Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 22 SEP 2026 18:10 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕوونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحموود محەمەد روونکردنەوەیەکی راگەیاند کە تێیدا بە وردی تیشکخراوەتە سەر رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی،  لە روونکردنەوەکەدا هاتووە کە بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ـی 2ـی 2019ـی پارلەمانی كوردستان نەبوون.

دەقی روونکردنەوەی گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان..

هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن، لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە 30ـی 9ـی 2018 و، لەدوای تەواوبوونی ڕێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردن و ئاكامەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە پشوودرێژی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان لە مانگی 11ـی 2018ـیەوە دەست پێ كرد. بۆ ئەوەی تەبایی و یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بپارێزرێت و ڕێگە لە هەر كەلێنێك لە پڕۆسەی پێكهێنانی دامودەزگە شەرعییەكانی هەرێم بگیرێت. هەروەها لەپێناو ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ڕهەندێكی نیشتیمانیی بەرفراوان وەربگرێت، پارتی سەردانی هەموو لایەنەكانی كردووە و خەڵكی كوردستان و هەموو لایەك شاهیدی ئەو پشوودرێژی و نیازپاكییەی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماكانی بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە جومگەكانی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و پڕۆسەی چاكسازی، لە 4ـی 3ـی 2019 لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕێككەوتنێكمان ئیمزا كرد. هەروەها بۆ ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەت لە 5ـی 5ـی 2019 ڕێككەوتنێكی تر لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزا كرا لەسەر ئەو پشك و پێگانەی كە یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان وەری دەگرێت.

هەروەها لە ڕێكەوتی 4ـی 3ـی 2019 لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك ڕێككەوتین. بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی.

لەدوای ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریكردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕێك كەوتبوون. هەروەها سەربارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێكتێگەییشتن و ڕێككەوتن لەنێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی هەبووە لەسەر دیاریكردنی كەسێكی كوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەكێتی پابەندی ئەو ڕێككەتنە بن. كەچی كاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەكردەیەكی یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركووك بۆ ئێمە ناردووە كە ئەمە پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بووە.

بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ـی 2ـی 2019ـی پارلەمانی كوردستان نەبوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانكاری لەبەرانبەر یەكێتی گرتەبەر. هەر ئەوەیش بووە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەو دواكەوتنەیش زیانی بۆ پێگەی هەرێم و پڕۆسەی سیاسی هەبووە بە تایبەتی كە كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكەن و پێویستیمان بە حكوومەتێكی بەهێز و ناوماڵێكی تەبا و یەكڕیز بۆ كوردستان هەیە.

بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات.

لەگەڵئەوەیشدا پێمانوایە كە هەڵوێستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان خزمەتی پڕۆسەی سیاسی ناكات و هەستیاریی قۆناغەكە و چاوەڕوانیی خەڵك و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیات ئەوەمان لێ دەخوازێ كە پڕۆسەی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و بگاتە ئەنجام و كۆتایی.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

28ـی 5ـی 2019
 




دوایین هەواڵەکان

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌دواداچوون بۆ سێكته‌ره‌كه‌ ده‌كات

TUESDAY, 22 SEPTEMBER 2026 16:09:15

ھەولێر-KDP. info-  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٢ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٦ لە دیوانی دستەی گەشتوگوزار، به‌ سه‌رپه‌رشتیی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئاماده‌بوونی ژوان سابیر ئیسماعیل، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، ڕاوێژكاران، به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی دیوان و پلاندانان و به‌دواداچوونی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی گه‌شتوگوزاری پارێزگه‌ و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ سێكته‌ری گه‌شتوگوزار به‌ڕێوه‌چوو.

 

هاوپەیمانی نیشتمانی: یەکخستنی هێزی پێشمەرگە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق پتەوتر دەکات

TUESDAY, 22 SEPTEMBER 2026 16:09:05

بەغدا-KDP. info-  هاوپەیمانی نیشتمانی پیشوازی لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکات و هەنگاوەکەی بە گرنگ بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی دامەزراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا وەسفکرد.

 

مەسروور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەرەنسی دەکات

TUESDAY, 22 SEPTEMBER 2026 14:09:00

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەرەنسی کرد و پەیوەندیی و دۆستایەتیی لەمێژینەی نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان دووپات کرایەوە.

 
نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم دەکات

TUESDAY, 22 SEPTEMBER 2026 14:09:00

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم و سەرکردایەتی و گەلی دەوڵەتی ئیمارات کرد.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەڕەنسی دەکات

TUESDAY, 22 SEPTEMBER 2026 13:09:00

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سێناتی فەڕەنسی کرد کە پێکھاتبوو لە بەڕێز ڕێمی فێرۆ سێناتۆری ھەرێمی پاریس و بەڕێز ئۆلیڤیێ بلیتز سێناتۆری ھەرێمی ئۆرن.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact