پارتی و یەكێتی تهیب جهباریان وەك پارێزگاری كەركووك دیاری كرد

سلێمانی-KDP.info- دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی، تهیب جهبار-یان وەك پارێزگاری كەركووك دیاری كرد".
مەحموود محەمەد رایگەیاند، كە چەند جارێ كۆبوونەوەیان لەگەڵ برایانی یەكێتی لەسەر پرسی كەركووك كردووە و هەوڵیان داوە باری نائاسایی شارەكە بگۆڕن، دواجاریش هەردوولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی دەبێ لە بابەتی ئەمنی و تەتبیع و دانانی پارێزگار گۆڕانكاری بكەن، لیژنە هەیە لەسەر كەركووك، كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردووە و ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەنجامی باش، كە ماوەیەكی دیكە چاككردنەوەی هەندێ بابەت رادەگەیەندرێ.
ناوبراو ئەوەیشی گوت، كە لە میانەی ئەو سیڤییانەی ئامادە بوون، كە خزمەتی كەركووك بكەن، لیژنەیەك پێكهات و چەند پێوەرێك داندرا، بۆ ئەو مەبەستەش لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پێیان باش بوو ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین، وەكو نوێنەرایەتیی لیستی برایەتی بۆ پارێزگاری شارەكە دەستنیشان بكرێت.
مەحموود محەمەد گوتیشی: "با هەمووان لە خەمی خەڵكی كەركووكدا بین و پێكەوە هەموو ئەو كێشانە لابەرین، ئێمە باوەڕمان بە پێكەوەژیانە و دەست بۆ توركمان و عەرەب و پێكهاتە ئایینییەكانی شارەكە درێژ دەكەین، كەركووك پێویستی بەوەیە ئاسایی بكرێتەوە و رێك بخرێتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین گرفتی كەركووك لە رێگەی دەستوورەوە چارە بكرێت، رێگەكانی دیكەمان لاداوە، پێشنیازی لیستی برایەتیش هەر ئەوەیە و ئەو كەموكوڕیانەی هەن چارە بكرێن، ئەویش لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان چ لە رووی نەتەوەیی، چ ئایینی".
گوتەبێژی فەرمیی پارتی ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە دانانی پارێزگار و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، پێكەوە دەبێ، هاوكات لیژنەیەكیش دادەنرێ، كە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی شارەكە لەسەر كاندیدی لیستی برایەتی بۆ پۆستی پارێزگار، گفتوگۆ بكەن.
خێڵان بەختیار




