Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر: ناونووسکردن بۆ حەشدی شەعبی قبووڵ ناکرێ

 

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، چەکدار کردنی خەڵکی سنوری پارێزگای ھەولێر بۆ نێو ریزەکانی حەشدی بە لادان لە یاسا وەسف کرد و دەڵێ، ھەرکەسێک دەرکەوت بە فەرمیی کار دەکات بۆ ناونووسکردن بۆ حەشدی شەعبی، لێی قبووڵ ناکرێ.

(کەنعان خەیلانی) سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە "ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردراوی خەڵکی سنوری پارێزگای ھەولێرە و ھەر پرسێکیش کاریگەری لەسەر یەکڕیزیی نیشتیمانی هەبێت، بە ھەموو شێوەیەک لای ئێمە رەت دەکرێتەوە؛ جا تۆمارکردنی ناوی خەڵک لە سنووری پارێزگای ھەولێر بۆ ریزەکانی حەشدی شەعبی، قبووڵ ناکرێ و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کە بەشدار بوونە لەو بابەتەدا. خۆی هێشتا بەشێوەیەکی فەرمیی ھیچ لایەنێک ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە لەوەی ناوی خەڵکانێک بۆ حەشدی شەعبی تۆمار کرابن، هەڵبەت ئەوەی لە سنووری قەزای سۆران و ناحیەی خەلیفان باسی لێ دەکرێ، تەنیا لە قاڵبی دنگۆدایە کە گوایە خەڵکێک ناونووس دەکرێت، بەدواداچوونیش بۆ ئەم پرسە کراوە."

(خەیلانی) هۆشداریشی دا لەبارەی پرسی نانووسکردن بۆ ریزەکانی حەشدی شەعبی و گوتی "ئەگەر بزانین ھەرکەسێک بەشێوەیەکی فەرمی خۆی تەرخان کردووە بۆ کەسپکردنی خەڵکی ئێمە تا بچنە ریزەکانی حەشدی شەعبی، بە توندی رووبەرووی دەبینەوە و، بەپێی یاسا ھەبوونی ھێزی دیکەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە قەدەغەیە، چونکە ئەو پرسە جێگەی موناقەشە کردن نییە و ھیچ دەرفەتێک ناھێڵینەوە بۆ ئەوانەی بەو کارە ھەستاون، لەبەر ئەوەی دەبێتە ھۆکاری تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی خەڵک لەوەی جارێکی دیکە خەڵکی ئێمە بۆ سەرانی بەغدا و حەشدی شەعبی چەکدار بکرێن."
قائید میرۆ