Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی: هه‌لومه‌رجه‌كه‌ لێمان ده‌خوازێ یه‌كگوتار و یه‌كگرتوو بین؛ جگه‌ لە سەربەخۆیی بژاردەیەکی ترمان بۆ مانەوە لەناو دەوڵەتی عێراقدا نەماوە

 

هه‌ولێر-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێی کوردی و هاتنەوەی نەورۆز و ئاماژه‌ به‌و هەلومەرجه‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتییه‌ پڕ لە دەرفەت و تەحەدییاته‌دا له‌ هه‌مووان دەخوازێ گوتاری سیاسی و پەیوەندییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و عێراقییەکانمان لەبەر رۆشنایی رادەی دوور و نزیکی ئەو ناوەندانە لە سەربەخۆییمان دابڕێژێنەوە و رێک بخەنەوە، رایده‌گه‌یێنێ، جگە لە سەربەخۆیی بژاردەیەکی ترمان بۆ مانەوە لەناو دەوڵەتی عێراقدا نەماوە و پێویستە دەرفەتێک بۆ داخ لە دڵان نەهێڵینەوە کە ئیدیعای ئەوە بکەن حزبەکانی کوردستان دوو قسە و چەند بەرەن و کورد جیابوونەوەی لە بەغدا ناوێ.


ده‌قی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ساڵی نوێی کوردی و هاتنەوەی نەورۆز

گەلی سەربەخۆییخوازی كوردستان...
بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی و هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی خۆمان و سه‌رجه‌م كادیر و ئه‌ندامانی پارتیمانتان لێدەكەین و ئومێدەوارین ئەم دوو یادە نەتەوەییە بکەینە وەرچەرخانی بەدیهێنانی ئاواتی مەزنی گەلەکەمان لە سەربەخۆیی نیشتمان و پتەوکردنی هەموو ئەو بنەمایانەی پێکەوەژیان و پێشکەوتنیان لەسەر دامەزراوە و ستوونەکانی ژیانی سیاسی دیموکراتانە و هاوچەرخانە پایەدار دەکەن.

گەلی کوردستانی قارەمان قۆناغی زۆری لەم رێگە بڕیوە و بەخشش و قوربانی زۆروزەوەندی لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجانە پێشکەش کردووە. ئێستا پێویستی بەوەیە کە حزبە سیاسییەکان و سەرجەم ناوەندەکانی چالاکی سیاسی و مەدەنی و مێدیایی لە دەوری ئیرادەی سەربەخۆییخوازی کۆ ببنەوە و، لەو پێناوەدا خۆ ساز دەن و ریزەکانیان لە سەنگەری سەربەخۆییدا رێک بخەنەوە.

پەیامی سەرۆک بارزانی و نەخشەڕێیە پێشنیارکراوەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان بۆ ئەم مەبەستە بوون، تا ببێتە سەرەتا بۆ دەستپێکی قۆناغی راگەیاندنی سەربەخۆیی و کارکردنی هەمەلایەنە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی باشترین پردی پەیوەندی، کە لەسەر پایەکانی دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش و ئاشتی و هاوکاری لەپێناوی گەشەکردن دامەزرابێ.

نەورۆز هێمای بەرخودان و شۆڕشی کوردە لە دژی ستەم و چەوسانەوە و بەرجەستەبوونی ئیرادەی ئازادیخوازانەیە لە 2717 ساڵ لەمەوبەرەوە تا هەنووکە، بۆیە لەم هەلومەرجە رەخساوەدا کە قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و توانا و بەخشندەیی گەلەکەمان لە حەواندنەوە و پاراستنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی جەنگی تایفیی نەگریس هێناویانەتە ئاراوە و، پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەنگی ئازادیخوازانی جیهانیان مسۆگەر کردووە، کاتی ئەوەیە ناوماڵی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان رێک بخەینەوە و ئازادیخوازانی نەتەوەی کوردیش لە پارچەکانی دیکەی نیشتمانی دابەشکراومان ببنە پشتیوان و هاوکارمان لە تێپەڕاندنی دواقۆناغی سەختی بەر لە سەربەخۆیی، چونکە سەربەخۆیی ئەم پارچەیەی کوردستان دەبێتە چەقی قورسی رەوایەتیی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا و، سەلمێنەری ئەو راستییەی کە گەلی کوردستان ئاشتیخواز و جەمسەری بە یەکترگەیشتن و پارێزەری بەرژەوەندییەکانە لە ناوچەکەدا. بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانین حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان رێز له‌ سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان و یاسا و رێساكانی بگرن و نه‌بنه‌ مایه‌ی كێشه‌ دروستكردن له‌ ناوخۆمان و ناوچه‌كه‌شدا.

پێشوازیکردنمان لە ساڵی نوێ و یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز لە کاتێکدایە کە گەلی کوردستان و دۆزی نەتەوەییمان بە هەلومەرجێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پڕ لە دەرفەت و تەحەدییاتدا تێدەپەڕێ و، دووڕێیانی ستراتیژی و چارەنووس لە رێیدایە. ئەمەش لە هەموومان دەخوازێ گوتاری سیاسی و پەیوەندییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و عێراقییەکانمان لەبەر رۆشنایی رادەی دوور و نزیکی ئەو ناوەندانە لە سەربەخۆییمان دابڕێژینەوە و رێک بخەینەوە.

دۆخی بەردەوام گۆڕاوی ناوچەکە لێمان دەخوازێ، گوتاری هاوبەش و ئامانجی هاوبەش و هەنگاوی کردەنی هاوبەشمان هەبێ بۆ ئەوەی دەرفەتەکان بچەسپێنین و بەهێزیان بکەین، مەترسی و تەحەدییەکانیش دوور بخەینەوە.

گەلی دلێری کوردستان…
پێشمەرگە قارەمانەکان…
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان…
گەرچی داعشمان تێکشکاند و خاکی نیشتمانە ئازیزەکەمان ئازاد کرد، بەڵام تا ئەو کاتەی مەیلی دیکتاتۆری و قۆرخکردنی دەسەڵات و سامان و توندڕۆیی مەزهەبی و تائیفی و هەوڵی پاوانخوازی و هەژموونگەرایی لە ناوچەکە بە گشتی و لەسەر سنوورەکانی کوردستان بەتایبەتی بمێنن، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە رەنگ و بەرگی تردا دەمێنێ. بۆیە پێویستە هەمیشە لە ئامادەباشیی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا بین بۆ رووبەڕووبوونەوە و پاراستنی خاک و گەل و دەستکەوت و سەقامگیری و بەهاکانمان. ئەمەش تەنیا لە قەوارەی سەربەخۆماندا دێتە دی.

سەرەڕای هەنگاوی ئەرێنیمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بەتایبەتیش بۆ رەوانەکردنی بودجەی چەند ساڵەی هەرێم و، ناردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و شایستە دارایی و سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە و پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەی 140 و رێککەوتنەکانی نێوانمان سەبارەت بە نەوت و گاز، بەڵام تاکو ئێستا هیچی ئەوتۆمان لە بەغداوە نەبینیوە کە کەمترین تروسکاییان تێدا بێ . بۆیە جگە لە سەربەخۆیی بژاردەیەکی ترمان بۆ مانەوە لەناو دەوڵەتی عێراقدا نەماوە و هەنگاوی داهاتوومان ئەوەیە کە بە دیالۆگ و وتووێژی دۆستانە بنەماکانی دوو دراوسێی باش دابڕێژین. لەمەیشدا پێویستە دەرفەتێک بۆ داخ لە دڵان نەهێڵینەوە کە ئیدیعای ئەوە بکەن حزبەکانی کوردستان دوو قسە و چەند بەرەن و کورد جیابوونەوەی لە بەغدا ناوێ.

پێویستە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و وەفامان بۆ شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانکردن و رێبوارانی رێی ئازادی و رۆڵە نەبەردەکانمان لە شۆڕش و بزووتنەوەی نیشتیمانیماندا، بخەینە سەرووی عەقلییەتی تەسکی حزبایەتی و دەستکەوتی کاتی و کۆنەقین و، هەموومان لە دەوری ئیرادەی راستەقینەی گەلەکەمان کۆ بینەوە کە لە 2717 ساڵی رابردوودا ئازادیخواز بووە و ئێستایش هەر ئەوەیە ئیرادەی راستەقینەمان.

جارێكی دیكه‌ ساڵی نوێ و نەورۆزتان لێ پیرۆز دەکەین و سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی گەلەکەمان دادەنەوێنین و لە ئاستی قوربانی ئەوان و خۆڕاگری خانەوادەکانیان، خۆمان بە قەرزار دەزانین و تەنیا سەربەخۆییی کوردستان دیاری و پادداشتی شایستەی ئەوانە.

هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی گەرم و تایبەتمان بۆ جەماوەری خۆڕاگر و نیشتیمانپەروەری دڵی کوردستان، کەرکووکی سەربەرز دەنێرین، کە سەرکەوتنی راپەڕین و ئازادی ئه‌و شاره‌ گرینگ و مێژووییه‌ی كوردستان لە(21ی ئاداری 1991)دا هاوکات بوو لەگەڵ سەری ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆزمان. دووپاتیشی دەکەینەوە کە کەرکووک کوردستانییە و سەربەخۆییی کوردستانیش بە سەربەخۆییی کەرکووکەوە گەشاوە و بەهادارە و، خەباتیشمان لەو پێناوەدا درێژەپێدەری ستراتیژی بارزانیی نەمرە و هەرگیزاو هەرگیز کوردستانێتیی کەرکووک بابەتی سازش و دەستلێهەڵگرتن نییە.

ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان سەرکەوتووە..
ئاڵای كوردستان هەر شەکاوەیە...

مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
20ی ئاداری 2017