Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەحمەد عەسكەری: دەمانەوێ ئالییەت ببینینەوە بۆ گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێم

 

كەركووك-KDP.info- ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ئێستادا سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بەوەی بڕیارێكی پێشووتری ئەنجوومەن بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەویش بڕیاری گەڕاندنەوەی كەركووكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەندامێكی كوتلەی برایەتییش دەڵێ: "دوو جار بڕیار دەرناكرێت، بەڵام دەمانەوێ میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی بدۆزینەوە".

 

(ئەحمەد عەسكەری)، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ساڵی 2008ـدا بڕیارێكی دەركردووە و لەو بڕیارەیدا داوای لە هەرێمی كوردستان كردووە پارێزگای كەركووك بگەڕێندرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە وەك لیستی برایەتی و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، لەگەڵ ئەوەداین كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و بەشێكە لە خاكی پیرۆزی كوردستان، بەڵام هەرێمی كوردستان تا ئێستایش وەڵامی داواكەی ئەنجوومەنی نەداوەتەوە و ئێمەیش هەر چاوەڕێی بڕیارێكی هەرێمی كوردستان دەكەین".

 

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "دوای ئەوەی بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان دوێنێ پەسەند كرا، لە ئێستادا ئەنجوومەنی پارێزگا دیراسەی گەڕاندنەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات، لە هەفتەی دابێ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنیش بەڕێوە دەچێ و هەندێ پرس دەخرێنە ڕوو، بەڵام نازانین لەو كۆبوونەوەیەدا ئەو پرسەیش با سدەكرێت یاخود نا، چونكە هێشتا دیراسەی دەكەین و ئێمە پێشتر بڕیارمان لەسەر داوە كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و ناكرێت دوو بڕیار بۆ یەك كەیس دەربكەین".

 

(عەسكەری) گوتیشی: "بە بۆچوونی من ئەنجوومەن دووبارە بڕیار دەرناكات، لەگەڵ ئەوەیشدا پێداچوونەوەی بۆ دەكەین و دەمانەوێ ئالییەت ببینینەوە تا ئەو بڕیارەی پێشوو دەرمان كردووە بۆ گەڕاندنەوەی كەركووك جێبەجێ بكرێت، چونكە بڕیارەكە هەیە و پێویستی بەوەیە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ بكرێت".

 

قائید میرۆ