Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 21 JUL 2026 14:55 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مه‌سرور بارزانی پیاوه‌ ئاوریشمیه‌ پۆڵاینه‌كه‌، به‌رنامه‌ی كارای حكومه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند
| KDP.info


د.محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود 

له‌دوای 30 ی ئه‌یلولی 2018 و پاش چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر و پتر له‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی بۆهه‌ر هه‌شت كابینه‌كانی پێشوو هه‌مان بوو، رۆژی 10 ی ئه‌م مانگه‌ مه‌سرور بارزانی به‌رنامه‌ی كاری – كارای كابینه‌ تازه‌كه‌ی حكومه‌ته‌ به‌هێزه‌كه‌ی راگه‌یاند و رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ش یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا.

گوتمان مه‌سرور بارزانی، كارنامه‌ و به‌رنامه‌ی كابینه‌ به‌هێزه‌كه‌ی راگه‌یاند. حكومه‌تی به‌هێز، به‌رهه‌می له‌دایك بوونی به‌رنامه‌ و دروشم و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كه‌ له‌ 30ی ئه‌یلولی ساڵی پاردا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی بۆ( كوردستانێكی به‌هێز و به‌هێزتر ) مسۆگه‌ر كرد و له‌ سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و دونیاش سه‌لماندییه‌وه‌ بێ پارتێكی به‌هێزی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان، كوردستانێكی بێ هێز و كۆمه‌ڵگایه‌كی لاواز دێته‌ به‌رهه‌م و هاوكێشه‌كانیش نه‌ك هه‌ر لاسه‌نگ ده‌بن، به‌ڵكو ئیراده‌ و ویستی نه‌ته‌وه‌ییش زیاتر ده‌كه‌ونه‌ ژێر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ و فشار و هه‌ژموونه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی له‌ناوچوونی قه‌واره‌ و كیانه‌كه‌.

ئه‌وه‌یان واقیعی حاڵی ئه‌و باردۆخه‌ی كوردستان بوو، به‌ له‌به‌ر چاوگرتن و به‌رزنرخاندنی  رۆڵ و پێگه‌ی پارت و لایه‌نه‌ نیشتیمانییه‌ كوردستانییه‌كانیش، له‌ دوای پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، كوردستان له‌ نێو بارودۆخێكی چه‌قبه‌ستووی نێو هه‌ژموون و فشاره‌كاندا قه‌تیس مابوو. 

له‌و ئان و ساته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا و له‌ نێو دڵه‌ڕاوكێ و مه‌ترسییه‌كاندا كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م  له‌دایك بوو، وه‌ك به‌رهه‌می خه‌باتی په‌رله‌مانی و حكومه‌تداری قۆناغی دیموكراتی و مه‌ده‌نی دوای راپه‌ڕینی ئازاری 1991 و درێژه‌پێده‌رێكی ئه‌و رێبازه‌یه‌ تا به‌ خوێنی تازه‌ و كاره‌كته‌ری دیكه‌ی كارا، حكومه‌تمه‌داری كاراتر و به‌هێزتر و سه‌نگینتربێ.

گه‌رهه‌ندێ له‌ جومگه‌كانی ئه‌و كابینه‌ تازه‌یه‌ له‌سه‌ر سه‌به‌ته‌یه‌كی زێڕینی رۆژه‌ سه‌خته‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ش خۆی بینا بكاته‌وه‌، زۆر ئاساییه‌، چونكه‌ مه‌سرور بارزانی  سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ به‌ر له‌ هه‌ر كه‌سێكی دی و باشتر له‌ كه‌سانی دیكه‌ش هه‌ست به‌ قۆناغه‌كانی به‌ر له حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌كات. زۆرباش ئاگاداره‌ و زۆر باشیش ئه‌و راستییانه‌ی له به‌ر چاوه‌، كه‌ حكومه‌تی نێچیرڤان ‌بارزانی له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌ی دوایدا چه‌ندین گرفت و كێشه‌ و ئاسته‌نگی مه‌زنی له‌ به‌رده‌مدا هه‌بووه‌. گرنگترینی ئه‌و گرفتانه‌ش به‌ سه‌ره‌قه‌له‌مێكیش بێ ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ن :

یه‌كه‌م: بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ له‌ سه‌رده‌می مالیكی – عه‌بادی وه‌ك ئاگادارین چۆن بوو و چۆن پیاده‌كرا.

دووه‌م: هێرش و په‌لامار و شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش و داگیركاری و جینۆسایدكردن و ئاواره‌بوونی هه‌زاران به‌ هه‌زاری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌و رووكردنه‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی له‌ ملیۆنانی ئاواره‌ و لێقه‌وماوان باری گران و ده‌ردی گران بوون، له‌ سۆنگه‌ی داعشه‌وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ په‌تا و به‌ڵایانه‌ بوون یه‌خه‌ی كوردستان و مرۆڤایه‌تییان گرت.

سێییه‌م: پرسی مه‌زنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دواتر  لێكه‌وته‌ و ده‌رهاویشته‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی كه‌ركووك و هێڕش و په‌لاماره‌كانی پردێ وسحێلا، رووداو و پرسێكی وا ئاسان نه‌بوون وه‌ك هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن له‌ گۆشه‌یه‌كی ته‌سكه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ن و ده‌یبینن.

له‌و نێوه‌ند و گێژاوه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ كوردستانی تێكه‌وتبوو، گه‌ر ژیری و حیكمه‌ت و ئاینده‌بینی دیبلۆماسییانه‌ی سه‌رۆك و رابه‌ری به‌ ئه‌زموون  مه‌سعود بارزانی نه‌بوایه‌ و جێبه‌جێی كاره‌ دبلۆماسیه‌ میانڕه‌وه‌ییه‌كه‌ی نیچیرڤان بارزانی پیاده‌ی نه‌كردبایه‌، قۆناغی هه‌ستانه‌وه‌و كرانه‌وه‌ به‌ رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌ له‌ دوای ریفراندۆم دره‌نگتر ده‌كه‌وتنه‌وه‌ سه‌ر واری واقیع و سه‌ر راسته‌ڕێی ده‌سه‌ڵات و حوكمداری كوردستانێكی یه‌كگرتوو.

له‌ راستی دا ئه‌و چه‌مكه‌ نادیارانه‌ی پشت په‌رده‌ی كاری سیاسیی و كارگێڕی ده‌وڵه‌تی ( ڕۆڵ، پێگه‌، پایه، كاره‌كته‌ر، كه‌سایه‌تی ) كاریزمایین، به‌ درێژایی مێژووی خه‌بات، ‌په‌روه‌رده‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ و خانه‌واده‌ و قوتابخانه‌یه‌ی بارزانه‌ و، وه‌ك بینیمان  كه‌سایه‌تییه‌كان، كاره‌كته‌ره‌كان ئه‌وانن پیاوی خاوه‌ن پره‌نسیپی ساته‌كانی ته‌نگانه‌ و قه‌یرانه‌كان. ئه‌و‌ كاریزماییه‌ش له‌ حیكمه‌ت و ژیری ئه‌و رێباز و رێچكه‌یه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ رێباز و په‌یڕه‌وی - له‌ سه‌ركه‌وتن مه‌غروور نه‌بوون، له‌ شكست نائومێد نه‌بوون- ه‌ی باوكه‌، بۆته‌ بۆماوه‌ و كه‌لتووری خه‌بات و تێكۆشانی پتر له‌ 100 ساڵه‌ی خه‌بات و تێكۆشان، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی پێشه‌نگی بزاڤی ناسیونالیستی شۆرشگێرییه‌وه‌ تا ساتی ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ رێچكه‌ و رێباز.

وه‌ك بینیمان، له‌ دوای كاره‌ساتی داگیركردنی كه‌ركووك، گه‌ر ئه‌و كاریزمایه‌ی كاره‌كته‌ر و رۆڵ و پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی نه‌بوایه‌، نه‌ك هه‌ر كه‌ركووك، هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیشمان  له‌ ده‌ست ده‌چوو.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی چاوه‌روانكراو و جێ ئومێدی جه‌ماوه‌ره‌. 

ئه‌و، كوڕی باوكی خۆیه‌تی، باوك پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆك و رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، ناوونیشان و سومبولی پرسێكه‌ دوور له‌ سازش و بگره‌ و به‌رده‌ و گه‌نگه‌شه‌ی  سه‌فسه‌تانه‌.

ئه‌و، گه‌نجی لێوه‌شاوه‌ی ژووره‌ رووناكه‌كانی ده‌زگای ئاسایش و پاراستنی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی نییه‌، خاوه‌ن ئه‌زموونه‌‌، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كابینه‌ی تازه‌ی حكومه‌تی كوردستان ده‌كات و به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ڕێگای حكومه‌ته‌ تازه‌كه‌ی به‌ خاكه‌ڕایی و بێ بریق وباق پێشكه‌ش ده‌كا و، ناونیشانێكی ساده‌ی وه‌ك ( هێله‌ گشتییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تی كوردستان)ی پێده‌به‌خشێ. 

چاودێران و شرۆڤه‌كاران كه‌ ناوه‌رۆكی به‌رنامه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌وا به‌رنامه‌ی كاره‌كه‌، نه‌ هێلی گشتی بوون، نه‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌م، به‌ڵكو نه‌خشه‌ڕێگا بوون، نه‌خشه‌ڕێگای به‌رنامه‌ی كارای حكومه‌تی كوردستانی دوای شه‌ڕ و گرفت و قه‌یرانه‌   كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان. ئه‌و نه‌خشه‌رێگایه‌ش خۆی له هه‌میشه‌ ‌چاكسازی و به‌دواداچوون و گه‌شانه‌وه‌و بوژانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری ژێرخانی ئابوری و توانای سامانی مرۆیی زیاتر ده‌بینێته‌وه‌و ئامانجیش هه‌ر هێنانه‌دی ئه‌و دروشمه‌یه‌ حكومه‌تێكی به‌هێز بۆ كوردستانێكی به‌هێزی دوور له‌ قۆرغكاری و گه‌نده‌ڵی.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی كوردستان، له‌سه‌ر بنچ و بنه‌وانی باوانی درێژه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشانی شارستانیی و مرۆیی نه‌وه‌ی تازه‌ی مه‌ده‌نی ده‌وڵه‌تمه‌داری ده‌دات و له‌ نێو ئه‌و هه‌موو هه‌ڵچوون و داچوونه‌ی باردوخی ناوچه‌كه‌دا، كابینه‌ی پێش خۆی چه‌نده‌ جوان و چه‌نده‌ به‌هێز بوو، كابینه‌ی نۆیه‌م جوانتر و به‌هێزتر ده‌كات و ئه‌زمونی حكومه‌تمه‌داری كوردستانی به‌ پشتیوانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و رێنمایی و پشتگیری رابه‌ر و سه‌رۆك بارزانی باشتر و پته‌وتر ده‌چه‌سپێنێ .

ئه‌و پشتیوان و پشتگیرییه‌ له‌ هه‌ردوو ئاستی به‌رزدا، چۆن مایه‌ی خۆشحاڵی جه‌ماوه‌رو خه‌ڵكی كوردستانه‌، ئاواش هێز و توانا و سه‌نگێكی دیكه‌یه‌. بۆیه‌ هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر پره‌نسیپ و پرسه‌ مه‌زنه‌كان ناكرێت. 

ئه‌و، مه‌سرور بارزانی  پیاوه‌ ئاوریشمه‌ پۆڵاینه‌كه‌یه‌، نه‌ك پیاوی مه‌حاكم ته‌فتیش، بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ وێنه‌كه‌ وه‌كو خۆی به جوانی و دره‌وشاوه‌یی له‌ چوارچیوه‌ ره‌نگینه‌ قه‌شه‌نگه‌كه‌یدا ببینرێت.  ‌‌

 




دوایین هەواڵەکان

بەریتانیا جەخت لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

TUESDAY, 21 JULY 2026 14:07:25

ھەولێر-KDP. info-  ئه‌مڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ئەندرو بیزلی كونسوڵى گشتیى ‌شانشینی یەکگرتوو له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات

TUESDAY, 21 JULY 2026 14:07:14

 ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە رادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشى ڕۆڵى کونسوڵی گشتیی فەرەنسا دەکات

TUESDAY, 21 JULY 2026 14:07:45

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ سێشەممە 2026/7/21، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە وەک کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز یان برێم، کرد.

هێمن هەورامی لە لقی ١٢ی هەڵەبجە: سەرەڕای ئاستەنگەکان، ڕێکخستنەکانمان لە گەشەکردنی بەردەوامدان

TUESDAY, 21 JULY 2026 13:07:00

سلێمانی-KDP.info- ​لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی بەشی ڕێکخستنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. هێمن هەورامی سەردانی لقی ١٢ی ھەڵەبجەی کرد و لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ کادرانی سنوورەکە، دواین پلانی کاری ڕێکخستنەکان و دۆخی سیاسییان تاوتوێ کرد.

 
وەزیری تەندروستی لە سلێمانی: لە ساڵێک و نیودا زیاتر لە ٣٧ ملیار دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا خەرج کراوە

TUESDAY, 21 JULY 2026 11:07:00

سلێمانی-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێم نوێترین ئامارەکانی بودجەی تەرخانکراوی بۆ کەرتی شێرپەنجە خستە ڕوو؛ ئاشکرای کرد کە تەنیا بۆ ساڵی ٢٠٢٥، بڕی ٢٥ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و ٣ ملیار دیناریش بۆ ئامێری پزیشکیی نەخۆشخانەی هیوای سلێمانی تەرخان کراوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact