ئێران، ئیدی ئەورووپای پێش كۆرۆنا و دوای كۆرۆنا، زۆر جیاواز و لاوازتر دەبێ لە جاران و بە ئاسانتر دەچنە ژێر باری ھەژموونی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا.

وڵاتانی ھەرێمی (توركیا و ئێران)، سەرباری بوونی كێشەی ئابووری، لە ئێستاشدا كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتیشی ھاتۆتە سەر، بە نسبەت ئێران قەیرانەكەی زۆر قوڵتر كردۆتەوە، بە شێوەك ھیچ بوارێكی بۆ ئەو وڵاتە نەھێشتۆتەوە بۆ دەستێوەردانی دەرەكی، توركیاش خۆی قەیرانی ھەبوو، ئێستاش داھاتی گەشتیاریشی لە دەست داوە، ئیدی توانای ئیدارەدانی ھێزەكانی دەرەوەی سنووری نەماوە، بڕینی بودجەی میلیشیاكانی لە سووریا، دووپاتی ئەم ڕاستییە دەكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە وڵاتانی عەرەبی دوای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، ئابوورییان تەواو لاواز بووە و كاریگەریی تەواوی ھەبووە لەسەر پێگەیان، بۆیە ئەمەریكا ھاوپەیمانەكانی زۆر لە جاران دەستكراوەترن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەیان لە ناوچەكە.

 یەمەن وەك سەرەتا، ھەرچەندە پێكدادان و كێبڕكێی سعوودیە و ئێران لە یەمەن لە ترۆپكدا بوو، بەڵام لە ئێستادا ڕۆڵیان زۆر كەمتر بۆتەوە، بە تایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە تەواوی لە شانۆی جەنگ دوور كەوتوونەتەوە، كۆتا ھەنگاویش بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ناوچەكانی باشوور، كە كاردانەوەیەكی ئەوتۆ نەبوو لەلایەن وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی لە یەمەن، كە جێگەی باس بێ، بۆیە دەكرێ بڵێین ئەم ھەنگاوە بە ھەماھەنگی و لێكتێگەیشتنی گشت ھێزە كاریگەرەكانی ناوچەكە نرابێ، یان بە مانەیەكی تر، ئیدی توانای بەرەنگاری پرۆژەكەیان نەماوە، ئەو كێبڕكێی نرخەی لە نەوت ئێستا سعوودیە لە دژی ئەمەریكا دەیكات، كاردانەوەی ئەم ھەنگاوانەی ئەمەریكایە.

لە سووریاش بەریەككەوتنی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی كاریگەر خەریك بوو شەڕی لێ بكەوێتەوە، بەڵام لە ئێستادا دۆخەكە تەواو جیاوازە و بێدەنگی باڵی بەسەر كۆی كارەكتەرە كاریگەرەكاندا كێشاوە، كەوابێ ھەمووان ڕازین بەو بەشەی كە بەریانكەوتووە، كوردانی ڕۆژئاوا بوونەتە دیفاكتۆ و توركیاش توانای جوڵەی زیاتری نەماوە و تەسفیەی سەركردەكانی قەندیل كە ڕێگرن لە ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ توركیا، بە ھەمان ئاڕاستەن، بەشار ئەسەدیش پێگەی ئەوەندە بێھێزە ناتوانێت ڕێگری بكات لە ھیچ گۆڕانكارییەك لە دیمۆگرافیای سووریا، بۆیە ئەو بێدەنگییە و ھەوڵەكان بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ، سەرەتای ھەنگاوەكانی دابەشكردنی سووریایە، كە كوردانی ڕۆژئاوا بەشێكی سەرەكی دەبن و ھەوڵەكانی یەكستنی ناوماڵی كوردیش لەو بەشە، دەكرێ وەك ئامادەكارییەك بۆ قۆناغی داھاتوو ھەژمار بكرێت.

سەبارەت بە عێراقیش، ناكرێ باس لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بكرێ بەبێ تیشك خستنەسەر ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی لە عێراقدا دەگوزەرێن، پەرتەوازەبوونی ماڵی شیعە، گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان میلیشیاكانی حەشد و ھێزەكانی ئەمەریكا، گواستنەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا بۆ كوردستان و ناوچە سونییەكان، ئامادەكاریی ھەندێ لایەن بۆ ڕاگەیاندنی ھەرێمی سوننە، داڕمانی ئابووریی عێراق دوای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ھاتنەوەی داعش بە شێوەیەكی بەھێز بۆ عێراق، ھاوكات دەستبەكاربوونی سەرۆكوەزیران (مستەفا كازمی) و ھەنگاوە سەرەتاییەكانی بە ھەڵگرتنی وێنەكانی (قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندس) لە شەقامەكانی بەغدا و گەڕانەوەی ھاوپەیمانان بۆ ناوچەكە، دەكرێ بە كۆتا ھەنگاوەكان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە ھەژمار بكرێت.




دوایین هەواڵەکان

پڕۆژەی جووتسایدی وارماوا.دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 14:08:14

ھەولێر-KDP. info-  لە چوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ڕێگەوبان، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگەی (وارماوا-دەربەندیخان) بەچڕی بەردەوامە.

سەرەتای مانگی داهاتوو دەوامی زانکۆکان و دوای ناوەڕاستیش زەنگی قوتابخانەکان لێ دەدرێت

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 13:08:08

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دواین تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەنجام درا و هەفتەی داهاتوو ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن، هاوکات ئاشکراشی کرد کە چاوەڕوان دەکرێت دوای ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ بکات.

 
بۆ ئەوانەی ئەرکیان لە کاری سیاسیدا قورسە

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 12:08:00

فازڵ میرانی

پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەم بەرهەمی کشتوکاڵیی شێخانی ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق و ناوچەکە کردووە

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 11:08:00

شێخان-KDP.info- ئاسانکاری و پشتگیرییەکانی حکوومەت، کەرتی کشتوکاڵی لە قەزای شێخان بە شێوەیەکی بەرچاو بووژاندووەتەوە. لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەری قەزای شێخان دەڵێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە چاندن و کشتوکاڵ لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم ھاندەری جووتیاران بووە تا ڕووبەڕی داچاندنی پەتاتەیان کە ساڵانی پێشوو ٢ ھەزار دۆنم زەوی بووە، بۆ ٢٠ ھەزار دۆنم زەوی زیاد بکەن، بەمەش بەرھەمی پەتاتەی قەزاکە گەیشتووەتە ٢٠٠ ھەزار تەن و ھەناردەی دەرەوەش دەکرێت.

 
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی چه‌ند فه‌رمانێكی وه‌زاری له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییان دەرکرد

THURSDAY, 27 AUGUST 2026 10:08:00

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا و لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەکان و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان لە سنووری شاری ھەولێر و شارۆچکەکانی دەوروبەری، ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجکردنی گوژمەی پێویست لەسەر داھاتی شارەوانی و ئاو بە مەبەستی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر و شارۆچکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact