Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەرکووک، هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی پەسند کرد

 

کەرکووک-KDP.info-  ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەسەر فەرمانگە حکوومییەکانی سنووری پاریزگاکە پەسەند کرد.

 

پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەش، (ڕێبوار تاڵەبانی) سەۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بودجەیەک بۆ دروستکردن و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دیاری کراوە و لەسەر کۆی دامودەزگاکانی حکوومەت هەڵدەکرێ.
لای خۆیەوە (ئەحمەد عەسکەری) ڕایگەیاند، بڕیارەکە پەسند کراوە، ماوەتەوە جێبەجێکردن و هیچ شێوەیەک پاشەکشەی لێ ناکەین. ئەوەیشی بە ناوی حکوومەتی عێراقەوە ڕاگەیێندراوە گوایە، بە هۆی ئەم بڕیارەوە مووچەی فەرمانبەرانی کەرکووک دەبڕدرێ، گوتی، ئەمە بە شێوەیەکی فەرمی ڕانەگەیێندراوە.


هاوکات (محەممەد کەمال) سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی، لەگەڵ لیستەکانی دیکە کە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان کردووە، گفتوگۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین ئەو باوەڕەیان لا دروست بکەین، کە ئاڵای کوردستان بۆ دژایەتی و پشتگوێخستنی کەس و پێکهاتەیەک نییە و، بەڵکە پاریزەری هەمووانە.


لەوکاتەدا کە ئەنجوومەن لەبارەی هەڵکردنی ئاڵاوە لە کۆبوونەوەدا بوو، پارێزگاری کەرکووک لە پێشوازیی ژمارەیەکی زۆر لە کەسیاتیانی عەرەب و تورکمان کە وەک پشتیوانی بڕیارەکە خۆیان نیشان دابوو، گوتی، "ئەو کەسایەتییە عەرەب و تورکمانانەی کە هاتوونە ئێرە بۆ پشتیوانیی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا، برای ئێمەن، ئەمە هەڵوێستی ئەوانە بەرانبەر بە بابەتی ئاڵای کوردستان، کە هەندێک ئەم باسەیان وا لێ کردووە کە گوایە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک خوێنڕشتنی لێ دەکەوێتەوە، هەڵبەت ئەم ئامادەییەی ئەم برایانەمان لێرە، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە."