Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پەکەکە لە سنووری ئامێدی سێ تونێلی لێداوە؛ دەستی بەسەر 300 گونددا گرتووە"

دهۆک-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک گوتی، پەکەکە لە سنووری ئامێدی دەستی کردووە بە لێدانی تونێل لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان، کە مەبستیشیان لەو کارە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی خراپە، چونکە ھیچ کارێکی باش لەوانە چاوەڕوان ناکرێت. ئاماژەیشی دا، زیاتر لە300 گوند لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراون.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، (فەھیم عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەکەکە لە سنووری ئامێدی دەستی کردووە بە لێدانی تونێل و تا ئێستا سێ تونێلیان لێداوە و وێنەشیان گیراوە، کە دیارە ئەو کارەشیان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی خراپە، لەبەرئەوەی ئەوانە ھیچ کارێکی باشیان لێ چاوەڕوان ناکرێت، چونکە ئەو کارەیان بۆ ئەوەیە تەقینەوە و کردەوەی خراپی پێ ئەنجام بدەن، دەنا تونێللێدان لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان چ مانایەکی ھەیە.''

(فەھیم عەبدوڵڵا) گوتی: ''خەڵکانێک پێیان خۆشە پەکەکە ئەو جۆرە کردەوە خراپانە دەکەن و پێیان وایە دژی پارتی ئەنجامی دەدەن، بەڵام ڕۆژێک دێت، ئەو ئاگرە لە ئەوانیش بەردەبێت و ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ئەوانەی دیکەش دەگرێتەوە.''
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک ڕوونی کردەوە: ''پەکەکە ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی داگیر کردووە، کە لە گوندەکانی سندی و گولی تا دەگاتە نێرە و ڕێکان دەست پێ دەکات و بەری گارە و دۆڵی نەھلە، کە ئەگەر سەرژمێرییەک بکرێت، ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 300 گوند و ڕێش نادەن، خەڵک ئاوەدانیان بکاتەوە و داگیریان کردوون.''

(فەھیم عەبدوڵڵا) گوتیشی: ''ئێمە بۆ ڕێگریکردن لە پەکەکە زۆرمان ھەوڵ داوە، بەڵام ئەوکارە لە توانای ئێمە زیاترە و پێویستە لەسەر ئاستی باڵا بکرێت.''

بڵند ئیبراھیم