Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فوئاد حوسێن: دۆخی هەرێمی کوردستان بەشێک بوو لە كۆبوونەوەكانی واشنتن

 

هه‌ولێر-KDP.info-  (فوئاد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە وەکو نوێنەری هەرێمی کوردستان لە كۆبوونەوەكانی كۆشكی سپی و پاشان لە كۆنفرانسی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە واشنتن بەشدار بوو، راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ئەمریكا، جێگری سەرۆك و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی کوردستانیان کردووە.

 

(فوئاد حوسێن) راشیگەیاند "كاردانەوەی (دۆناڵد ترەمپ) دۆستانە بوو، وەزیری دەرەوەش لە كۆشكی سپی زۆر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە ئێمە وەكو نوێنەری هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكاندا  بەشدارین، جگە لەمە لە وتارەكەیشیدا باسی كرد".

لەبارەی جیاوازیی چوارەمین كۆنفرانسی هاوپەیمانان بەراورد بە سێ كۆنفرانسەكەی دیكە كە لە سەردەمی ئیدارەی (باراك ئۆباما)دا بەڕێوەچوون، (فوئاد حوسێن) بۆ كه‌ناڵی رووداو هه‌روه‌ها گوتی "لەگەڵ جیاوازیكردن لەنێوان كۆنفرانسەكاندا نیم، بەڵام رەوشەكە ئێستا چووەتە قۆناخێكی دیكەوه‌".

 

گوتیشی "كۆنفرانسی ئەمجارە باسی نەمانی داعش بوو لە عێراق وەكو هێزێكی سەربازی، هەموو لایەنەكان باسی ئەوەیان كرد دوور نییە داعش وەكو هێزێكی سەربازی لە عێراق و پاشان رەققە نەمێنێت، بەڵام وەكو هێزێكی تیرۆریستی، دوور نییە بە هەمان ناو، یان بە ناوێكی دیكە بمێنێت، ئایدۆلۆژیاكەیشی هەر دەمێنێت".

 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان  باسی لەوەش كرد كە لە پەراوێزی كۆنفرانسەكەدا كۆبوونەوەی زۆر كراون، تەوەری سەرەكی كۆنفرانسەكەش شەڕی داعش بووە، بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش لە هەموو كۆبوونەوەكان بەشێكی گفتوگۆكان بووە.

لەبارەی ئە دەنگۆیەی بڵاو بووەتەوە كە لە كۆشكی سپی باسی ئەوە كرابێت سندووقێكی داهات بۆ نەوتی عێراق و نەوتی هەرێمی كوردستان دابنرێت، (فوئاد حوسێن) رەتی كردەوە و گوتی "لەو كۆبوونەوانەی من بەشدار بووم، باسی ئەوە نەكرا".