Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سلێڤانەیی: بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كەركووك دوورە لە راستییەوە

 

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، بەدواداچوونی وردی كردووە، نە لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، نە لە وەزارەتی دارایی و نە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی كەركووك نەكراوە و تەنیا دەنگۆیە.

حاكم (سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەدواداچوونی وردم بۆ ئەو دەنگۆیانە كردووە كە باس لەوە دەكەن وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری برینی مووچەی فەرمانبەرانی كەركووكی دابێت بە هۆی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە لەسەر دامودەزگاكان بە فەرمی، بەڵام ئەم باسە دوورە لە راستییەوە، نە لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نە لە وەزارەتی دارایی و نە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەها بڕیارێك لە ئارادا نییە و تەنها دەنگۆی ژمارەیەك مێدیا و چەند كەسێكە كە دەیانەوێت كەركووكییەكانی پێ بترسێنن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "داهاتی شاری كەركووك گەلێك لەوە زیاترە كە حكوومەتی عێراق بۆ مووچە بۆی دەنێرێت. خۆ ئەگەر گریمان مووچەكەی ببڕێت، كەركووكییەكانیش رێگای تر دەگرنە بەر، بۆیە حكوومەتی عێراق ئەم هەڵەیە ناكات و پێم وانییە لە هیچ بارێكدا بەغدا هەڵەی وا بكات و ئەم داهاتە زۆرە لە كیس خۆی بدات".

دوێنێ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر فەرمانگە حكوومییەكانی سنووری پاریزگاكە پەسەند كرد.

 

سەرباز واحید