Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد حاجی مەحموود: بارزانی بۆ وڵاتان و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکا باسی ڕیفراندۆمی کردووە و ئەوانیش بە کارێکی ئاساییان زانیوە

هەولێر-KDP.info-  سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، (محەمەد حاجی مەحموود) دەڵێت، (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکاش باسی پرسی ڕیفراندۆمی کردووە و ئەوانیش بە کارێکی ئاساییان زانیوە.دەشڵێ، دڵنیاین لەوەی خەڵکی کوردستان سەربەخۆیی دەوێت و خەڵک لە ڕیفراندۆمدا بە بەڵی دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات، کورد نایەوێت جارێکی دیکە زەلیل ببێتەوە، خەڵکی کوردستان دەنگ بۆ میللەت و وڵاتی خۆی دەدات.

ئەو پێشمەرگانەی هەمانە، سێ ساڵە لەو بەرانەی جەنگن، دەبێ ڕێک بخرێنەوە
دەربارەی دەنگۆی دروستکردنی هێزێک بۆ سۆسیالیست وەک بەشێک لە یەکەی هەشتا، (محەمەد حاجی مەحموود)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەوەی ئەو قسانە دەکات، کە گوایە هێز بۆ سۆسیالیست دروست کراوە، ڕاست نییە، چونکە دەبوو ئەوانە بیانپرسیایە، ئەو پێشمەرگانەی سێ ساڵە لە بەرەکانی جەنگن و لە بەرانبەر داعشدا شەهید و بریندار دەدەن، لە کوێ بوون؟ ئێمە هیچ هێزێکی تازەمان ناونووس و دروست نەکردووە، هەموو ئەو کەسانە ٢٦ ساڵە پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیستن. بەڵام ئێمە گرووپێکی کەممان لە لیوا هاوبەشەکاندا هەیە، هەمووی بەبێ تەسفییە ماوەتەوە، ئێمەش چەند جارێک داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە، کە یەکلامان بکاتەوە، ئێمە لە بەرەکانی جەنگ شەهید و کەمئەنداممان هەیە، هیچ شتێکیان نییە، لە هیچ ئۆرگانێکی حکوومەت نین، دەی خۆ دەبێ ئەمانە ڕێک بخرێنەوە و دووبارە بخرێنەوە سەر دامەزراوەی ئەمنی. ئەو پێشمەرگانەی هەمانە، سێ ساڵە لەو بەرانەی جەنگن، دەبێ ڕێک بخرێنەوە، بۆیە داوامان کردووە ڕێک بخرێنەوە.''

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەیشی دا: ''ئەوەی کراوە پێوەندیی بە یەکەی هەشتا و حەفتاوە نییە، ڕاستە ئێمە داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە پارتی و یەکێتی لەوێدا دەسەڵاتدارن، کاتی خۆی، کە هێزی یەکەی حەفتا و هەشتا دروست کرا، ئێمە گوتمان ئەی ئەو هێزانەی ئێمە چی لێ بکرێت؟ بەڵام ئێمە داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمە داوامان لە وەزارەت کردووە، نەک حزب، هەرکەس لاریی هەیە، ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەو وەزارەتە هی هیچ حزبێک نییە، هی ئەم حکوومەتەیە، کە حزبەکان تێیدا بەشدارن.''

دەربارەی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان، (محەمەد حاجی مەحموود) باوەڕی وایە: ''ڕیفراندۆم کارێکی ئاسایی و یاسایییە، چونکە ڕیفراندۆم بۆ گەڕەکێک، بۆ مودیر ناحییەیەک، بۆ قایمقامێک دەکرێت، بۆ موختاری گەڕەکێک دەکرێت، لەم ماوەیە لە بەریتانیا ڕیفراندۆم کرا کە لە یەکێتیی ئەورووپا بمێنێتەوە یان نا؟ پێشتر یۆنان بۆ پرسی یۆرۆ کردی، لە سکۆتلەندا ڕیفراندۆم بۆ مانەوە لەگەڵ بەریتانیا کرا، بۆیە ڕیفراندۆم شتێکی ئەوەندە قورس نییە، ئەوەی دەکرێت، بۆ یەکخستن و یەکدەنگیی گەلی کوردستانە، گەڕانەوەی دەسەڵاتە بۆ بۆچوونی گەلەکەی، گەلەکە بڕیاری چی دا، ئەوکاتە بە گفتوگۆ و ڕاوێژکاری بڕیار و بۆچوونی میللەتەکە وەردەگیرێت، بەڵام بەڕاشکاوانە، ئێمە ڕیفراندۆم بۆ پرسێکی نەتەوەیی بەکار دەهێنین، ڕیفراندم بۆ ئابووری دەکرێت، بۆ سەربەخۆیی دەکرێت، بۆیە گەلی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات.''

(بارزانی) لە کۆبوونەوەکانی دەرەوە هەموو جارێک باسی کردووە، کە دەبێت ڕیفراندۆم بکرێت

دەربارەی بڕیاری (سەرۆک بارزانی) بۆ پرسی ڕیفراندۆم، (محەمەد حاجی مەحموود) ڕایگەیاند: ''لە کۆبوونەوەکان جەخت لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کراوەتەوە، (بارزانی) لە کۆبوونەوەکانی دەرەوە هەموو جارێک باسی کردووە، کە دەبێت ڕیفراندۆم بکرێت و خەڵکی کوردستان بڕیار بدات. لەگەڵ زۆربەی وڵاتان و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکاش باسی ڕیفراندۆمی کوردستان کراوە، ئەوانیش بە کارێکی ئاساییان زانیوە.''


سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست باس لەوە دەکات: ''لە هەموو کۆبوونەوەکانی (بارزانی) لە گەڵ بەرپرسانی وڵاتان لە کۆنگرەی داڤۆسدا باسی لە پرسی ڕیفراندۆم کرد. دەشڵێ، دەبێ ئێمە بگەرێینەوە بۆ بۆچوونی خەڵکی کوردستان و لەوێش بەڕاشکاوانە باس کرا، ئێستاش بۆ ئەو پرسە نەتەوەیەکگرتووەکان بە گرینگ دەزانین، لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستاندا هاتنە کوردستان بۆ ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردنەکان بکەن، لە زۆربەی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسییەکاندا داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت، کە لەسەر هەڵبژاردنەکانی کوردستان چاودێر بن، بۆیە لەم ڕیفراندۆمەی کوردستاندا نەتەوەیەگرتووەکان ڕۆڵی گرینگی دەبێت.''

دەربارەی بڕیاری خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمدا، کاکە حەمە ئەوەی خستەڕوو: ''دڵنیاین لەوەی خەڵکی کوردستان سەربەخۆیی دەوێت و خەڵک لە ڕیفراندۆمدا بە بەڵی دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات و کورد نایەوێت، جارێکی دیکە زەلیل ببێتەوە و خەڵکی کوردستان دەنگ بۆ میللەت و وڵاتی خۆی دەدات.''

لە پەرلەمانی عێراقدا بڕیارێکی زۆر نابەرپرسیارانە درا
دەربارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدژی ئاڵای کوردستان، (محەمەد حاجی مەحموود) بۆچوونی وایە: ''بابەتی ئاڵای کوردستان لە قەبارەی خۆی زیاتر گەورە کرایەوە، وای کرد هەندێک خەڵک وەک تورکمان و لایەنی دیکە ئیستفزاز بن، بەڵام بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بریارێکی نامەسئوولانە بوو، بەتایبەت لە پەرلەمانێکی مەسئوول، کە نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی وڵاتێکی وەک عێراق بکات، چونکە دەبوو لێژنەی بۆ دروست بکرێت و ئامادەکاریی بۆ بکرێت، دەبوو بۆچوون وەربگرێت، دواتر بڕیار بدرابایە، بۆیە لە پەرلەمانی عێراقدا بڕیارێکی زۆر نابەرپرسیارانە درا.''

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق درا، یەکەم، لە ڕوانگەی دژایەتیی مافەکانی گەلی کوردستانەوە بووە، دووەم، ڕەنگە لەژێر کاریگەری و هەڕەشەی ئەملاولادا ئەو بڕیارەیان دابێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی (سەلیم جبووری)، سەرۆکی پەرلەمان لەناو گرفتەکاندایە، خەریکە سوننە لەناو دەچێت، دەبوو هاوکێشەکانیان کۆتایی پێ بهێنن، نەدەبوو بەو شێوە بیر بکاتەوە و کۆبوونەوە بکات، بۆیە ئەم عەقڵییەتە، نە خزمەتی عێراق دەکات و نە خزمەتی ئەوانە دەکات، کە وڵات بەڕێوە دەبەن، بەتایبەت پەرلەمان، بۆیە ئەوە دووەم جارە سەرۆکی پەرلەمان بەم شێوە بیر دەکاتەوە و ڕەنگە لای سوننەکان گومانی دروست کردبێت.''

(محەمەد حاجی مەحموود) نایشارێتەوە: ''فرەگوتاریی کورد لە بەغدا ڕەنگدانەوەی خراپی هەبوو، ڕەنگە حزبە عێراقییەکان بەردی بناغەیان لەسەر ئەو ناکۆکییانە دانابێت، خۆزگە لایەنە جیاوازەکانی پەرلەمان پێکەوە کاریان بکردبایە، بەداخەوە دەڵێن، ئەوە سێ ساڵە پێوەندیمان بە یەکەوە نییە، بەڵام بینیمان لەسەر پرسی ئاڵا هەموویان بە یەکەوە هاتنە دەرەوە، خۆزگە هەموو کاتێک وا بوونایە.''

دەبێ پێش کۆتاییی داعش کورد بڕیاری خۆی بدات
دەربارەی دۆخی ئێستا و ئایندەی کوردستانیش (محەمەد حاجی مەحموود) باوەڕی وایە: ''دۆخەکە ئاڵۆزە، بەڵام ئایندەی کوردستان باش دەبێت و دەبێ پێش کۆتاییی داعش کورد بڕیاری خۆی بدات.'' لەسەر بوونی پەکەکەش لە شنگالدا دەڵێت: ''دەبێ کورد لە هەرپارچەیەکی کوردستاندا چارەی پرسی خۆی بکات، ئێمە پێشمەرگەمان ناردە کۆبانێ، کە ئەرکەکەی تەواو بوو، گەڕایەوە و پێشمەرگە نەیگوت، مادام شەهید و بریندارم داوە، گومرگ دادەنێم و حوکمڕانی دەکەم. بۆیە لە باشووری کوردستان، پێویستە هەرهێزێکی لە دەرەوەی هێزی پێشمەرگە بێت، ڕەچاوی قەرار و دەستووری هەرێمی کوردستان بکات، ئەگەر نەیکات ئەوە دەستخستنە ناو کاروباری یەکترییە.''

کارزان سەباح هەورامی