Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 13 AUG 2026 12:46 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پێشمەرگەکان: شۆڕشی ئەیلوول شۆرشی هزری نەتەوایەتی بوو
| KDP.info


 

 

دهۆک -KDP.info- پێشمەرگەکان دەڵێن، شۆڕشی ئەیلوول وەک پراکتیک لەوەوە دروست بوو، کە حکوومەتی ناوەند ئامادەی ئەوە نەبوو کورد ھاوبەشی ڕاستەقینە بێت، کوردیش بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕۆحی، بارزانی نەمر، ژێردەستیی قبووڵ نەکرد.

 

لە مێژووی کورددا چەندین شۆڕش و ڕاپەرین کراوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی خاوەنی ستراتیژییەکی گشتی و ئایدۆلوژیایەکی گشتگیر نەبوون و ھەریەکەیان بۆ خواستی ناوچەیەک، یان دەڤەرێک بوون، بەئاسانی لە لایەن دوژمنان و ڕکابەرانیانەوە لەنێو بردراون و کونتڕۆڵ کراون.

 

شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی باوکی نەتەوەیی، مستەفا بارزانی، بە مکانیزم و ستراتیژییەکی دەوڵەمەند بە گیانی کوردایەتی، گشت چینوتوێژەکانی لەژێر یەک چەتردا کۆ کردەوە و دوای ئەوەی بێئومێد بوو لەوەی کە حکوومەتی ناوەند ددان بە مافەکانی کورددا بنێت، بۆیە زەنگی ڕووبەڕووبونەوەی لێ دا و لە ھەموو دەڤەرێک سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن بەدەست دەھات.

 

لەوبارەیەوە، فەرماندە، لیوا بەهجەت سێلکی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "گیانی کوردایەتی و شۆڕشگێری لە ناخی گشت تاکێکی کومەڵدا ڕووابوو، پیرۆزی و خۆشەویستیی پێشمەرگە و خەڵک بۆ شۆڕش وای کردبوو، ھەڵەکانی سەركەوتن زور سانا بن و ئەرکەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچن."

 

لە شۆڕشی ئەیلوولدا گرنگی بە ھەموو بوارەکانی ژیان دەدرا، وەک بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و چەندین پرسی تر کە ئەوکات بۆ میللەتەکەمان گرنگ بوون.

 

شۆڕشی هزری

 

بەھۆی ئەوەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەپێی نەخشەڕێگای خۆیان خەڵکی کوردستانیان لە خوێندن بێبەش دەکرد، بۆ ئەوەی لە جیھانی نوێ دووریان بخەنەوە، شۆڕش لە سەرجەم ناوچە ئازادکراوەکان چەندین قوتابخانەی کردەوە و گرنگیی زۆری بەو بوارە دا، ئەوەش بووە مایەی فرەوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی تاکی کورد.

 

ناوبراو گوتیشی: "ئەیلوول لە ڕووی ھزرییەوە لە مێژووی میللەتەکەماندا بە قوتابخانەی بیری نەتەوایەتی دادەنرێت و زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی گوڕەپانی ئێستا ڕاھێنراوی ئەو قوتابخانەیەن."

 

لیوا بەهجەت سێلکی دەشڵێت: "ڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی گەلی کورددا بە وەرچەرخانێکی نوێ دادەنرێت، چونکە لە مێژوودا بو یەکەم جار بوو، کورد وەکو یەک دەست و یەک گیان ڕووبەڕووی دوژمنانی ببێتەوە، ھەگبەی دەوڵەمەندی باوکی ڕۆحیمان، بارزانی نەمر و سەرکردایەتیی کورد لە گۆڕەپانی ناوچەکەدا دوژمنانی تووشی شۆک کرد، بۆیە بەناچاری پەنایان بۆ دەوڵەتانی زلھێز و ویژدانمردوو برد، سەرەنجام لە وڵاتی جەزائیر بە پیلانێکی نێودەوڵەتی و لە ڕێککەوتننامەیەکی شوومدا گڕ و کڵپەی شۆڕشیان بەرەو کزی برد."

 

ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە قوتابیانی ئەو شۆڕشە مەزنە ڕووبەڕووی ئەو نسکۆیە بوونەوە و دەرفەتیان بە دوژمنان نەدا دوای پیلانە شوومەکەیان پشۆ بدەن و ھەرزوو خۆیان ڕێک خستەوە و ھاتنەوە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبونەوە و درێژەیان بە خەباتی نەپچڕاو دا و سەرەنجام ئەو ئازادییە و حکوومەتی ھەرێمی لێ بەرھەم ھات، کە ئێستا گەلەکەمان لە سێبەری ئازادیدا دەژین و کوردستان بووەتە ناوەندێکی دیاری ناوچەکە. سێلکی وا دەڵێ.

 

لە کۆتاییدا سێلکی ئاماژەی بەوەش دا، کە لەژێر سایە و سێبەری قوتابیانی ئەو قوتابخانەیەدا بەدڵنیاییەوە سەرجەم مافەکان بەدی دەھێنرێن و میللەت بەرەو دواکەناری ئارامی و ئازادی دەبردرێت.

 

هاوکات پێشمەرگەی دێرین، شێخ عەلی خەلەف، دەڵێت: "لە شۆڕشی ئەیلوولدا توانیمان بیری نەتەوایەتی بەهێزتر بکەین، بۆیەش ئەو نەوە نەتەوایەتییە بەرهەمی ئەو شۆڕشەن، جگە لە هەموو دەستکەوتەکان دەستکەوتی هزریی هەبوو."

 

شێخ عەلی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە شۆڕشی ئەیلوولدا گیانی یەکرێزی و یەکگۆتاری هەبوو، گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک نەیهێشت دوژمن بگاتە ئامانجەکانی و، بە ڕابەرایەتیی باوکی ڕۆحیی گەلی کورد، مستەفا بارزانی، توانیمان هەموو پیلانەکانی دوژمنان پووچەڵ بکەینەوە."

 

گوتیشی: "لەو شۆڕشەدا نەک تەنیا پیاو، بگرە ئافرەتیش هاوشانی پیاوان دەجەنگان و ڕۆڵیان هەبوو، بۆیەش جیاوازییەکەی ئەوە بوو. ئافرەتی کورد لە ڕووی هزری نەتەوایەتییەوە هاوکاریی پێشمەرگەی دەکرد."

 

کــاروان بــاعەدری




دوایین هەواڵەکان

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت پڕۆژەی نەخۆشخانەی ٣٠٠ قەرەوێلەیی سێمێل دەست پێدەکاتەوە

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 12:08:00

دھۆک-KDP.info-بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت گرێبەستی تەواوکردنی نەخۆشخانەی ٣٠٠ قەرەوێلەییی سێمێل واژوو دەکرێت و پڕۆژەکە بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە سنوورەکە دەست پێدەکاتەوە.

 

 

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەرەخۆشی لە ماڵباتی مامۆستا (حسێن عارف) دەکات

THURSDAY, 13 AUGUST 2026 12:08:00

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی نووسەری ناسراو خوالێخۆشبوو مامۆستا (حسێن عارف)، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەکەیان دەکات.

 

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

WEDNESDAY, 12 AUGUST 2026 23:08:00

ھەولێر-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پشکی ئێستای ھەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ بەکارھێنانی ناوخۆ "دادپەروەرانە نییە" و دەبێت بڕەکە بۆ زیاتر لە دوو بەرامبەر زیاد بکرێت، ئامادەیی ھەولێریشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نیشاندا بەو مەرجەی سووتەمەنی بەپێی ڕێژەی دانیشتووان و بە "نرخی پاڵپشتیکراو" دابین بکرێت.

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاسای "بەهێزکردنی تەباییی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە تورکیا دەکات

WEDNESDAY, 12 AUGUST 2026 22:08:00

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پەسەندکردنی یاسای "بەهێزکردنی تەباییی نیشتمانی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" لە پەرلەمانی تورکیا دەکات و، هاوکات پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە.

 
ھێمن ھەورامی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور لە ھەرێمی کوردستان کرد

WEDNESDAY, 12 AUGUST 2026 21:08:00

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی کۆریای باشوور لە ھەرێمی کوردستان کرد، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی و ئابووری ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact