Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیاری حوسێن: ئێستا نۆرەی کارکردنە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم، شنگال و کەرکووک و خانەقین بگرێتەوە



کەرکووک-KDP.info-  ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (دیاری حوسێن)، ئاماژە بە ئاساییبوونی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک کەرکووک دەڵێت، ئاڵای کوردستان ھیی ھەموو پێکھاتەکانی نێو کوردستانە و مادام ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی لەپێش گەلی کوردستانە، پێویستە کار بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان بکرێت، تا ئەوانیش لە ڕیفڕاندۆمدا بەشداری بکەن.

(دیاری حوسێن) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەربارەی بە فەرمی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی پارێزگای کەرکووک لەجێی خۆیدا بوو، چونکە ئاڵای کوردستان لە سەردەمی نەمر (قازی محەمەد)ەوە بە ئاڵای خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان ناسێندراوە و دواتر ڕادەستی (بارزانیی نەمر) کراوە، ئەوکاتیش پێکھاتەی وەک مەسیحی و تورکمان و ئەرمەنی لە ھەرچوارپارچەی کوردستاندا ھەبوون و ددانیان بە ئاڵای کوردستاندا ناوە و بە ئاڵای خۆیان زانیوە، ھەرچوار ڕەنگەکەیشی دەربڕی ھەموو خەڵکی کوردستانە، لەبەر ئەوە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دەربڕی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە بەگشتی و کەرکووکیش، وەک بەشێک لە خاکی کوردستان مافی ھەڵدانی ئاڵای خۆی ھەیە.''

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئێمە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خۆشحاڵین، چونکە پێشتریش پارتی لەپێناو کەرکووکدا زۆری قوربانی داوە؛ ھەر بۆ نموونە، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا پشکی پارتی بوو، بەڵام بۆ ئەوەی پێکھاتەی شارەکە لەبەرچاو بگرین و مافی زیاتر بە تورکمان بدرێت، پارتی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی دا بە برایانی تورکمان و( حەسەن توران) بوو بە سەرۆکی ئەنجوومەن، بەڵام دواتر خۆی کاندید کرد و چووە پەرلەمانی عێراق و ئێستا (رێبوار تالەبانی)  بەوەکالەت سەرۆکی ئەنجوومەنە، ئەوەشمان ھەمووی لەپێناو کەرکووکدا کردووە.''

(دیاری حوسێن) دەشڵێت: ''ئێمە، وەک ھەرێمی کوردستان ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییمان لەپێشە، پێویستە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین، خۆ ناکرێت لە سلێمانی و ھەولێر ڕیفڕاندۆم بکەین و لە کەرکووک و خانەقین نەکرێت، ئەو ناوچانە خاکی کوردستانن و لەڕووی دەستوورییەوە کێشەیان لەسەرە، بەڵام کە دەستوور جێبەجێ نەکراوە و کاری بۆ ناکرێت، نابێت خۆمانی لێ بێدەنگ بکەین، ئەگەر دەمانەوێت سەربەخۆیی ڕابگەیەنین و پڕۆژەمان ھەیە، دەبێ ھەرچی زووە چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکان یەکلا بکەینەوە و بیانگەڕێنینەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان. ئێستا پێشمەرگە بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر کەرکووک دەپارێزێت و یەکێک لەو ھەنگاوانەش بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بووە.''

قائید میرۆ