Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراكسیۆنی پارتی: چاوه‌ڕێ بووین یه‌كگرتوو هه‌ڵوێستی هه‌بێ.. هه‌ڵه‌دنی و هاوشێوەكانی با خۆیان تاقی بكەنەوە

 

هه‌ولێر-KDP.info-  فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، له ڕاگه‌یێنراوێكدا وه‌ڵامى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووی دایه‌وه‌ و ڕایدەگەیێنێ، (ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى) هەمیشە ڕۆڵێكی تێكدەرانەی هەبووە و هیچ كاتێك لە وێستگەی چارەسەركردنی گرفتەكاندا نەبووە.

له‌و ڕاگه‌یێندراوه‌دا كه‌ وێنه‌یكی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوه‌، جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ كه‌، (ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى) هەمیشە هەوڵی داوە بە دەربڕینی نابەجێ كێشەكان قووڵتر بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەردەم ڕایەكی پێشوەختە و پڕ قینشی لەبەرانبەر پارتیدا هەبووە.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ى فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان:

بەر لە چەند ڕۆژ ئەبووبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەرنامەی تاوتوێی كه‌ناڵی ئێن ئارتیدا چەند بۆچوونێكی نابەجێی لەبارەی فشارخستنەسەر حكوومەتی هەرێم و پارتی لە ڕێگەی گرتنەوەی نەوت و گازی سلێمانی و دروستكردنی پشێوی لە دەڤەری بادینان خستووەتەڕوو.

چاوەڕێی ئەوە بووین كە سەركردایەتیی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی ئەم پارلەمانتارەی بدات كە بۆچوونی تێكدەرانە و نانیشتیمانییانەی لەمجۆرە تەعبیر لە ڕای ڕەسمیی یەكگرتوو ناكات بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ڕوونكردنەوەیەك لەسەر وتەكانی په‌رلەمانتارەكەیان نەدراوە.

بۆیە بە پێویستمان زانی ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ئەبووبەكر هەڵەدنی هەمیشە ڕۆڵێكی تێكدەرانەی هەبووە و هیچ كاتێك لە وێستگەی چارەسەركردنی گرفتەكاندا نەبووە بەڵكو هەمیشە هەوڵی داوە بە دەربڕینی نابەجێ كێشەكان قووڵتر بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەردەم ڕایەكی پێشوەختە و پڕ قینشی لەبەرانبەر پارتیدا هەبووە.

ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی دەریبڕیون جگە لە تێكدان و پشێوی هیچ مانایەكی دیكەی نییە و پەیوەندی بە داواكاریی خەڵكەوە نییە و قسەكانیشی زۆر لە خۆی گەورەترن. ئەگەر ئەبوبەكر و هاوشێوەكانی وا بیر دەكەنەوە كە لەڕێگەی فشار بۆسەر ژیان و ئاساییشی خەڵك بڕیار بەسەر پارتیدا دەسەپێنن با بێن خۆیان تاقی بكەنەوە.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
27-3-2017


نه‌شوان به‌رزنجى