Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فۆرینە پۆلسی: ترەمپ هەلێکی بۆ سەربەخۆییی کوردستان ڕەخساندووە

ئاژانسەکان-KDP.info-  گۆڤاری فۆرینە پۆلسی نووسیویەتی، (دۆناڵد ترەمپ) هەلێکی نوێی بۆ سەربەخۆییی کوردستان ڕەخساندووە.

دامەزراوەی برێدبار، وتارێکی دەربارەی دەنگدانەوەی سیاسەتەکانی (ترەمپ) بەرانبەر  بە کورد لە عێراق و سووریا بڵاو کردووەتەوە. لەو وتارەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە دوای دەستبەکاربوونی (دۆناڵد ترەمپ)، وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، کورد لە عێراق و سووریا هیوای زیاتریان بە ئەمەریکایە. نموونەی ئەوەش دێنێتەوە، کە لە شاندی عێراقدا (فواد حوسێن)، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بەفەرمی بانگهێشت کرابوو، وەک نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕۆڵی ئەرێنیی (رێکس تیلەرسۆن)، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە سەرۆکی ئێکسۆن مۆبیلە، وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت، کە گرێبەستی نەوتیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، ڕۆڵێکی ئەرێنیی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، گۆڤاری فۆرینە پۆلسی، وتارێکی (مۆرگان کاپڵان)ی بڵاو کردووەتەوە و، نووسەری ئەو وتارە باس لەوە دەکات، کە (ترەمپ) بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، هیوای زیاتری بە کوردەکانی عێراق بەخشیوە.

لە وتارەکەدا نووسەر دەنووسێت: کوردەکان خەریکی چارەکردنی کێشەکانیانن و پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکە کار بۆ ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی دەکەن. ئەوەش یەکەمجار نییە، کە کوردەکان هەوڵ بۆ سەربەخۆیی دەدەن. ئێستا زیاتر لە جاران گەشبینن بە سەرکەوتنیان و ئەو جیاوازییەش بۆ سیاسەتی نوێی ئەمەریکا و (دۆناڵد ترەمپ) دەگەڕێتەوە و، (ترەمپ) هەلێکی نوێی بۆ سەربەخۆییی کوردستان ڕەخساندووە.