Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی ڕیفراندۆمی هەرێم دەبێت


*عه‌مید خالید عەباس

''هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بنەماکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یاساکان، دەرفەتێکی لەباری لەپێشە بۆ سازدانی ڕیفراندۆم و، بە گوێرەی ئەو خوێندنەوانەی هەن، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و سەقامگیریی ناوچەکە، پشتیوانی لە ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێم دەکات.''

بە گوێرەی پێناسەی نێودەوڵەتی، ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی، بریتییە لەو جۆرە ڕاپرسییەی کە خەڵک لە هەرێمێکی دیاریکراوی نێو چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەنگ دەدات و بڕیار بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ دەدات.

بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، چەند مەرجێک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەر گەلێک دیاری کراوە، کە بیەوێت سەربەخۆیی بەدەست بێنێت؛ یەکەم، بەهای یاسایی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی؛ دووەم، دیاریکردنی چارەنووسی ئەو گەلە ببێتە هۆکاری سەقامگیری؛ سێیەم، حەزی خەڵک بۆ دروستکردنی دەوڵەت پێش دیاریکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس؛ پێنجەم، دیاریکردنی سنوور؛ شەشەم، ددانپێدانانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مافی دیاریکردنی چارەنووس؛ حەوتەم، جیابوونەوە لە ڕێی ئاشتییەوە؛ هەشتەم، هاوکاریی ئەو گەلەی جیا بووەتەوە و نەبوونی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەکانی دیکە. ئەمانە بە گوێرەی ماددەی پەنجاوپێنج و ماددەی یەکەمی یاسا و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کراون، بەوپێیەش هەرێمی کوردستان لە بڕیاری سەربەخۆییدا، کە دەیەوێت لە ڕێی دیالۆگەوە لە عێراق دابڕێت و سەربەخۆیی بەدەست بێنێت، مافێکی یاساییی هەرێمی کوردستانە، کە ئەو داوایە بکات.

رێی جیاواز هەن، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باوەڕ بە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دێنن. لەوقنە دیالۆگی هەرێمێک لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتەی کە هەرێمەکە لە نێویدا دەژی و بە ڕێککەوتن، ڕیفراندۆم دەکرێت و دواتر ئەنجامە فەرمییەکەی لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە قبووڵ دەکرێت. هەروەها پێوەری دیکەیش هەن کە حەق بەو هەرێمە دەدەن، ببێت بە دەوڵەت، وەکئەوەی لەو دەوڵەتەی لێی دەژی چەوسێندرابێتەوە، یان ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی لە دژی کرابێت، یان جینۆساید کرابێت، یان تایبەتمەندیی پێکەوەژیانی بۆ دابین نەکرابێت و خەڵکە هەست بە ئاسوودیی نەکەن و لە مافەکاندا بەشخوراو بن.

بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەدات، مافێکی ڕەوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێ دەدرێت، چونکە بە گوێرەی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان ددانی پێدا نراوە و خاکێکی دیاریکراوی هەیە و جیۆگرافیایەکی هەیە، کە پێی دەگوترێت خاکی کوردستان و خاوەنی سەروەریی خۆیەتی و، لە ڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرە و توانای ئیدارەدانی خۆی هەیە و لە ڕووی پێگەی ئابوورییشەوە، نەخشەڕێی بۆ بەڕێوەبردنی حوکمڕانیی ئابووری هەیە، لەگەڵ ئەوەی هەرێمێکە ئەگەر بڕیاری سەربەخۆیی بدات، هەڕەشە نییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی بەهێز، کە ئاسایشی ناوچەکە پارێزراوتر دەکات.


قوربانیبوونی هەرێمی کوردستان بە دەستی ڕژێمەکانی عێراق لە کۆمەڵکوژی و جینۆساید و ئەنفال و چەوساندنەوە و ڕەگەزپەرستییەوە تا قووتبڕینی خەڵک و ئەو جیاکارییەی کە لە حوکمڕانیی عێراقدا دەرحەق بە گەلی کورد دەکرێت، بەگشتی ئەو مافە نێودەوڵەتییە بە هەرێمی کوردستان دەدات، کە لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە داوای حەقی سەربەخۆیی بکات.

بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەرێمی کوردستان بنەماکانی سەربەخۆیی تێدایە و بە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیەکی دیکە، کوردی چەوساندووەتەوە، دەتوانێت ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکات و چارەنووسی خۆی دیاری بکات.

شێوازی فۆڕمی ڕیفراندۆم بە گوێرەی هەر هەرێمێک بۆ ڕیفراندۆم دەگۆڕێت، بەڵام شێوازە ستانداردەکەی دەبێ بە ڕوونی ئەوەی تێدا بێت، لە دوو بژاردەدا کە دەنگ دەدیت بە سەربەخۆییی هەرێمەکەت یان نا. دەکرێت لەگەڵ ئەو دوو پرسیارەدا، هۆکارێک یان زیاتر لە هۆکارێکیش بۆ خەڵک دیاری بکات، یان پێش ئەوەی کە دەنگدان بکرێت، هۆکاری ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەخرێتەڕوو.

ئێستا کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دیالۆگێکی دروستن تا پێکەوە بڕیار بۆ سەربەخۆییی کوردستان بدەن، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەرفەتێکی گونجاوە.
ریفراندۆم لە وڵاتانی دنیادا مافێکی سرووشتی هەر نەتەوە و گەلێکە بۆ ئەوەی مومارەسەی حەزێکی سرووشتیی خۆی بکات.
پارتی و یەکێتی کە بە شاندێکی هاوبەش لەگەڵ گشت لایەنەکان دانیشتوون و پارتە سیاسییەکانی دیکەش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی پێکەوە لە سازادانی ڕیفراندۆمدا بەشداریی کارایان هەبێت و، کۆمیتەیەکی کوردستانی بۆ ڕیفرادۆم دروست بکەن، کە ئەمە پەیامێکی کوردستانیانەی پیرۆزە و دەدرێتە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئیدی کورد دەیەوێت لە ڕێی دیموکراسییەوە، چارەنووسی خۆی لە ناوچەکەدا دیاری بکات.

ئێستا کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، براوەی شەڕی تیرۆرە و لە جیاتی دنیا شەڕی تیرۆری کردووە، خۆی نیشانی دەدا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکات و دوای ئەنجامی فەرمیی ڕیفراندۆمەکە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ڕیفراندۆمەکە وەڵامی دەبێت و چاوەڕوانکراویشە، کە وەڵامەکە ئەرێنی بێت، چونکە هەرێمی کوردستان وڵاتی پێشمەرگەیە و ناسنامەی لە کۆمەلگەی نێودەوڵەتییدا بە هێزی ئاشتیپارێز هاتووە و ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر گه‌رەنتیی پاڵپشتیکردن لە سەربەخۆییی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.

ئێستا هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا سەرچاوەیەکی گرینگی سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییە و، ئەمەش پشتیوانییەکی بەهێز دەبێت بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کورد، کە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ ئەوەی ناوچەکە بەرەو سەقامگیریی سیاسی بچێت، چونکە لە هەڵوێستەکانی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا ڕوونە کە بۆ بەهێزکردنی پێگەی دیموکراسی لە ناوچەکەدا پشتیوانی لە پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان دەکەن.

لەبەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە و دەیەوێت لە ڕێی دیالۆگەوە بەغدا تێبگەیەنێت لەوەی کە ئیدی کورد لە جیاتی ڕێی شەڕ دەیەوێت بە ئاشتی جیا ببێتەوە، ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی خۆشحاڵ کردووە و وای کردووە کە پاڵپشتی ڕیفراندۆمی کوردستان بێت.


*بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر