Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەمڕۆ تیمێکی هاوبەشی ڕژێمی سووریا و پەکەکە لێپێچینەوەیان لە ئەندامانی ئەنەکەسە کرد"

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  پێوەندیی هەواڵگریی نێوان ڕژێمی سووریا و (پەکەکە) لە ڕۆژئاوای کوردستان شێوەیەکی ئاشکرای وەرگرتووە و، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە عاموودا، ئەمڕۆ کۆمەڵێک گەنجی (ئەنەکەسە) بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت کراون و کە چوونەتە ئەوێ، دیتوویانە (پەکەکە) و ڕژێمی سووریا بە لۆگۆی ڕژێم و بە هاوبەشی لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن.

(پەکەکە) وەک دەرکەوتەیەکی تۆتالیتاریی دەستی ڕژێمی سووریا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەئاشکرا دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پیلانی ئەمنیی ڕژێم و بۆ ئەو مەبەستەش وەک چاودێرانی سیاسی باسی لێوە دەکەن، ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر لەنێوان (پەکەکە) و ڕژێمی سووریادا هەیە و ئێستا بواری هەواڵگرییان زیاتر لەسەر ئەو ناوچانە چڕ کردووەتەوە، کە چالاکیی (ئەنەکەسە)ی لێیە.

بەگوێرەی زانیاریی چاودێرانی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان، هەماهەنگیی نێوان (پەکەکە) و ڕژێمی سووریا لە حەسەکە و عاموودا و قامیشلۆ شێوەیەکی ئاشکرای هەیە و ڕژێمی سووریا لەگشت دەروازەکاندا کەسانی ئەمنیی خۆی داناوە و هەرکەسێکیش (پەکەکە) دەستگیری کردبێت، ئەندامانی ئەمنیی ڕژێمی سووریا لێی دەکۆڵنەوە و بەئاشکرا بە ئاڕم و لۆگۆی ئەمنیی سووریاوە دەچنە ژووری لێکۆڵینەوەوە.

بەگوێرەی زانیاریی چاودێران، ڕژێمی سووریا وێڕای دانانی بازگەی ئەمنی، ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری ئەمنیشی لەگەڵ (پەکەکە)دا هەیە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەبێ ڕژێم بە گشت جموجووڵێکی ناوچەکە بزانێت. ئێستاش کۆمەڵێک گەنجی ڕۆژئاوای کوردستان کە سەر بە (ئەنەکەسە)ن و (پەکەکە) دەستگیری کردوون، لەلایەن ڕژێمی سووریا و (پەکەکە)وە بە هاوبەشی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

(عیمادەددین عەلی)، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێی عاموودای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا  زانیارییەکانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتڕاست کردەوە و گوتی: ''ئەمڕۆ، کاتێ لەلایەن ئاسایشی عامودای (پەکەکە)وە بانگهێشت کراین، بینیمان ئەو لیژنەیەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکردین، هەواڵگریی ڕژێمی سووریا بوون.''

(عیمادەددین عەلی) ئاشکرای کرد: ''کە چووینە بارەگای ئاسایشی (پەکەکە)، چەند کەسێک لەوێ وەک لێژنەی لێکۆڵینەوە دانرابوون، بەشێکیان بە عەرەبی قسەیان دەکرد و لۆگۆ و ئاڕمی دەزگای ئەمنییەتیی حکوومەتی سووریایان پێوە بوو، هەندێک پرسیاریان لێ کردین، لەسەر تەقینەوەکەی بارەگای (ئەنەکەسە) و دەیانویست ئاراستەی دۆسیەکە بەجۆرێک بگۆڕن، کە خۆیانی لێ بێبەری بکەن.''

(عیمادەددین عەلی) گوتیشی: ''ئەوان زۆر باسی پێشمەرگەی ڕۆژیان دەکرد و پیلانێکیشیان هەیە، نامەی هەڕەشە دەنێرن بۆ هەرماڵێک کە کوڕ یان کچێکیان لە ڕیزی پێشمەرگەی ڕۆژدا بێت و هەڕەشەیان لێ دەکەن بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەریان و کوڕ و کچەکانیان لە ڕیزی پێشمەرگەی ڕۆژ بکشێننەوە.''

کارزان سەباح هەورامی