Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسانی ئیداری؛ پەکەکە داهاتی گوندنشینان بۆ خۆی دەبات

هەولێر-KDP.info-   بەگوێرەی زانیاریی بەرپرسانی ئیداری، پەکەکە زۆری زیان بە گودنشینانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و داهاتی گوندنشینان بۆ خۆی دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا دەستی چووەتە خوێنی سەدان هاووڵاتیی سڤیل و شەهیدی کردوون.

پەکەکە باجی خستووەتە سەر داهاتی ئەو گوندشینانەی هەرێمی کوردستان، کە لە ناوچە سنوورییەکاندان و لە ژمارەیەک گوندیشدا داهاتەکان بۆ خۆی دەبات، وێڕای ئەوەی دەستی چووەتە خۆێنی سەدان کەس و شەهیدی کردوون، بەهۆی پەکەکەوە سەدان گوندی هەرێمی کوردستان ئاوەدان نەکراونەتەوە و سەدان گوندیش زیانییان بەرکەوتووە. ئەم ڕەفتارانەی پەکەکە وای کردووە، کە گوندنشینانی هەرێمی کوردستان زۆر نیگەران بن و داوا دەکن بەزوویی پەکەکە ناوچەکانیان چۆڵ بکات. پەکەکە لەو گوندانەدا وێڕای ئەوەی کە بارەگای داناوە، هەرلەوێشەوە دژایەتیی خەڵکی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکات.

(ڕزگار سدقی)، سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی زەرەر و زیانەكانی بۆردمانەكانی توركیا لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرای کرد: ''250 گوند لە سنووری پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنتڕۆڵی پەكەكەدان، تەنیا لە سنووری ئامێدی 190 گوند چۆڵ كراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە و، هەرچی خێر و بێری ئەو گوندانەیە هەمووی بۆ خۆیان دەبەن.''

(سدقی) گوتی: ''هەتا بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەو گوندانەدا هەبن، توركیا بۆردمانی ناوچەكە دەكات، بۆ ئەمەیش بەردەوام هاووڵاتییان داوا لە ئێمە دەكەن، پەكەكە  بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكان بباتە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاوایییەكانی خۆیان، چونكە ئەگەر خەڵكی ئەو گوندانە بگەڕێنەوە لە هەرچوار وەرزی ساڵ سوود لە گوندەكانی خۆیان وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەش چەندین ناوچەی گەشتیاری لەو ناوچانەدا هەن، ئەگەر چاك بكرێن، سوودێكی زۆریان دەبێت هەم بۆ خەڵكی ناوچەكە و هەم بۆ حكوومەتی هەرێم.''
سیدەکان یەکێک لەو ناوچە سنوورییانەی هەرێمی کوردستانە، کە پەکەکە خۆی لە ژمارەیەک گوندی ئەو دەڤەرە حەشارداوە و زیانی زۆری بە گوندنشینان گەیاندووە، (ئێحسان چەلەبی)، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''سنووری شارەدێی سیدەكان 257 گوند لەخۆ دەگرێت، لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە، لەو گوندانەدا 100 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، نەك هەر ئاوەدان نەكراونەتەوە، بەڵكو ڕێگرن  و نایەڵن ئەو گوندانە ئاوەدان بكرێنەوە، ڕێگری لە خەڵكی ناوچەكەش دەكەن، كە بگەڕێنەوە، تەنانەت باج لە مەڕدارەكان وەردەگرن، ئێستا كە وەرزی بەهارە و خەڵك بۆ گەشت یان بۆ كردنی گیای بەهاری سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن، ئەوان لێ ناگەڕێن بچن، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پەكەكە بووەتە سەرئێشە بۆ خەڵكی ناوچەكە.''

(ئێحسان چەلەبی) گوتی: هەر بەهۆی هەبوونی پەكەكە لە ناوچەكەدا، توركیا و ئێران بۆردمانی ناوچەكە دەكەن، بەو هۆیەوە زۆرجار هاووڵاتیی ئێمە شەهید و بریندار بوونە، یان گوندەكان چۆڵ كراون، جگە لەوەی زیانێكی زۆر بەر گوندنشینان كەوتووە، ئەگەر بێت و پەكەكە لە ناوچەكە نەمێنێت، هاووڵاتییانی گوندەكانی سیدەكان، كە ئاوارەبوونە، دەگەڕێنەوە و ناوچەكە ئاوەدان دەبێتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی چی دیكە زیان بەر هاووڵاتییان نەكەوێت، داوا لە پەكەكە دەكەین، بگەڕێتەوە باكووری كوردستان و لەوێ چالاكیی خۆی ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستی ئاوەدانی بگەیەنێتە ئەو ناوچانە و خەڵكی ناوچەكەش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.''
لە سنووری هەر سێ شارۆچكەی مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندزیش هەر لەبەر پەكەكە 100 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە و پەكەكە لێ ناگەڕێت، خەڵكی ئەو گوندانە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

دەڤەری ڕواندز یەکێک لەو ناوچانەی کوردستانە، کە پەکەکە خۆی گەیاندووەتە ژمارەیەک گوند و لەوێدا زۆری کێشە ناوەتەوە، (كوێستان ئەحمەد)، قایمقامی شارۆچكەی ڕواندز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''لە سنووری شارۆچكەی ڕواندز لە سێ گوند بنكە و بارەگای پەكەكە هەن و لەو گوندانە پەكەكە كێشە بۆ هاووڵاتیان دروست دەكەن، بەتایبەتی لەهەر دوو گوندی زارگەلی و بۆكریسكان، كە لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە 9 هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون، زیانێكی زۆری ماددیش بەر هاووڵاتیان كەوت.''

(كوێستان ئەحمەد) ڕوونی كردەوە: ''ئێستا هەر لەبەر پەكەكە و بنكە و بارەگاكانی، ئەو گوندانە بەتەواوەتی ئاوەدان نەكراونەتەوە و هەموو خەڵكەكەی نەگەڕاونەتەوە، ئەگەر بێت و پەكەكە لەو گوندانە نەبێت، خەڵكەكەی هەموو دەگەڕێنەوە و هیچ كێشەیەك نابێت و هاووڵاتییان هەست بە ئاسوودەیی دەكەن.''

لەلایەكی دیكەوە، بە پێی بەدواداچوونەكان  لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 35 گوند لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە ئاوەدان نەكراونەتەوە و خەڵكەكەی لە ترسی پەكەكە ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

ڕابین شێروانی