Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی بۆ خه‌ڵكی كوردستان: هه‌وڵی ستاندنه‌وه‌ی بڕوابه‌خۆبوونتان پاشكۆیی ده‌چه‌سپێنێ؛ خۆڕاگریتان بەرهەمی دەبێت

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردییه‌وه‌، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە خەڵكی كوردستان ده‌كات، ئومێدیان بەهێز بێت، چونكە خۆڕاگرییەكەیان بەرهەمی دەبێت. هاوكات داوا ده‌كات لە بەرانبەر هەر هەوڵ و دەنگێكدا خۆڕاگر بن كە بیەوێ بڕوابەخۆبوونیان لێ بستێنێتەوە و پاشكۆیی بچەسپێنێت.


ده‌قی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هەموو كوردانى ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان دەكەم. هیوای ساڵێكی خۆش و پڕ لە بەرەكەت و بەختەوەری بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

مانگى ئازار مانگى سەركەوتن و خۆشی و ئێش و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئازار و نەورۆز بۆ گەلەكەمان هێمای تێكشكاندنی زوڵم و دەركەوتنی ڕووناكی و ژیانەوە دەدات و، ئەوەیش بەو مانایە دێت كە قوربانیدان و خەبات ئەنجام و بەرهەمی دەبێت.

خۆڕاگری و قوربانیدانی بێ هەژماری گەلی كوردستان لە قۆناغە سەختەكانی خەباتدا، هەر لە بەرگریكردن لە مان و ناسنامەییەوە بگرە هەتا تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دەبێ ئەنجامی هەبێت و، پێویستە ئەو خەبات و دەستكەوتانە یەك هەنگاویش بەرەو پاشەوە نەڕوات و، دەبێ گەلی كوردستان بگاتە سەروەریی خۆی و خاوەن بڕیار و چارەنووس و ژیانی خۆی بێت. هەر ئەوەیشە باشترین وەڵام و باڵاترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل.

ئەو قوربانییەی گەلی كوردستان داویەتی و ئەو فەرهەنگە بەرزەی لە پێكەوەژیان و لێبوردەییدا هەیەتی و ئەو قارەمانێتییەی پێشمەرگە تۆماری كردووە، لە چاوی جیهانیاندا شاراوە نییە و، ئێستا جیهان شانازی بە گەلی كوردستان و پێشمەرگە دەكات.

لەم بۆنەیەدا داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم، ئومێدیان بەهێز بێت، چونكە بە دڵنیاییەوە خۆڕاگرییەكەیان بەرهەمی دەبێت. داوا دەكەم لە بەرانبەر هەر هەوڵ و دەنگێكدا خۆڕاگر بن كە بیەوێ بڕوابەخۆبوونیان لێ بستێنێتەوە و پاشكۆیی بچەسپێنێت. نەورۆز لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان پیرۆز دەكەم.

هەر لە خۆشیدا بن.

مه‌سعوود بارزانی

20ـی 3ـی 2017