Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 20 AUG 2026 15:15 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info- مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا داوا لە هەموو هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەكات پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

داوا لە هەموو هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ بن بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بگیرێت.

سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و گرتنەبەری هەموو رێکارە پێویستەکان لە لایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە، بەداخەوە هێشتا لەلایەن هەندێک کەسەوە سەرپێچیکردن بەردەوامە و بەو رەفتارەشیان نەک هەر ژیانی خۆیان بەڵکو ژیانی کەسوکاریان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە.

بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی لە هەڵکشاندایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وەک پێویست هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناکرێت و رێکارەکان لە لایەن ژمارەیەک خەڵکەوە جێبەجێ ناکرێن و پێشێلکاریش لە خاڵە سنووریەکان بەردەوامە.

هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت ئەوە ناهێنێت ژیانی خۆتان و خەڵکیش بخەنە مەترسییەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم دامودەزگاکانی پەیوەندیداری حکوومەت رێکاری توندتر  بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بگرنەبەر و ئەوانەی یاری بە ژیانی خەڵک دەکەن ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.

هیوادارم هاووڵاتیانی خۆشەویستیش مەترسیی ئەو پەتایە زیاتر بە جددی وەرگرن. ئەوەی لەسەر حكوومەت بووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین، بەڵام پێویستە هەموومان هاوکاری یەکتر بین، رۆڵی حکوومەت و هاووڵاتیان لەم دۆخەدا تەواوکەری یەکترە.

توانای سیستەمی تەندروستیی هەرێم سنووردارە و لەکاتی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە کێشەکان زیاتر دەبن و ئەو کاتیش گلەیی فریای کەس ناکەوێت. هەر بەهەندوەرنەگرتن یان کەمتەرخەمییەک دەتوانێت ئەنجامی کارەساتباری هەبێت. لەسەر هەموو کەس و لایەنێک پێویستە واز لە بەرژەوەندیی تایبەت بهێنن و خەمی گشتیی خەڵکی کوردستان بکەن بە خەمی خۆیان، چونکە کەس لە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بەدەر نابێت.

تکا لە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان دەکەم بە هەستێکی بەرپرسیارانە ڕینماییەکان ڕەچاو بکەن و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان و هاونیشتمانیان بپارێزن. تکاتان لێدەکەم لەم ماوە دیاریکراوەدا لەماڵەوە بمێننەوە و کەمترین پەیوەندیی و هاتووچۆتان هەبێت.

لە کۆتاییدا سوپاسی خۆراگریی زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکەم. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی تیمە تەندروستییەکان و ئەو پزیشک و پەرستارانە دەکەم کە لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەن. سوپاسی هێزەکانی ناوخۆ  و کارمەندانی شارەوانی و کارەبا و هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەکان دەکەم کە شەو و رۆژ لە پاراستنی خەڵک و جێبەجێکردنی رێنماییەکان بەردەوامن.

خوای مەزن هەموولایەک بپارێزێت و کوردستانمان لە هەموو ناخۆشییەک بەدوور بگرێت.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 

2020/3/22




دوایین هەواڵەکان

سەروەر ھاواری بۆ KDP.info: ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر

THURSDAY, 20 AUGUST 2026 13:08:00

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراکی لە بازار ڕوونکردەوە و ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و بەھیچ شێوەیەک کێشەی کەمیی خۆراکیان لە ھەرێمی کوردستان نییە.

 
جێگری پارێزگار بۆ KDP.info: کابینەی نۆیەم سەردەمێکی زێڕین بووە بۆ ئاوەدانی لە دھۆک

THURSDAY, 20 AUGUST 2026 11:08:00

دھۆک-KDP.info- جێگری پارێزگاری دھۆک ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای تەواوی قەیران و بەربەستەکان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردەمێکی زێڕینی ئاوەدانی لە دھۆک تۆمار کردووە و لە ساڵی ٢٠١٩وە تاوەکو ئێستا ١٥٠٠ پڕۆژە لە سنووری پارێزگاکەدا ڕاگەیەندراون، کە ١٠٠٠ پڕۆژەیان تەواو بوون و کەوتوونەتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.

 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مافی خانەنشین بوون بەم توێژە دەبەخشێت

THURSDAY, 20 AUGUST 2026 11:08:00

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی فەرمانبەرانی ڕێکخراوەکان دا و مافی ڕاژەی شارستانی و خانەنشینیی پێبەخشین.

 
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وردەکاریی هێرشەکەی سەر نووسینگەکەی ئاشکرا دەکات

THURSDAY, 20 AUGUST 2026 10:08:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "ئەلمۆنیتۆر"، تیشکی خستە سەر داھاتووی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و سیستەمی بەرگریی پاتریۆت، ھێرشە درۆنییەکان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، دۆخی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

 
حکوومەتی هەرێمی کوردستان: سەرجەم سکاڵاکانی دژمان ڕەت کرایەوە

WEDNESDAY, 19 AUGUST 2026 22:08:00

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیارەکانی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڵاو کردەوە کە بڕیاری دابوو سەرجەم ئەو سکاڵایانە رەت بکاتەوە کە دژی حکوومەتی ھەرێم تۆمار کرابوون.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact