Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ستاندەر دەمێک بوو دەبوایە بخرێتە ژێر لێپێچینەوەی یاسایی

بەختیار جاف

کۆمەڵێک خەڵک لەسەر ستاندەر نامەیەکیان ئیمزا کردووە، گوایە پشتیوانیی لەو دەزگایە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان نەیانهێشتووە سیمینارێک ساز بکات و دەزگاکەیان داخستووە، جارێ پێش هەموو شتێک ستاندەر بریتییە لە سایت و لە پێشیشدا هەفتەنامەیەکی توندڕۆی پاشکەوتووی لایەنگری نابەرابەری کۆمەڵایەتی دژی ئافرەتان و دژی پیشكەوتنی کۆمەڵایەتی و سەنگەری توندڕۆیی ئیسلامی بووە.

لەهەمانکاتدا ئەو سایتە سەنگەرێکی بەردەوامی دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بەدناوی و بڕو بیانووو  بوختان بووە و، لە کوێیش شتێک دژی کوردستان گوترابێت دووبارەی کردووه‌تەوە، جیالەوەش بەبێ سەرچاوە بیروڕای جیاجیا و قسەی جیاجیا لە دژی بەرژەوەندیی وڵات و ئاسایشی وڵات و، هەندێکجاریش لە دژی کەسایەتییە سیاسییەکان و حزبەکانیش بڵاو دەکاتەوە، لە ڕووی یاساییەوە دەبوایە ئێستا بەهۆی هەموو ئەوانەوە ستاندەر دەمێک بێ بخرێتە ژێر لێپێچینەوەی یاساییەوە و، ئێستا خاوەنی ستاندەر بەدوای مافی یاساییی خۆی بكەوتایە.

ئەوەی کە جێی تێبینییە، لە سلێمانی، کۆمەڵێک خەڵکی کە بەردەوام ستاندەرئاسا ناهەقی دەڵێنەوە و بڕوبوختان دەکەن و هستریای ڕاگەیاندنیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە، ئەوانە نامەیەکیان نووسیوە کە بەرگری لە هاوپیشەکەیان دەکەن کە ستاندەرە، ئەوانە ڕاهاتوون کە هەمیشە پشتیوانیی خەڵکی تێکدەر بن بەو شێوەیە:
1-کێ لە دژی سەربەخۆییی دامودەزگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بجووڵێنێ، ئەوانە لە سلێمانییەوە پشتیوانی دەکەن.
2-ئەوانە هەمیشە هەوڵ دەدەن وەکو قاز بقیڕێنن، گوایە هاودەنگی دەکەن و گوشار دەخەنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
3-کێ لە دژی ئارامی و ئاسایشی کوردستان کار بکات و هەنگاو بنێ و پڕوپاگەندە بڵاو بکاتەوە، دیسان ئەوانەی کە ئێستا ئەو نامەیەیان ئیمزا کردووە پشتیوانی لێ دەکەن.

جابۆیە لە وەڵامی ئەوانەدا دەڵێین، ستاندەر چەند قیمەتی هەیە، قسە و ڕای ئەو پەلاماردەرانەشی بەناو ڕاگەندنکار و یان ناویان لە خۆیان ناوە ڕۆشنبیر لە سلێمانی، کە لە ڕاستیدا نە ڕاگەندنکار و نە ڕۆشنبیرن، هەرهێندە قیمەتەیان هەیە و جێگا دەگرێ.