Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێزدی داوایان له‌ سه‌رۆك بارزانییه‌، كێشەكانیان بۆ چاره‌ بكات و لە پیلانی ناحەزان بیانپارێزێ

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ میری ئێزدییان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ڕۆحانیی ئێزدییان، (سه‌رۆك بارزانی) دووپات كردەوە كە عیبادەت و دینداریی ئێزدییان بە زمانی كوردییە و ئێزدی كوردی ڕەسەنن و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە هیچ پێناسەیەك بەسەر ئێزدییاندا بسەپێنێت. ئێزدییه‌كانیش رایانگه‌یاند، (سەرۆك بارزانی) پشتیوانی ئێزدییان بووە، لە ئاییندەیشدا چاویان لەوەیە پشتیوانیان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و پاراستنیان لە پیلانی ناحەزان.

 

ڕۆژی هەینی 17ـی 3ـی 2017، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (میرتەحسین) میری ئێزدییان و (بابێ شێخ) و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدی كرد و لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخ و گرفت و كێشەكانی دەڤەری شنگال و هەروەها دواڕۆژی ئێزیدیان كرا.
لە دوای ئەم دیدارەدا، (سەرۆك بارزانی) بە ئامادەبوونی (میرتەحسین) میری ئێزدییان و (بابێ شێخ) و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدی، لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕۆشنبیری و ئیداری و سەربازیی ئێزدییەكانی شنگال و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كۆ بووه‌وە.
لە دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستەسەر ئەو كارەسات و نەهامەتییەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و، كارەساتی شنگالیشی بە ئەڵقەیەك لە زنجیرەی ئەو كارەساتانە لە قەڵەمدا كە دوژمن لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئێزدییەكان بە درێژاییی مێژوو تووشی زوڵم و ئینكار هاتوونە و ئەو زوڵمەیش بەهۆی پێناسەی ئایینی و نەتەوەییی ئێزدییانه‌وه‌ بووە. ئەوەیشی دووپات كردەوە كە عیبادەت و دینداریی ئێزدییان بە زمانی كوردییە و ئێزدی كوردی ڕەسەنن و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە هیچ پێناسەیەك بەسەر ئێزدییاندا بسەپێنێت.

 

(سەرۆك بارزانی) ئێش و ئازاری ئێزیدییەكانی بە ئێش و ئازاری هەموو گەلی كوردستان زانی، هەربۆیەش پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال و ڕێگاكانی سەدان شەهیدی بەخشی. (سەرۆك بارزانی) هێمایشی بەوەدا كە پێشمەرگە قارەمانانە تۆڵەی لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و، ئێستا تیرۆریستانی زاڵم كەوتوونەتە ژێر پێی ئێزدییانه‌وه‌ و لە ئاییندەدا هەموو ئەو ناوچە و گوندانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد دەكرێن، پێویستیشە ڕێوشوێنی وا بگیرێتەبەر كە چیتر كارەسات لە دژی ئێزدییان دووبارە نەبێتەوە و بپارێزرێن.

لەدرێژەی وتەكەیدا، (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستەسەر ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی خەڵك و بە پارێزگاكردنی شنگال و ئاماژەی بەوەدا كە هەموو هەوڵەكانی خستووەتەڕوو، كە لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان و بووژانەوە بۆ دەڤەری شنگال بكرێت و، خەڵكی ناوچەكە بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.
سەبارەت بە بوونی هێزی تر لەم دەڤەرە، (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستەڕوو كە هەتا دامودەزگای ڕەسمیی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگالدا هەیە، ناكرێ هێزی تر هەبێ كە ڕێگە لە ئاوەدانكردنەوە و چالاكییەكانی دامودەزگای حكوومی و جموجۆڵی پێشمەرگە بگرێت. پەیوەست بەم باسەوە، (سەرۆك بارزانی) بۆچوونی وڵاتان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییشی لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال شیی كردەوە كە لەسەر ئەم بڕوایەن هەتا هێزی نایاسایی لەم دەڤەرەدا مابێ ئامادە نین یارمەتیی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بدەن.

 

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان سوپاسی خەمخۆری و هەوڵ و ماندووبوونی (سەرۆك بارزانی)یان كرد لە بەجێگەیاندنی بەڵێنی ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال و، داوایشیان كرد هەروەكچۆن لە قۆناغی نووسینەوەی دەستووری عێراق و قۆناغەكانی تر و تێكشكاندنی تیرۆریستان، (سەرۆك بارزانی) پشتیوانی ئێزدییان بووە، لە ئاییندەیشدا چاویان لەوەیە پشتیوانیان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و پاراستنیان لە پیلانی ناحەزان.

 

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە ئامادەبووان لەبارەی كێشەكانی دەڤەری شنگال و باشیك و ڕەوشی ئێزدییان لە كوردستان و بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی شنگال و ئازادكردنی ئەو ئێزدییانەی هێشتا لەژێر دەستی داعشدان، تێبینی و پێشنیازی خۆیان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و داواكاری و پێویستییەكانی خوشك و برا ئێزییدییەكان، میری ئێزدییان و (بابێ شێخ) و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان یادداشتنامەیەكیان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد.