Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شێخ جەعفەر: ناونووسکردنی کورد بۆ حەشدی شەعبی لە خیانەت گەورەترە

هەولێر-KDP.info-   (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) دەڵێ، هەركوردێك مسقاڵیك هۆشی هەبێت، بەهیچ بیانووێك ڕوو لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبی ناكات.. دەشڵێت، ئەگەر ئەم ناونووسكردنە بۆ مەسەلەی سیاسی و كاركردن لەدژی كورد بەكار بهێندریت، ئەوا دەكەوێتە خانەی خیانەت و لە خیانەتێش گەورەترە.

(شێخ جەعفەر  مستەفا)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەم قەیرانە ئابوورییەی ئەمڕۆ ڕووی لە هەرێم كردووە و نەبوونی كار، بووەتە هەلێك تا حەشدی شەعبی بیقۆزێتەوە و گەنجانی كورد ببەنە نێو ڕیزەكانیانەوە، ئەوانەشی تا ئێستا پێوەندییان بە حەشدەوە كردووە، هەستی نەتەوایەتییان لاوازە و وەدوای پارە كەوتوون. بەڵام پێویستە دوژمنان ئەم ڕاستییە بزانن، بەدرێژاییی مێژوو هەركاتێك هەڕەشەیەك بۆ سەر كوردستان گەورە بووبێتەوە، كورد بەگشتی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و ڕیزەكانی دوژمن چۆڵ كراوە.''

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕوونی كردەوە: ''پەلكێشكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشد پیلانە، چونكە ڕكابەرییەكی سیاسیی زۆر گەورە لە عێراقدا هەیە و، چەندین جۆر حەشدی شەعبی هەیە. بەشێكی سەر بە مەرجەعییەت و وەزارەتی دیفاعە، هەشیانە سەر بە لایەن و گرووپی ترن. كە هەریەكەی بیر و باوەڕ و پلانێكی هەیە و جێبەجێی دەكات، بەڵام هەموویان لە ئاست كورد و دەستكەوتەكانی كورد كۆدەنگن."

جەختیشی كردەوە: "ئەگەر ئەم ناونووسكردنە بۆ مەسەلەی سیاسی و كاركردن لە دژی كورد بەكار بهێندریت، ئەوا دەكەوێتە خانەی خیانەت و لە خیانەتێش گەورەترە. خۆ هەركوردێك مسقاڵیك هۆشی هەبێت، بە هیچ بیانووێك ڕوو لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبی ناكات."

سەرباز واحد