Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"نزیکەی ٤٠٠ چەکداری پەکەکە پێوەندییان بە هێزەکانی پێشمەرگەوە کردووە"

شنگال-KDP.info-  چەکدارانی پەکەکە بەردەوامن لە وازهێنان لە ڕیزەکانی پەکەکە و پێوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکەن. بەگوێرەی لێدوانی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، (هاشم سیتەیی)، ئێستا ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە ڕیزەکانی پەکەکەوە هاتوونەتە نێو هێزی پێشمەرگە خۆی لە ٤٠٠ چەکدار نیزیک کردووەتەوە.

تادێت ڕیزەکانی پەکەکە زیاتر لەت دەبێت و چەکدارەکانی وازی لێ دەهێنن، چونکە بەتەواوەتی تێدەگەن، کە ئامانجیان خزمەتکردن نییە، بەڵکو ئامانجێان جێبەجێکردنی ئەجێندای ئیقلیمییە لەدژی هەرێمی کوردستان. لە دەڤەری شنگال ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکە وازیان لە ڕیزەکانی ئەو حزبە هێناوە. (هاشم سیتەیی)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ڕۆژانە ١٠ چەکداری پەکەکە پێوەندی بە هیزی پێشمەرگەوە دەکەن.

(سیتەیی) دەڵێت: ''هاتنی چەکدارانی پەکەکە بۆ نێو هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و، بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە لەدەستماندایە ژمارەکە نیزیک بووەتەوە لە ٤٠٠ چەکداری پەکەکە، کە لە دەڤەری شنگال پێوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە.''

(سیتەیی) هۆکاری وازهێنانی چەکدارانی پەکەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە خەڵکی دەڤەرەکە باوەڕیان بە پەکەکە نەماوە و چەکدارەکانیشیان لێیان بێزار بوونە.

بڵند ئیبراھیم