Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیوا ھەڵۆ نەجات: ڕێ بە نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی نادەین، سەقامگیریی کەرکووک دەپارێزین

 

کەرکووک-KDP.info-  ئاسایشی کەرکووک  رایدەگەیێنێت، ئەوانەی لە کەرکووک خۆپیشاندانیان دژی ئاڵای کوردستان کردووە، نوێنەرایەتیی پێکھاتەی تورکمان ناکەن، بۆیە ھەر کەس و لایەنێک ئاڵۆزی لە ناوشار دروست بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەمە بڕیاری لیژنەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووکە.


بەرێوبەری ئاسایشی کەرکووک لیوا(ھەڵۆ نەجات)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بەرەی تورکمان ھەڵساوە بە خۆپیشاندانێک لەبەردەم پارێزگا کە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، ئەوان هەندێک خەڵکیان ھێنابووە سەر جادە کە نەدەگەیشتنە ٢٠٠کەس، دیارە رێگەیان نەدراوە نزیکی بارەگای پارێزگا ببنەوە، ئاڵۆزی لێکەوتووەتەوە، خۆیان دەڵین گوایە کەسێکیان بریندار بووە، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان بەھیچ شێوەیەک لە کەسیان نەداوە و نایشزانرێت ئەو کەسەی باسی دەکەن چۆن بریندار بووە."

لیوا(ھەڵۆ نەجات) جەخت دەکاتەوە، "ئەوانەی هاتوونەتە سەر جادە چاویان بە ئاڵای کوردستان ھەڵنایەت، هەڵبەت ئێمە لە کەرکووکین و دەزانین ئەوانە نوێنەرایەتیی تورکمان ناکەن، خۆی تەنھا بەرەی تورکمانییە کە باس لە ئاڵای خۆیان دەکەن، ئاڵای ئەوان حیزبییە و ھیی بەرەی تورکمانییە کە لە ڕاستیدا گوزارشت لە خواستی ھەموو تورکمانەکان نییە، شاراوەش نییە کە ئەوان بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان ئەو کارە دەکەن و دووپاتی دەکەمەوە کە نوێنەرایەتیی تورکمانەکان ناکەن."

ئاماژە بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆی پێکهاتەکانی کەرکووک، بەرێوبەری ئاسایشی کەرکووک هۆشداریی دا، "ھێزە ئەمنییەکان بەھیچ شێوەیەک رێگە بە ھیچ کەس و نەتەوەیەک نادات ئاڵۆزی و پشێوی بنێتەوە، ھەرکەس و لایەنێکیش ئەوکارە بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەمە بڕیاری لیژنەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووکە و، دوێنێ نوێنەری بەرەی تورکمانیش لەگەڵ ئێمە بەشدار بووە."

بڵند ئیبراھیم