Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پسپۆڕێکی جوگرافیای سیاسی: بۆ نەورۆزی دابێ پرسی سەربەخۆیی هەنگاوی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕی جیوگرافیای سیاسی (د.خەلیل ئیسماعیل) دەڵێ، بەپێی لیكدانەوە سیاسییەكان و گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا، لە ئێستاوە بۆ نەورۆزی دابێ دەستكەوتی گەورە وەدەست دێن و پرسی سەربەخۆیی بەهیمەتی (سەرۆک بارزانی) هەنگاوی گەورەتری لێ دەکەوێتەوە.

(د. خەلیل ئیسماعیل)، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە نەورۆزی پارەوە تا ئەم نەورۆزە، لە ماوەی ئەو ساڵەدا كۆمەڵێك دەستكەوتی زێرین بەدەست هاتوون، گەلی كورد قۆناخێكی زۆر هەستیاری بەڕێ كردووە. بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بابەتی سەربەخۆییی كوردستاندا زۆر بەرەوپێش چووە. بابەتی دەوڵەتی كوردستان بووەتە واقیع و ئێستا بەڕاشكاوی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و بەغدا باس لە دەوڵەتی كوردستان دەكرێت.''

(د. خەلیل ئیسماعیل) گوتی: ''بابەتی دروستبوونی دەوڵەت هەروا ئاسان نییە و ماندووبون و تێكۆشانێكی زۆری دەوێت، بەڵام بەردەوامبوونی (سەرۆك بارزانی) لە هەنگاوەكانی سەربەخۆیی ئومێدیكی بەهێزە بۆ ئەم گەلە. بەپێی لیكدانەوە سیاسییەكان و گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكەدا لە ئێستاوە بۆ نەورۆزی دابێ دەستكەوتی گەورە وەدەست دێن و پرسی سەربەخۆیی بە هیمەتی (سەرۆک بارزانی) هەنگاوی زۆر گەورە تێدەپەرێنێت.''

پرۆفیسۆر (د. خلیل ئیسماعیل) جەختیشی كردەوە: ''گۆڕانكارییەكانی ئەم ساڵ و پرسی سەربەخۆییی كوردستان وادەخوازێت كە هەموو لایەنە كوردییەكان یەك بگرن و كێشە و ناكۆكییەكانیان وەلاوە بنێن، بۆ ئەوەی پیلانەكانی دوژمنان نەتوانێت ڕیزەكانمان بشێوێنێت و خەونی سەربەخۆییمان بكەینە ڕاستییەكی بەرچاو.''

سەرباز واحد