Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی مەخموور: په‌كه‌كه‌ هێدی ھێدی کەمپه‌كه‌ی مەخمووریان کرد بە کەمپێکی سەربازی


مەخموور-KDP.info-  قایمقامی قەزای مەخموور ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، په‌كه‌كه‌ دەستی بەسەر کەمپی مەخمووردا گرتووە و ڕێ نادات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاریی بگەیەننە کەمپه‌كه‌ و دەڵێ، چەندین جارە داوای ڕادەستکردنی کەمپی مەخموور دەکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن حکوومەتی ھەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئیدارەی بکرێت، کەچی پەکەکە ڕازی نییە.

(ڕزگار محەممەد) قایمقامی قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کەمپی ئاوارەکانی باکووری کوردستان لە مەخموور پێش ھاتنی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شارۆچکەی مەخموور، لەلایەن تیمێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ھێزەکانی پۆلیس ئیدارەکەی بەڕێوە دەبرا، بەڵام دوای ئەوەی شەڕ گەیشتە ناوچەکە، مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکە ھاتنە نێو کەمپی مەخموور و ئەنجوومەنێکیان بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە پێک ھێنا و، ھێدی ھێدی کەمپی مەخمووریان لە کەمپێکی سڤیلەوە کرد بە کەمپێکی سەربازی، دوای ئەوەی شەڕ لە ناوچەکە دوور کەوتەوە، ماوەی ساڵ و نیوێک دەبێت، ئێمە، وەک حکوومەت دانوستان لەگەڵ ئەنجوومەنی کەمپی مەخموور دەکەین، بۆ ئەوەی ئیدارەدانی کەمپەکە بکەوێتە دەست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌، بەڵام پەکەکە بە ھیچ شێوەیەک ڕازی نییە، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە، چونکە کەمپەکە بۆ خەڵکی سڤیل دامەزراوە و پێویستە حکوومەت سەرپەرشتیی بکات، بەداخەوە، دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەنجوومەنی کەمپی مەخموور ئەنجامی نەبووە.''

قایمقامی مەخموور  گوتی: ''خەڵکی قەزای مەخموور دڵگرانن لەوەی کە پەکەکە دەستی بەسەر کەمپی مەخمووردا گرتووە و ژمارەیەکی بەرچاو چەکداریان ھێناوەتە نێو کەمپەکە و، چەندین ڕەبایەی سەربازییان لەسەر چیای قەرەچۆخ لێداوە و لە دەوری کەمپەکە سەنگەریان بەستووە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، وەک حکوومەتی خۆجێیی مەخموور، پەکەکە ژمارەیەک چەکداری ھێناوەتە نێو کەمپی مەخموور، کە خەڵکی کەمپەکە نین و لە دەرەوە ھێناویانن، ئێستایش وەک قایمقام و لیژنەی ئەمنیی مەخموور داوامان لە (پەکەکە) کردووە، کەمپی مەخموور ڕادەستی حکوومەت و لایەنی پێوەندیدار بکرێتەوە و چیی دیکە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە دۆرپێچ نەکرێت.''

(رزگار محەممەد) ئاشكرایشی كرد، بەھۆی دەستبەسەرداگرتنی کەمپی مەخمووره‌وه‌، پەکەکە نه‌ك هه‌ر ڕێ بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نادات، به‌ڵكه‌ ڕێ به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان نادات بچنە نێو کەمپەکەوه‌؛ ئه‌وان بوونەتە ھۆی ڕێگریکردن لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی کەمپەکە و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە بیانییەکانیش بەھۆی ھەبوونی چەکداری پەکەکەوە ئامادە نین، وەک پێشتر ھاوکاری بگەیەننە کەمپی مەخموور، واتە ئەوەی پەکەکە لە کەمپی مەخموور دەیکات، دژی خەڵکی نێو کەمپەکە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە حکوومەت لە مەخموور ھەموو کارێک دەکات و ئامادەیە بە شێوەیەکی زۆرباش ھاوکاری بگەیەنێتە کەمپەکە، بەڵام پەکەکە ڕێ لەو ھاوکارییانە دەگرێت.''

قائید میرۆ