Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 30 SEP 2026 02:31 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مسته‌فا بارزانی، کاروانی سەرکەوتنی نه‌ته‌وه‌یه‌كی خستەڕێ و ئاسۆی چارەنووسی نیشاندا
| KDP.info


 
هه‌ولێر-KDP.info- مرۆڤه‌ مه‌زن و رابه‌ره‌ وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌كان هه‌رگیز ناچنه‌ دووتوێی مانا باوه‌كانی مردنه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ تۆماره‌كانی ژیان و خه‌باتیان، به‌ دیرۆكی هه‌ڵوێست و ده‌سكه‌وته‌كانیان تاهه‌تایه‌ ده‌بنه‌ چیرۆك و داستانه‌ زیندووه‌كانی مێژوو، ده‌بنه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ ناودارانه‌ی كه‌ پاشناوی نه‌مریی هه‌ڵبگرن. به‌ گه‌واهیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و بگره‌ دۆست و دوژمنانیش، مسته‌فا بارزانی، له‌و هاكێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دایه‌، چونكه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ توانیویه‌تی له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی بۆ پاراستن و ئامانجی سه‌رفرازی بۆ گه‌له‌كه‌ی ببێته‌ سیمبولێكی دره‌وشاوه‌ی‌ ئازادیخوازیی له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و جیهانیشدا. ئه‌و رابه‌رێكی نموونه‌یی بوو كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ی و ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌بێ ناو و خه‌باتی ئه‌و هیچ ماناو تێگه‌یشتنێك نابه‌خشێ. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوو هاته‌ ئه‌م دنیایه‌وه ‌و یه‌كه‌م قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نیشی به‌ ئازار و زیندان ده‌ست پێكرد. پرۆفیسۆری رووسی (میدڤیدكا) دەڵێ: بارزانی زادەی سەدەیە، سەدەی بیستەم، چونكە لەگەڵ دەسپێكی سەدە لەدایكبووە، ئەو مرۆڤێكی بێ وێنەیە، كەسایەتییەكە هەموو ژیانی پێشكەشی سەدە كرد. 
 
قاره‌مانی سه‌ده‌یه‌ك
 
(بارزانی نەمر) یەكێكە لە رابەرە گەورە و ناسراوەكانی كورد و كوردستان و بەهۆی ئەو خەباتە جیاكار و نموونەییەی لە پێناو ئازادی و سه‌ربه‌ستی دا بە درێژایی زیاتر لە نیوسەدە ئەنجامیدا و رۆڵێكی وەرچەرخێنەری لەمێژوودا تۆماركرد، چەندی زەمەن دەگۆڕێ و بەرەوپێش دەڕوات ویستگە و قۆناغ و ئاكام و ئاراستەكانی ئەو مێژووە مۆرك و رەنگدانەوەیان بەسەر واقیع و قۆناغە تازەكاندا پرشنگدەدات، ئەمەش گرنگی شێواز و رەوتی تێكۆشانی (بارزانیی نەمر)ه‌ وەك رابەرێكی مێژوویی. ئێستا دەبینین لە پشت زیاتر لە نیو سەدە خەباتیدا ناو و فیكر و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی (بارزانی نه‌مر) ئامادەییەكی كارای لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی لە كوردستاندا هەیە و بووەتە پێداویستیەك بۆ سه‌لماندن و داكۆكی كردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی و چارەسەری كێشەی رەوای ئەم گەلە. 
 
 
رۆڵ و كاریگەریی بیر و خەباتی (بارزانیی نەمر) لە كوردستان و لە نێو هاوكێشەو لەسەر شانۆی سیاسی ناوچەكە و جیهان هێزێكی كاریگەره‌، چۆن هەوڵی ناساندن و پاراستنی دۆز و مافی گەلەكەی داوە و تەحەدای هەموو فشار و پەلامار و ململانێیەكانی زلهێزان و وڵاتانی دژ بە كورد و پیلانگێڕ لە پێناو بەرژەوەندییە تەماعكارییەكانیانی كردووە، ئەم واقیعە لە سەدەی رابردوودا هەر چەندە كاریگەری خراپ و رێگریی زۆری لەبەردەم پێشكەوتنی دۆزی كوردستاندا هەبوو بێ، بەڵام هاوكات بە لێزانی و خەباتی بەهێزی (بارزانیی نەمر) نەهێڵدراوە داگیركەران و دوژمن و نەیاران بە گشت پیلان و مەرامە ناڕەواكانیان لەسەر حیسابی كورد و دۆزەكەی بگەن و هەر ئەم تێكۆشان و خۆڕاگری و بەرپەرچدانەوەیەی ئەم رابەرە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە بەردەوامەدا لە سەدەی بیستەم، وا یكرد ئەم گەلە دەیان هەوراز و نشێو ببڕێ و كۆڵنەدەرانە بە خەبات و قوربانیدانی خۆی بگاتە راپەڕین و دەسكەوتەكانی نێو قەوارەی ئەمڕۆی كە لە هەرێمی كوردستاندا بەرقەرارە. 
 
بارزانی ، رێبازه‌
 
ئەم رابەرە مەزنە دوای خۆی نەك تەنیا ئەزموونێكی پاك و به‌هێزی سه‌ركردایه‌تییكردن و كەلتوورێكی ته‌ندروستی بۆ خزمەتكردنی گەل و خاكی كوردستان جێهێشتووە، بەڵكو (بارزانیی نەمر) توانیویه‌تی ببێتە ئاوێنەی بوون و مانەوەی گەل و نیشتمانەكەی و ئەو سیمبولە مەزنەی كە مێژوو بە شوناس و رۆشنكەرەوه‌ی ئاسۆی سەرفرازی نەتەوەیەك گوزارشتی لێبكات. نەك هەر لە قۆناغەكانی رزگاریی نەتەوەیی، بەڵكو دوای (سەربەخۆیی) گەلەكەشی هێشتا بیروباوەڕ و خواست و ئامانجی ئەو وەك قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەی فیكری و هەڵوێست و ئاراستەی دروستی ئەركەكان نەخش و رێنماییەكی كارا دەگێڕێ‌ و بۆ هەمیشە نەوەكانی گەلەكەی، وەكو مەرجەعێك، بە پەیڕەوكردن و گەڕانەوە بۆ بیر و باوەڕ و رێبازی تێكۆشان و ئاكارەكانی ئەو، چالاكترین وانە و گوڕوتین فەراهەم دەكەن و لێرەوەیە دەتوانن بە شاڕێگەی كاروانی تەندروستی ژیان و پارێزراوی قەوارەی سیاسی و نیشتمانی و پەرەسەندنی بەردەوامی كۆمەڵگادا هەنگاوی تۆكمە بهاوێژن، هه‌روه‌ك مارتن ڤان برۆنسن ده‌ڵێ : نەوەكانی داهاتووش دەبێ بارزانی بكەن بە ئاوێنەیەك بۆ دروستكردنی دواڕۆژ. 
 
بارزانی نامرێ
 
بارزانی ژیانی نەتەوەیەکی ژیانده‌وە، مانای بە بوون و مانەوەی بەخشی، کاروانی سەرکەوتنی بۆ خستەڕێ و ئاسۆی چارەنوسی نیشاندا. بۆیه‌شه‌ بارزانی نه‌مردووه‌ و نامرێ، بارزانی نە کۆچی بووە مەرگ و نە لەدایکبونیشی بۆ تەمەنێکی دیاریکراو بوو .. بارزانی هەبوویەکی جاویدانی و مێژوویەکی بێ کۆتاییه‌، تا وادەی بەجەستە کۆچکردنی، سەرکردە و رابەرێک بوو، وەلێ ئێستا رێبازێکه‌.. بیروباوەڕ و ئەدگار و ئامانجی ئه‌و‌، چیای ئازادی و خۆری سەرخۆبوونە، دادگای ئەرک و مافە، تەرازووی دابەشکردنی ژیانە بە یەکسانی.. چۆن دوێنێ، ناوی ئه‌و، خەباتی ئه‌و، رابەرایەتی ئه‌و، بوون و بەرخودان و خواستی نەتەوەکەمانی تیا کۆببوەوە، ئەمڕۆش هه‌ر له‌ ناوو مێژووی خه‌باتی ئه‌و گه‌وره‌ رابه‌ر‌ه‌دا گه‌له‌كه‌مان پێناسەی خۆی دەبینێ و به‌ شاڕێگەی راستدا درێژە بە کاروانی روو لە سەرکەوتنی دەدات. 
 
 
ئەی سەرکردە و رابەر، لە زیندوڕاگرتنی رێبازی تۆدایە نەتەوەیەک ناکەوێ و زەمانەتی پێشکەوتنی وەردەگرێ.. ، تۆ و كورد ، تۆ و كوردستان بێ‌ یەكتری شوناسێكی ون و مێژوویەكی نادیارن. مێژووت گەش و رێبازت ئاوا، ئەی بارزانی نەمر و مەزن، لێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ (هه‌ژار) ده‌یڵێینه‌وه‌:
 
بارزانی هه‌ر هه‌ی وه‌كو بووی
هه‌ر ده‌شمێنی و نه‌مردووی
 
ماڵپه‌ڕی KDP- قاره‌مان مه‌هدی
 



دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (شەرقییە) باس لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیار دەکات

WEDNESDAY, 30 SEPTEMBER 2026 02:09:01

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (شەرقییە) باس لە کۆمەڵێک پرسی گرنگ و هەستیاری تایبەت بە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

 
نوێنەری سەرۆک بارزانی بەشداری لە ڕۆژی نیشتیمانیی و سەربەخۆیی ئەرمینیا کرد

TUESDAY, 29 SEPTEMBER 2026 22:09:00

ھەولێر-KDP.info-​ ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەمە ٢٩ی ئەیلوولی ۲٠۲٦، دکتۆر ھێمن ھەورامی، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشداری لە ڕێوڕەسمی تایبەتی کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە ھەولێر کرد، کە بە بۆنەی ڕۆژی نیشتیمانیی و سەربەخۆیی ئەرمینیاوە ڕێکخرا بوو.

 
فازڵ میرانی پێشوازی لە سەرۆکی فەخری یەکێتیی دیموکراسی نێودەوڵەتی (IDU) کرد

TUESDAY, 29 SEPTEMBER 2026 18:09:00

ھەولێر-KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە سەرۆکی فەخری یەکێتیی دیموکراسی نێودەوڵەتی (IDU)کرد، لە کۆبوونەوەکەدا لۆرد مایکل ئاشکرۆفت ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ نەکراوە و دەبێت بەھەمووان ھاوکاربین بۆ گۆڕینی ئەو بۆچوونە لەنێو دامەزراوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و پیشانی بدەین کە کوردستان جێگایەکی ئارام و سەقامگیرە.

 

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی فەخریی یەکێتیی نێودەوڵەتیی (IDU) دەکات

TUESDAY, 29 SEPTEMBER 2026 16:09:37

ھەولێر-KDP. info-  ڕۆژی سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026 سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کەسایەتیی دیاری بریتانی و سەرۆکی فەخریی یەکێتیی نیودەوڵەتیی دیموکرات (IDU) لۆرد مایکل ئاشکرۆفت کرد.

 
پارتی داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە شەهیدبوونی دوو گەنجی کورد لە پردێ دەکات

TUESDAY, 29 SEPTEMBER 2026 15:09:37

کەرکووک-KDP. info-  مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک و گەرمیان-خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە رووداوی شەهیدبوونی دوو گەنجی کورد لە پردێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکات.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact