Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕیفڕاندۆمی دەستووری تورکیا و هەڵوێستی میللەتی کورد

چاودێرێک

چەند ڕۆژی تر، هەڵبژاردن واتا ڕیفراندۆمی یاسای بنەڕەتی یان دەستووری تورکیا دەست پێدەکات، ئەو پرسەش لە ناوەندەکانی  ناو تورکیا و لەناو کوردستانیش باسێکی گەرمی لەسەرە و هەموو لایەک باس لەوە دەکەن کە دەرەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە چی دەبێت؟

ئێمە لەهەر پارچەیەکی کوردستان پرۆسەیەکی سیاسی ڕوو بدات، دەبێت بە واقیعبینی و لە بەژەوەندیی کێشە و دۆزی میللەتەکەمان بیری لێ بکەینەوە و دوور لە عاتیفە دەبێ بڕیاری تێدا بدەین، لەم ڕووەوە زۆر ڕەوایە کە بە هەستی بەرپرسیارەتییەوە سەیری باکووری کوردستان بکەین کە دەبێ چ هەڵوێسێکی لەو ڕیفراندۆمە هەبێت، دەبێت هەر هاووڵاتییەکی کوردستانی باکوور لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی مەبەست کوردستان و لە بەرژەوەندیی کێشەی نەتەوەکەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئایە چۆن دەنگ دەدات؟، بۆیە باشترین ڕێگە ئەوەیە هەر هاووڵاتییەک و هەر کوردێکی باکوور هەڵوەستەک بکات و بەرژەوەندیی گەلەکەی خۆی دەستنیشان بکات و لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بریار بدات و دەنگ بۆ بەرژەوەندیی بدا و نەکەوێتە ژێر هەست و هەڕەشە و گوڕەشە و سیاسەتی بەلاڕێبردنی ئەولا و ئەم لا.

زۆر گرینگە میللەتی کورد لە باکوور ئەو هەڵەیەی کە لە حوزەیرانی 2015 تێیکەوتن دووبارەی نەکەنەوە، ئەو هەڵەیە بەومانایەی کە نیسبەتێکی باشیان لە هەڵبژرادنی پەرلەمانی تورکیا بە دەست هێنا و وەک دووەمین حزبی تورکیا دەیانتوانی بچنە گفتوگۆ و، لە هەمانکاتدا هێنانەدی ئامانجەکانی میللەتی کورد بێت، لەجیاتی ئەوە هەروەک بینیمان پەرلەمان و شارەکانی کوردستان  بە سیاسەتەکی هەڵە بەلاڕێدابردران و سەرەنجام خرانە بەردەمی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا کە کۆتاییەکەی بە خوێنڕێژی و کۆتاییپێهێنانی ئەزموونەکەشی کۆتایی هات.

پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکوور پرۆسەیەکی جیددییە، کێشەی میللەتی کورد تەنها دەبێت بە ڕێگەی ئاشتی و بەڕێگای گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێز چارەسەر بکرێت، بۆیە هەرلایەنێک میللەتی کورد بە ئاڕاستەی هەڵچوون و بەرەنگاربوونەوەی بێ بەرنامە و دوور لە بەرژەوەندیی وڵاتەکە پاڵ پێوە بنێت، ئەوا دوژمنایەتی بەرانبەر بە میللەتی کورد دەکات و لە ئەنجامدا خیانەت بەرانبەر بە کیشەکەشی دەکات، بۆیە زۆر گرینگە هاووڵاتیانی کوردستانی باکوور نەچنە ژێرباری هیچ هەڕەشەیەک و هیچ پڕوپاگەندەیەکی نابەجێ، لەهەمانکاتدا نەچنە بەرباری هیچ عاتیفەیەکی ناسیاسیانەی ئەوتۆ کە دیسان بەلاڕێیاندا بەرێت و دەنگیان بخاتەوە ناو ئاژاوە و شەڕ و دوورکەوتنەوە لە مێزی گفتوگۆ.

هەمیشە لەبیرتان بێت گفتوگۆ پرۆسەیەکە دەبێت هەموو میللەتی کورد تێیدا بێت، هەموو حزبەکان و لایەنەکان و کەسایەتییەکان و هەموو هاووڵاتییەکیش بە دەنگی خۆی پشتیوانی بکات، دەبێت کوردستانی باکوور هێور بێتەوە و جارێکی دیکە زەمینە بۆ گفتوگۆ خۆش بکرێت و، هەموو جیاوازییەکان و ئامانجەکانی میللەتی کورد لە پڕۆسەی گفتوگۆدا لەبەرچاو\وی هەموو جیهانیان بێتەدی، ئەوەش دان بەخۆداگرتن و زانایی و جورئەتی سیاسی دەوێت،  بۆیە جارێکی دیکە پێویستە هاووڵاتیانی ئێمە لە باکوور بەو گیانەوە و لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان، لە بەرژەوەندیی ئاشتی بۆ نەتەوەکەیان، دەنگ بدەن و بەشدار بن لە ڕیفراندۆم و بەپێی هەڵوێستی خۆیان دەنگ بدەن.