Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 14 OCT 2026 17:16 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

درۆزانی لە هەواڵ و هەواڵی درۆ
| KDP.info


 
غازی حەسەن
 
یەکێک لە گەندەڵی و کارە دزێو و گزییەکانی نێو کاری ڕۆژنامەوانی هەواڵی درۆیە، هەواڵێک بێ مەبەست بەرهەمدێت، جیاوازە لەگەڵ هەواڵێکی درۆ، کە بە لێزانی و درۆزانانە و پێداگری مەبەستدارەوە دەنووسرێت. واتە ئەو هەواڵانەی بە ئامانجێکی دیاریکراوی خاوەن پێشینە و باکگراوه‌ندێکی ناڕۆشن، یان نهێنی دادەڕژرێت، هەمان ئەو هەواڵە درۆیە نییە، کە بەشێوەی ڕێککەوت، یان لە ئەنجامی کەمتەرخەمییەوە بڵاودەبێتەوە.
هەواڵی درۆ وەکو تاوانێکی مەبەستدار دەژمێردرێت، هەندێک دەوڵەت هەڵی دەسوڕێنن، یان شانەی ئەلیکترۆنی لەلایەن دەوڵەتەکانەوە بۆ سوکایەتی بەجەماوەر لە پێناو مەبەستی سیاسی بەکاری دەهێنێت. (مجلە الصحافە، ژمارە ١٣ بەهاری ٢٠١٩).
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست سەرۆکی ئەمەریکا لە ٨٢٨ ڕۆژی دەسەڵاتیدا (دە هەزار) درۆی کردووە، واتا ڕۆژانە ٢٣ درۆ و هەواڵی دەستکاری کراوی سەرچاوە ناڕۆشنی هەبووە. 
لەم ساڵانەی دوایدا ڕاگەیاندنی کوردستان لە ئەنجامی ماف بەخۆدانی ئازادی دەربڕین قسەی بێ سنور و هەواڵی گوماناوی و گزی و دەستکاری کردن و سوکایەتی لەبارەی هەموو شتێک بڵاوکردۆتەوە و تەنیا دەسەڵاتی ئایدیۆلۆجی بەسەر دەسەڵاتی ڕاستگۆیی و پیشەیی زاڵە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی ترسناک هەواڵی درۆ بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنن. هەمیشە خوێنەر و وەرگری وریا دەتوانێت هەواڵی درۆ و ڕاست لێک هاوێر بکات، بەڵام خوێنەری سادە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر لەڕووی دەروونییەوە بەکاریگەری ئەو زانیاری و هەواڵە دەستکرد و دەستکاریی کراوانەی لەبنەڕەتدا بە ئامانجی شێواندن و سوکایەتی و بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری و ناوزڕاندن و هێرشکردنە سەر مافە تاکە کەسییەکان بەکاردەهێنرێن، بەنج دەکرێت.
ڕۆژنامەنووس و بێژەری بی بی سی بەریتانی (دانی بیکەر) لەدوای بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لەتویتەری خۆیدا، کە بریتییە (لە مەیمونێک جلی لەبەرە و بەدەست ئافرەتێکەوەیە و توانجێکیشی لەگەڵ داناوە دەڵێت منداڵە لەدایک بووەکە لە نەخۆشخانە دەرچوو). ئەمەیان بە وروژاندنێکی ڕەگەزپەرستانە و گاڵەئامێز دژی مارکلی تازە لەدایک بوو، کە لە دایکێکی ئەمەریکی بەڕەگەز ئەفریقییە دانا. توانجەکە منداڵە تازە لە دایک بووەکەی شازادە هاری و مێگان مارکلی خێزانی دەگرێتەوە. لەئەنجامی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە بێژەرەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە و بی بی سی دەڵێت "ئەمە کێشەیەکی مەترسیدارە لە چۆنیەتی بڕیاردان لە بارەی شتەکانەوە، ئەمە پێچەوانەی بەهاکانی ئیزگەکەمانە. دانی بێژەرێکی زۆر باشبوو، بەڵام چی دیکە ناتوانێت بەرنامەی هەفتانە لای ئێمە پێشکەش بکات". ئەمە هەڵە و سوکایەتی و شێواندنێکی ڕەگەزپەرستانەى نێو تەنیا وێنەیەکی تویتەری بێژەرە بەریتانیەکە بوو. لە ڕاگەیاندنی کوردی بەئاشکرا لە ڕێگەی درۆوە، نەتەوە وپێکهاتەکان سوکایەتیان پێکراوە، بە پاشکۆی پارتی ناودەبرێن، یان سوکایەتی بە کەسایەتی و هاووڵاتیان دەکرێت. دەیان گومانلێکراو و تۆمەتبار بەتاوانبار ناو دەبرێت. 
لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە، وەکو هاوڕێیەکم لەفەیس بووک بۆی نووسیم دەڵێت "کێشە ئەوەیە ئەو کەس و لایەن و ڕۆژنامانە درۆزانن، نەک درۆزن". واتە شارەزا و پسپۆرن لەدروستکردنی "هەواڵی درۆ". 
بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و زانیاری دەستکاری کراو وەکو بەشێک لە شەڕی دەروونی و دیبلۆماسی و سەربازی لە نێوان دەوڵەتەکانی دونیا بەکاردێت. ئێستاش لە ئەمەریکا بە گومان و پرسیارەوە مشتومڕ لەسەر ئەو زانیاری و هەواڵانە دەکرێت، کە ئیدارەی جۆرج بۆشی کوڕ لە هێرشکردنە سەر عێراق پشتی پێ بەستابوو. ئێرانی ئەمڕۆ بە تەن هەواڵی درۆ شارەزایانە، وەکو بەشێک لەشەڕی ڕاگەیاندن و دەروونی بەرهەم دەهێنێت. عەبادی لە ساڵانی سەرۆک وەزیرایەتی، سەدان هەواڵی دروستکراوی درۆی وەکو بەشێک لە جەنگ دژی هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە، تەنیا "درۆزانانە" مامەڵەی لە گەڵ هەواڵ و داڕشتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری دەکرد و تاکو ئێستاش بەردەوامە.
لە بەشێک ڕۆژنامەکانمان زۆر لە مانشێتە گەورەکان "درۆزانانە" پێچەوانەی نێوەڕۆکی هەواڵەکان دەستکاری دەکرێن و واتا و مەبەست و ئامانجی درۆزنانە دەگەینن. واتە هەواڵ و مانشێتەکە پشت بە "درۆ" دەبەستن لە سەر بنەمای دروستکردنی "درۆ". ڕۆژنامەنووس و نووسەر و سەرچاوەی هەواڵەکە شارەزایانە "درۆزانانە" هەواڵی درۆ بەرهەم دەهێنێت.
لە سەردەمی ئەمڕۆدا ڕاستگۆیی و پیشەیی بوون بە یەکێک لە بنەما بنەڕەتییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی دادەنرێت، ڕۆژنامەنووس بە هەر هۆکارێک هەواڵی درۆ بڵاوبکاتەوە، دەبێتە بەشێک لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی درۆی نێو هەواڵەکە. هەواڵی درۆش بەتاوان دادەنرێت، تاوانیش سزای یاسایی و ئەخلاقی ڕۆژنامەنووسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. 
لێدوانی درۆ، زانیاری دروستکراوی هەڵە، دەستکاری نێوەڕۆکی قسەی قسەکەر و یاریکردن بە زاراوە و دەربڕین و هەڵگێڕانەوەی ڕاستییەکان و سوکایەتی درۆزنانە بە پێداگری و زانینەوە تاوانە. ئەم شێوازە دەبێتە مایەی شێواندنی ڕاستی، هاندانی ڕق و تۆڵەکردنەوە و فریودانی ڕای گشتی و دروستکردنی حوکمی ناڕەواو کاردانەوەی توندوتیژانە و گزی لە هەواڵ و دزی لە ویژدان و کۆنترۆڵکردنی عەقڵی خوێنەر و بەکارهێنەرانی هەواڵ لە پێناو بەپاشکۆکردنی هاووڵاتی و ئاراستەکردنی بە شێوەیەک فریودان و بەلاڕیدا بردنی تێدایە. تاوانێکە (ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامە و سەرچاوەی هەواڵەکان) لە بڵاوکردنەوەی بەپرسیار دەبن.
جەماوەر و خوێنەر لە کاتی بەکارهێنانی هەواڵی درۆی داڕێژراو لە سەر بنەمای درۆزانانە، وەکو ئەوە وایە خواردنی بەسەرچووی بۆگەن و ژەهراوی پێ بدرێت، لەوێدا تەندروستی تێک دەچێت، لەبەکارهێنانی هەواڵەکەشدا دەروون و عەقڵ و ویژدانی تێک دەچێت. واتە هەواڵی درۆ، ئامانجی کوشتنی هەقیقەت و دروست بەکارنەهێنانی زانیاری و بەدی نەهێنانی کردەیەکی وەبەرهێنی کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەی متمانەدارە. بەشێک لە 
ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە سەدان ژەهرە هەواڵی درۆ و سوکایەتی بە وەرگرەکانی خۆیان بەدوو مەبەست دەدەن. یەکێکیان دروستکردنی کەسایەتییەکی هەڵچووی توڕەی ڕقهەڵگر لە هەموو بەها و لایێکە. ئەوی دیکەشیان توڕەکردن و هەڵچوون و گرژی بەدیهێنانە لای بەرانبەرە ڕکابەرەکەی. لە کاتێکدا ڕاگەیاندن دەبێت لە گزی و لایەنگیری و پاڵپشتی و بوونە بەشێک لە ئایدیۆلۆژیای سەرچاوەکانی هەواڵی درۆ بە تایبەتی و هەواڵ بە گشتی خۆی بپارێزێت.
 
 



دوایین هەواڵەکان

ئەکبەر حەیدەر: بڕیاری ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان ئاسانکاریی باشی بۆ کادیرانمان دروست کردووە

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 17:10:15

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ئاماژە بە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوە ئۆرگانییەکانی حیزب دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی لقەکەیان بۆ سەر مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان-خانەقین ئاسانکاریی زۆری بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کادیران و ئەندامان دروست کردووە و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خێراتر کردووە.

 
د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 15:10:09

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

 
هۆشیار زێباری و ڕێبەر ئەحمەد تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکەن

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:37

بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە بارەگای ناوەند پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

 
مەکتەبی سیاسیی هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی مامی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی ڕادەگەیەنێت

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:01

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خاتوو لیزا فەلەکەدین کاکەیی کرد بۆ کۆچی دوایی مامی (سەید جەوزی سەید سابر کاکەیی)، برای کەسایەتیی دیاری ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار خوالێخۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی، و هاوخەمیی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان ڕاگەیاند.

 
​حەج و عومرەی هەرێم دوا مۆڵەتی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی 2027 دیاریکرد

THURSDAY, 08 OCTOBER 2026 14:10:29

هەولێر-KDP.info- ​بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە، بە زووترین کات سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ئیدارییەکانیان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact