Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵشاد شەعبان بۆ هەڵەدنی: نزیكەی 68%ـی نەوتی كوردستان لە هەولێر و دهۆكەوە ڕەوانە دەكرێت

 

 هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لە وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیدا دەڵێت، نزیكەی 68%ـی نەوتی كوردستان كە دەچێتە دەرەوە و هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم لەسەری دەژین، لە هەولێر و دهۆكە.

(دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چانسی ئێمەیە كە لە مووسڵ (ئەبووبەكر بەغدایی) و لە هەرێمیش (ئەبووبەكر هەڵەدنی) هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو قسانەی ئەو كردوویەتی هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو هێرشانەی داعش كاتی خۆی كردیە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە هەموو ئامانجی ئەوان تێكدانی هەرێم بوو بە پاڵپشتیی هەندێك ئەجێندای دەرەكی بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ پێش 2003، ئەوەی (هەڵەدنی)ـیش دەیكات، داواكردنی دووئیدارەییە".

(شەعبان) گوتیشی: "هەندێك كەس لەناو حیزبە ئیسلامییەكان هەن وەكو (ئەبووبەكر هەڵەدنی) و (سۆران عومەر) و ژمارەیەكی دیكە، كە وەكو شانەی نوستوون و بیركردنەوەیان هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ توندڕۆكان، بۆیە هەر كاتێك ئامادەن وەكو بۆمبێك بتەقنەوە".

دەشڵێت: "پێویستە ئەو كەسە وەكو پەرلەمانتار بزانێت نەوت چەندی لە سنووری هەولێرە و چەندی لە سنووری سلێمانی و دهۆكە، نزیكەی 68%ـی نەوتی كوردستان كە دەچێتە دەرەوە و شادەماری ئابووریی هەرێمی كوردستانە و هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم لەسەری دەژین، لە هەولێر و دهۆكە".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "لەو سێ هەزار مێگاوات كارەبایەی بەرهەم دێت، نزیكەی 2 هەزار و 100 بۆ 2 هەزار و 300مێگاوات لە هەولێر و دهۆك بەرهەم دێت، بۆیە پێویستە ئەو پەرلەمانتارە بزانێت گەر كارەبا لە هەولێر و دهۆكەوە نەچێت بۆ سلێمانی، كارەبایان نابێت و تۆڕی كارەبایش لە هەموو كوردستان پێكەوە گرێ دراوە و ناكرێت جیا بكرێتەوە" .

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەگەر نەوتی هەولێر و دهۆك نەبێت، 51%ـی فەرمانبەرانی راست و بندیوار ناتوانن مووچە وەربگرن، بۆیە وەكو پەرلەمانتار پێویستە زانیاریی دروستیان هەبێت ئەوكات قسە فڕێ بدەنە بازاڕەوە، جگە لەوەیش پێویستە هەست بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی بكات و هەوڵ نەدات جارێكی دیكە هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ دووئیدارەیی".

باسی لەوەیش كرد، ئەو پەرلەمانتارە و هاوشێوەی ئەو، هەوڵیان داوە گوشار لەسەر هەرێم دروست بكەن و تێكی بدەن، هەروەها گوشار لەسەر پارتی و بە تایبەت (سەرۆك بارزانی)ـیش دروست بكەن بۆ ئەوەی رێ لە پێشڕەوییەكان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بگرن، بەڵام نەیانتوانیوە و ئامانجەكەیان گۆڕبەگۆڕ بووە، بۆیە ئەمە هیچ سوودێكی نییە".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، باسی لەوە كردووە كە زۆرینەی نەوتی كوردستان لە سلێمانییە و پێویستە وەك گوشار دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەناردەكردنی نەوت لە سنووری سلێمانی رابگیرێت.

 

بڵند ئیبراهیم